ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس، ئه‌مینداری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان

ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس، ئه‌مینداری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌ستخۆشی ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی بۆ خولی نوێی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرد، كه‌ دوێنێ به‌ڕێوه‌چوو و داواشی له‌ لایه‌نه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن كرد، پابه‌ند بن به‌ دیاریكردنی واده‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتوو.

ستیڤان دۆجاریك، گوته‌بێژی فه‌رمیی ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا گوتی: “گۆتێرێس ده‌ستخۆشی له‌ ئافره‌تان و پیاوانی عێراق ده‌كات، كه‌ له‌ 10 تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ر نه‌خشه‌ی بیستنی ده‌نگی خۆیان له‌ رێگه‌ی سندووقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه‌ داڕشت”.
هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه‌، “ده‌ستخۆشی هه‌وڵه‌ چڕه‌كانی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ هه‌ڵبژاردن و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ده‌كه‌ین، كه‌ توانییان تا ئاستێكی به‌رز هه‌ڵبژاردنێكی په‌رله‌مانیی پێشوه‌خته‌ و ئاشتیانه به‌ڕێوه‌ ببه‌ن، كه‌ داواكاری گه‌لی عێراق بوو وه‌ك هه‌وڵێك بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی و ده‌سته‌به‌ركردنی ئاینده‌یه‌كی باشتر”.
ئه‌مینداری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان داواشی له‌ سه‌رجه‌م كاندیدان و لایه‌نه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن كرد، “پابه‌ندی ئارامی و رێزگرتن بن به‌ خشته‌ی كاتیی هه‌ڵبژاردن و هه‌وڵه‌كانیان له‌و پێناوه‌دا چڕ بكه‌نه‌وه، كه‌ له‌ زووترین كاتدا حكومه‌تی داهاتوو پێكبهێنرێت”.
ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس دووپاتیكرده‌وه‌، “نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ ته‌واوی پابه‌ند ده‌بێت به‌ پشتیوانی و هاوكاریكردنی حكومه‌ت و گه‌لی عێراق”.