لە پاکسازی دۆسیەی فەرمانبەران ملیار و نیوێكی مانگانه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی حکوومەت گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له ‌چوارچێوه‌ی كارنامه‌كه‌یدا، ڕووبه‌ڕووی گه‌نده‌ڵی بووه‌ته‌وه‌ و ده‌ستی داوه‌ته‌ چاكسازی له‌ وه‌زاره‌ت و ده‌ستگه‌ و فه‌رمانگه‌كانی، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ خه‌رجییه‌كان به‌ ڕێژه‌ه‌كی به‌رچاو كه‌م كراونه‌ته‌وه‌ و داهاتی ناوخۆش به‌ نزیك دوو ئه‌وه‌نده‌ به‌رز كراوه‌ته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك ته‌نیا له‌ ماوه‌ی پێنج مانگی ته‌مه‌نی كابینه‌ی نۆدا، داهاتی ناوخۆ له‌ ١٤٠ ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكییه‌وه‌ بۆ ٢٤٤ ملیۆن دۆلار به‌رز كراوه‌ته‌وه‌.

به‌پێی داتاكانی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ١٠ ی ته‌مووزی ٢٠١٩، تا كۆتایی مانگی ئایاری ٢٠٢٠،دووباره‌ هه‌یكه‌لیه‌تی وه‌زاره‌ته‌كان ڕێك خراوه‌ته‌وه‌ و پێداچوونه‌وه‌ به‌ سه‌رجه‌م ڕێنمایی وه‌زاره‌ته‌كاندا كراوه‌ و وردبینیی به‌ دۆسییه‌ی هه‌موو فه‌رمانبه‌رانی حكوومه‌ت كراوه‌ته‌وه‌ و به‌هۆیانه‌وه‌ ملیارێك و ٤٠٣ ملیۆن و ٨٥٢ هه‌زار و ٩٨٧ دیناری مانگانه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گه‌ڕاندراوه‌ته‌وه‌.
به‌پێی داتاكه‌ بێت، له‌ وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراواندا، مینحه‌ی ١٣ هه‌زار و ٢٨٢ به‌خێوكه‌ر هه‌ڵوه‌شێندراوه‌ته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ مانگانه‌ ٩٩٦ ملیۆن و ١٥٠ هه‌زار دیناری عێراقی بۆ خه‌زێنه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌، له‌ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوانیشدا، پێداچوونه‌وه‌ به‌ دۆسیه‌ی حه‌وت هه‌زار و ٣٩ فه‌رمانبه‌ر كراوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ١٧١ ملیۆن و ٢٥٠ هه‌زار دیناری عێراقی بۆ خه‌زێنه‌ی گشتی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.
هاوكات له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینیشدا، پێداچوونه‌وه‌ به‌ دۆسیه‌ی ١٢ هه‌زار و ٢١٠ فه‌رمانبه‌ری ئه‌و وه‌زاره‌ته‌دا كراوه‌ و به‌ هۆیه‌وه‌ ١٢ ملیۆن و ٦٤٨ دیناری عێراقی گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌، له‌ وه‌زاره‌تی كاره‌باشدا پێداچوونه‌وه‌ی به‌ دۆسیه‌ی ١٤ هه‌زار و ٤٧٥ فه‌رمانبه‌ر كراوه‌ و ده‌ركه‌وتووه‌ ٢٣٤ فه‌رمانبه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی نایاسایی پله‌ و پایه‌یان به‌رز كراوه‌ته‌وه‌ و مووچه‌یان بۆ به‌رز كراوه‌ته‌وه‌ و به‌ بڕیار ئه‌وه‌ نه‌هێڵدراوه‌.
هه‌ر له‌ پێداچوونه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی حكوومه‌ت، له‌ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندندا، پێداچوونه‌وه‌ به‌ دۆسیه‌ی پێنج هه‌زار و ١٢٢ فه‌رمانبه‌ر كراوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ٥٠ ملیۆن و ٧٤٨ هه‌زار و ٧٥٠ دیناری عێراقی بۆ خه‌زێنه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێی كوردستان گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌، له‌ وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردندا، له‌ چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ فایلی فه‌رمانبه‌رانی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌، له‌ فایلی ٣٤٣ فه‌رمانبه‌ردا، ٤١ ملیۆن دیناری عێراقی مانگانه‌ گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌ خه‌زێنه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌شدا له‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ دۆسیه‌ی مامۆستا و فه‌رمانبه‌ری ئه‌و وه‌زاره‌ته‌دا، ١٣٢ ملیۆن و ٥٦ هه‌زار و ٢٣٧ دیناری مانگانه‌ گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌ خه‌زێنه‌ی حكوومه‌ته‌وه‌.
هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی كاره‌كانی چاكسازیدا، حكوومه‌تی هه‌رێم ئه‌ژمێری بانكی بۆ ٤٦٠ هه‌زار فه‌رمانبه‌ر له‌ بانكه‌كان كردووه‌ته‌وه‌ و ڕۆتین كه‌م كراوه‌ته‌وه‌ و ڕاپه‌ڕاندنی كاروباری هاووڵاتیان خێراتر كراوه‌.
له‌ماوه‌ی ئه‌و دوو ساڵه‌ی ڕابردوودا، چاكسازی له‌بواری باج (كۆمپانیاكانی وزه‌ و گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و هتد…)، كراوه‌ و پابه‌ندكراون به‌ پێدانی شایسته‌ داراییه‌كان و بڕی پاره‌ی باج و سزای دواكه‌وتن و قه‌رزه‌كانیان.
هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا، كۆنتڕۆڵكردنی كاروباری ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و ڕێكخستنه‌وه‌ و پێداچوونه‌وه‌ به‌ گرێبه‌سته‌كانیان كراوه‌ و دیارده‌ی قاچاغچێتیش نه‌هێڵدراوه‌.
سندوقی خانه‌نشینی فه‌رمانبه‌رانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دامه‌زرێندراوه‌ و دۆسیه‌كانی شه‌هیدان و كۆچكردوو و خانه‌نشینان و په‌ككه‌وته‌ی سه‌نگه‌ر، بۆسه‌ر وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری گواستراوه‌ته‌وه‌.
هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی چاكسازییه‌كه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێی كوردستاندا، یه‌كه‌كانی ژمێریاریی هێزه‌كانی ٧٠ و ٨٠ له‌ یه‌كه‌ی ژمێریاری یه‌ك خراوه‌ته‌وه‌ و په‌یڕه‌وی ڕێكخستنه‌وه‌ی پاسه‌وانی ئاماده‌ كراوه‌.
هاوكات پێداچوونه‌وه‌ به‌ خانه‌نشینی پله‌ باڵاكان كراوه‌ و سیسته‌مێكی ئه‌لیكترۆنی به‌ مه‌به‌ستی دروستكردنی دۆسیه‌ی ئه‌لیكترۆنی بۆ گشت خانه‌نشینان داندراوه‌.
له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ش سه‌رجه‌م مووچه‌ و منحه‌ و شایسته‌داراییه‌كان به‌ سیسته‌می بایۆمه‌تری گرێ دراوه‌ و قه‌رزه‌ بازرگانی و حكوومییه‌كان وه‌رگیراونه‌ته‌وه‌ و سیسته‌می نوێی ئۆنلاین تایبه‌ت به‌ خه‌رجییه‌كان داندراوه‌، هه‌ر له‌ماوه‌ی ئه‌و دوو ساڵه‌ی ڕابردوودا، بودجه‌ی به‌كاربردن بۆ نزمترین ئاست كه‌م كراوه‌ته‌وه.
جیا له‌ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌ تێچووی سه‌دان ترلیۆن دیناری عێرقی له‌ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر به‌ ١٠ ڕاپۆرت و به‌ ژماره‌ و داتا بڵاوی كردنه‌وه‌، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕشتانه‌ ڕووبه‌ڕوی گه‌نده‌ڵی بووه‌ته‌وه‌ و ده‌ستی داوه‌ته‌ چاكسازی له‌ هه‌موو وه‌زاره‌ت و سێكته‌ره‌كان، تا چه‌نه‌كانی دی به‌ ڕاستی له‌سه‌ر بناغه‌ی حكوومه‌تداری كوردستان هه‌ڵبچندرێت.