بەم حاڵەوە نابیتەوە سەرکۆمار


هەولێر


لە ٢٠١٨وە خۆی بە داروبەرد هەڵشاخا و سڵی لە هیچ نەکردەوە، بۆ ئەوەی بە دەنگی نەیارانی کورد بکرێتە سەرکۆمار، لەناو کوردا کەس بە قەد بەڕێز بەرهەم ساڵح هەم شەڕی دەستەویەخە و هەمیش تەنازولی بۆ گەیشتن بە پۆست لە بەغدا نەکردووە، بەڕاستی ئەمە مۆدیلێکی نوێیە لەناو کورددا؛ ئێستایش بەم حاڵەوە چۆن دەبێتەوە سەرکۆمار؟ ئاخر جێی ڕەزامەندیی پارتی نەبی، زۆرینەی یەکێتیش لە دڵەوە ناڕازی بن، هیچ حزبێکی کوردستانیش بە ڕوونی بەڵێی بۆ نەدابی، ئیدی ئەو هەموو پەلەقاژێ و دەستبردن بۆ هەموو لایەنێکی یار و نەیار لە پای چییە؟
لەم چەند ساڵەی لە بەغدا بووە، چی بۆ کورد کردووە؟ ئەی پێش ئەوە چی کردبوو؟ تاکە جارێکیش پارێزەری دەستوور نەبووە، لە ئاست ناهەقییەکانی بەرامبەر کورد و پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانیان، نەک دەنگی لێوە نەهاتوە، لەوەش مەترسیدارتر خۆی لە پشت زۆربەی هەڕەشە و پیلانگێڕی و بڕیارە سیاسییاکانی دژی هەرێمی کوردستان بووە، لە سەردەمی سەرکۆماریەتیی ساڵحدا تەعریب زیادی کرد، هەوڵی داگیرگردنی عەردی کوردان چڕتر بووە، ڕێککەوتنی شنگال پەکی خرا، شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان هەر نەمان.
بۆ یەکجاریش سەردانی کەرکووک و خانەقین و شنگال و مەخمووری نەکرد، لەسەر بابەتی پێشمەرگە و بوودجە قسەیەکی خێری لێ نەبیستراوە، ئێستایش لەو هەموو پیلانگێڕییەی دژی هەرێمی کوردستان دەکرێ، کوا هەڵوێستێک؟ ئەی ئیشی سەرکۆماری کوردزوبان چییە؟ کەواتە ئەگەری هەیە، کە خۆی بەشێک بێت لەو موئامەرانەی لە دژی کوردستان دەکرێن.
کەسێک ببێتە خاڵی ناکۆکی ناوماڵی کورد و ئۆباڵی لێکترازانی ڕیزەکانی کوردستانی لە بەغدا، هیچ سەفقەیەکی سیاسی بە دۆڕاوی ناوخۆیی بێت، یان سپۆنسەری دەرەکی جارێکی دی نابێتەوە سەرکۆمار، ئیتر پێویست بەم هەموو عینادی و خۆهەڵواسینە، بە چڵەپووشەکان ناکات!
با یەک لاپەڕە کارنامەی ئەو ساڵەی خۆی بۆ کورد بخاتە ڕوو، لاپەڕەیەک نا، هەڵوێستێک، نەخێر لێدوانێک. ئەرێ باشە بەڕاستی، لەو شوێنە هەستیارەدا هیچت بۆ میللەتەکەت نەکردبێ جگە لە دژایەتی و دوژمنایەتی، دەتەوێ دیسان لەوێ دانرێیتەوە؟

ھەواڵی زیاتر