فازڵ میرانی
هەر ئەوەی کە کچ بیت، پسپۆڕی زانستی کۆمەڵایەتی بیت، کورد بیت، ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان بیت؛ ئەمانە لە دیدی دوژمنانی گەلەکەماندا، چوارینەی تەحەدا بوون. وا دیارە ئەو عەقڵیەتەی تاوانی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم و هاوڕێکانی ئەنجامدا، توانای تێگەیشتن و هەرسکردنی ئەم جۆرە نەوەیەی نەبوو؛ ئەو نەوەیەی ڕەتی کردەوە بەرانبەر بە دۆزی نەتەوەکەی بێلایەن بێت، چ جای ئەوەی ببێتە ئامرازێک دژی نەتەوەکەی خۆی.
ئەو دەسەڵاتەی دەزگا و ئاراستەکانی خۆی بۆ چاندنی تۆوی ترس لە ناو کۆمەڵگەدا تەرخان دەکات، دەسەڵاتێکی تاوانبارە؛ هێندەی تریش نوقمی تاوان بووە کاتێک هاووڵاتییان دەستگیر دەکات و ئەشکەنجەیان دەدات و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێنێت بە پاڵنەری سیاسی و ئەمنی، کە تێیدا سزاکان بە جۆرێک ڕێکخراون کە بە تەواوی دژی دادپەروەریین. ئایا چ قەدەغەکراوێک لەوەدایە کە مرۆڤ بیروباوەڕ و ئاراستەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی لە وڵاتێکی فرەنەتەوەدا هەڵبژێرێت؟ کام بنەمای ئەخلاقی ڕێگە بە دەسەڵاتێک دەدات مافەکان پێشێل بکات و وەک تاوان پۆلێنیان بکات؟
چ دڵڕەقییەک لە دڵڕەقیی ئەو تاقمە سیاسییە فەرمانڕەوایە سەختترە کە گیانی هەزاران کەسیان کێشا و لەیلا قاسم و هاوڕێکانیشیان یەکێک بوون لەوان؟ ئەو کەسەی لە ژیان و کۆتاییی شەهید لەیلا وردبێتەوە، بە ڕوونی کاروانێکی پڕ لە هۆشیاریی ئەو مرۆڤەی بۆ دەردەکەوێت کە لەگەڵ ئازارەکانی گەلەکەی و قۆناغەکەیدا ژیاوە؛ ئەو پێش ئەوەی (شەهید) بێت، (شایەتحاڵ) بوو؛ شایەتحاڵی مەینەتییەکانی بێبەشکردن پەراوێزخستن و گۆڕانی یەک لە دوای یەکی دەسەڵاتەکان و هاوبەشییان لە ستەمکردن لە نەتەوەکەی. بۆیە ئەو، نەتەوەکەی و بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکەی و پارتی دیموکراتی کوردستانی هەڵبژارد، بۆ ئەوەی بە دەسەڵات تێبگەیەنێت کە حوکمڕانی ئەگەر دادپەروەر نەبێت، نە لای خەڵک قبووڵکراوە و نە تەمەنیشی درێژ دەبێت.
خوێندنەکەی کاریگەریی هەبوو و بە پاڵنەرێکی زانستی، لە ڕێگەی سەرچاوە و پڕۆگرامەکانی خوێندنەوە پێداچوونەوەی بە پەیوەندییەکانی نێوان کۆمەڵگە و دەسەڵاتدا کرد، چ سەرکەوتووەکانیان و چ شکستخواردووەکانیان؛ پێویستی بە کاتێکی زۆر نەبوو بۆ ئەوەی تێبگات کە مۆدێلی ڕاستەقینەی ئەو وانانەی دەیانخوێنێت، ڕێک ئەو واقیعەیە کە تێیدا دەژی.
لەدایکبوون و گەورەبوونی، ژیانی لادێ و شار و نزیکیی لە خەڵکەوە، لە مێشکیدا وێنایەکی بۆ پێداویستییەکانی کارکردن دروست کرد کە نەدەهاتە دی ئەگەر پەیوەندی بە بزووتنەوەیەکی سیاسیی وەک پارتەکەمانەوە نەکات، کە نەخشەی لایەنگرانی بە هەموو کوردستاندا بڵاوبووەتەوە.
دەسەڵات لەم کارلێکەی نێوان ئەندامانی پارتەکە و ئامانجەکانی پارتەکەیان تێنەگەیشت، نەیویست نەوەی هۆشیار و تێکۆشەر لە پێناو ڕاپەڕین و گەشەسەندندا لە ناو نەتەوەی کورددا لەدایک بن؛ بۆیە پەنای بۆ ئەوە برد کە تەنها لەوەدا شارەزا بوو:
بەکارهێنانی هێز و قۆرخکردنی ئەو دەزگایانەی کە ئەرکیان پاراستنی ئاسایش بوو بەڵام گۆڕابوون بۆ ئامرازی سەرکوتکردن. یاسایان دانا و دادوەریان ئامادە کرد تاوەکو بەبێ دادپەروەری بڕیار بدەن، بەمەش زنجیرەیەک تاوان دووبارە بوونەوە و بە تاوانێکی گەورە کۆتایییان هات: دەستگیرکردنی لەیلا و هاوڕێکانی تاوان بوو، ئەشکەنجەدانیان تاوان بوو، لەسێدارەدانیان تاوان بوو، ئەو ترسەش کە لە ساتی دەستگیرکردنەوە تا سێدارە و دواتریش بۆ ناو کۆمەڵگە بڵاوکرایەوە، هەر هەمووی تاوان بوو.
خوێنی لەیلا و هاوڕێکانی، یەکێکە لەو باجانەی لە پێناو ئەو ئازادییەدا دراون کە ئەمڕۆ نەتەوەکەمان تێیدا دەژی؛ لەسەر ئەو ڕێبازەی کە هێشتاش بەرەو ئامانجە باڵاکانی هەنگاوی بۆ دەنێین. ڕەحمەتی خودا لە لەیلا قاسم و هاوڕێکانی بێت، کە شەهیدانی نەتەوە و پارتەکەمانن. سەرشۆڕی و ڕووڕەشی بۆ جەلادەکانیان، ئەوانەی دژایەتی ئەو مافە خوداییەیان کرد کە خودا پێی بەخشیبووین. نەمری و سەروەری بۆ شەهیدانی کوردستان و سەروەریان بارزانی نەمر و ئیدریسی هەمیشە زیندوو.

