بەپێی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی ناوخۆ، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کرد کە بە سەرۆکایەتی خاتوو بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی گشتی تایبەتمەند بوو.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە؛ ئامانجی کۆبوونەوەکە باس کردن بوو لە هەماهەنگی نێوان هەردوو وەزارەت و دامەزراوە پەیوەنددارەکان بۆ توندوتۆڵکردنی ڕێکارەکانی پاراستنی ژینگە و سروشتی کوردستان و ڕێگریکردن و لابردنی هەر جۆرە سەرپێچی و زێدەڕۆییەک کە بکرێتە سەر دارستان، سەرچاوەکانی ئاوی سەر زەوی و ئاوی ژێر زەوی، زەوییە کشتوکاڵییەکان و پاوەن و بەنداو و پۆند و دەریاچەکان. سەرەتا بەڕێز وەزیری ناوخۆ خۆشحاڵی خۆی بەو سەردانە پیشاندا و باسی لە بایەخی جەنابی سەرۆک وەزیران ڕێزدار کاک مەسرور بارزانی کرد بۆ پێویستی بەرزکردنەوەی هۆشیاری ژینگەپارێزی و خۆشەویستی سروشت و پاراستنی سامانی دەوڵەمەندی کوردستان لە رووی ئاو و هەواو خاک و شوێنە گەشتیارییەکان.
ئەوەش خراوەتەڕوو؛ وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و تیمی وەزارەتەکەی، بە وردی داتاکانی تایبەت بە زەوی و سەرچاوەکانی ئاوی کوردستانیان بۆ کۆبوونەوە خستە ڕوو، هەروەها سەرنج و پێشنیارەکانیان بۆ باشتر بەڕێوەچوونی هەماهەنگی نێوان دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد کە دەبنە هۆی باشتر پاراستنی ژینگە و سروشت و سەرچاوەکانی ئاو و هەوای پاک و دارستانەکان و ڕێگری لە زێدەڕۆکاران. بەڕێز وەزیری ناوخۆ فەرمانیکرد کە ئەو خاڵانەی کۆبوونەوە لەسەری ڕێکەوتن، بکرێتە گشتاندن و پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و دامەزراوەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ رابسپێردرێن بۆ جێبەجێ کردنیان. کۆبوونەوە بڕیاریدا هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا ئاماژە بەوە کراوە، لە پێناو ڕێگری لە ئەگەرەکانی ئاگرکەوتنەوە لە وەرزی دروێنە و دوای دروێنە، بە هەموو شێوەیەک قەدەغە بکرێت کە جوتیار، دوای دروێنە، قەسەڵ و کڵۆش و پەرێزی زەوییەکانیان بسوتێنن. ئەمەش لەبەر خراپی کاریگەرییەکانی لەسەر زەوی و زیندەوەران و هەروەها مەترسی پەرەسەندانی ئاگر و زیان گەیاندن بە بەرژەوەندی خەڵک و دارستان و پاوان. هەروەها بڕیاردرا بە زیادکردنی نوێنەرانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە لێژنەی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان. باشترکردنی هەماهەنگی نێوان پۆلیسی دارستان و ژینگە لەگەڵ فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوە بوو، بڕیاردرا هەموو لایەنەکان وەکو یەک تیم پێکەوە کار بکەن و میکانیزمی هاوبەش بۆ پاراستنی سامانی سروشتی کوردستان چالاکتر بکەن.

