وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 9 بڕیار و راسپاردەی دیكە بۆ پاراستنی ژینگە و سروشتی كوردستان دەركرد، یەكێك لە خاڵەكان بریتییە لە هاندانی هاووڵاتییان و كارگەكانە بۆ بەكارهێنانی كاغەز لە بڕی نایلۆن و پلاستیك و شووشە بۆ بوارەكانی بەكارهێنانی رۆژانە.
ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەنراوەكەی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە:-
لەبەر بایەخی تایبەتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بە ژینگەدۆستی و پاراستنی سروشتی کوردستان وەکو یەکێک لە کاری لە پێشینەی دامەزراوەکانی حکوومەت، دوای چەند کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و تیمی وەزارەتەکەی، بەڕێوەبەرانی گشتی لە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان و بەرپرسانی تایبەتمەند لە وەزارەتی ناوخۆ، ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی 12ی ئایاری 2026 بە واژووی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، کۆمەڵێک بڕیار و ڕاسپاردەی گرنگ بە نووسراوی ژمارە (13788) بە گوێرەی ماددەی دووەم/یەکەم لە یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (6)ی ساڵی 2009، کە ئەرکی (جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان) خستۆتە ئەستۆی وەزارەتی ناوخۆ، بۆ جێبەجێکردن ئاراستەی لایەنە پەیوەنددارەکان کران کە 9 خاڵ خۆیان دەبیینەوە و ئامانەن:-
یەکەم: چالاککردنی ئەنجوومەنی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە دەستە کە بە گوێرەی بەشی یەکەم لە دەروازەی دووەم لە یاسای ژمارە (8)ی ساڵی 2008 یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان – عێراق پێکهاتە و ئەرکەکانی دیار کراوە. پێویستە وەزارەت و لایەنەکانی ناو ئەو ئەنجوومەنە چالاکانە بە ئەرکی خۆیان هەڵبستن و دیراسەی هەندێ پڕۆژە بکەن کە دەرفەتەکانی پیسکردنی ژینگە کەم دەکاتەوە و لەم کۆبوونەوە هاوبەشەمان سەرنجی خرایە سەر، بۆ نموونە هانی بەکارهێنانی کاغەز لە بری نایلۆن و شوشە بدەن بۆ بوارەکانی بەکارهێنانی رۆژانە، پێویستییەکانی ئەم پرۆسەیە بە وردی دیراسە بکرێت. هەروەها دیراسەی میکانیزمی پاڵپشتی کارگەکانی بەرهەمهێنانی کاغەز بۆ بەکارهێنانی رۆژانە لە بری عەلاگەی نایلۆن، هەروەها دروستکردنی بوتڵی دروستکراو لە کاغەز بۆ ئاو و شیر و بەرهەمەکانی لە بری نایلۆن و شووشە، بکرێت.
دووەم: ئەنجوومەن پێویستە چاودێری وردی جێبەجێکردنی ڕێنمایی ژمارە (2)ی ساڵی 2023، ڕێنمایی بەدواداچوون و بەرزەفتکردنی سەرپێچییە ژینگەییەکان ی دەستەی ژینگە بکات و فەرمانگەکانی ژینگە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان رابسپێرێت کە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە سنوورەکە، چاودێری جێبەجێکردنی ڕێنمایی ئاماژە بۆ کراو بکەن و سزای سەرپێچیکاران بدرێت.
سێیەم: فەرمانگەکانی ژینگە لە (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، گەرمیان، ڕاپەڕین) بە گوێرەی فەرمانی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە ژمارە 361 لە 26/2/2026 و لە (هەڵەبجە، سۆران، زاخۆ) بە گوێرەی فەرمانی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە ژمارە 359 لە 26/2/2026، بە پێی ئەو دەسەڵاتەی پێیان دراوە سزای دارایی سەرپێچی ژینگەیی تا بڕی (8 ملیۆن دینار) دەسەپێنن بە سەر سەرپێچیکاران بە پێی جۆر و قەبارەی سەرپێچییەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە سنووریان، و ئەگەر قەبارەی سزاکەکە پێویست بوو گەورەتر بێت، بۆ دەستەی ژینگە رەوانە دەکرێت بە زووترین کات.
چوارەم: هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی هاتوچۆ، بەرگری شارستانی، پۆلیسی دارستان و ژینگە – هێزی پاراستنی ژینگە) هەماهەنگی تەواو دەکەن لە گەڵ لێژنەی پاراستن و چاککردنی ژینگە بە سەرۆکایەتی پارێزگار/ سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان و فەرمانگەکانی ژینگە بۆ دەستگیرکردنی هەر کەسێک سەرپێچی لە یاسا و ڕێنماییەکانی ژینگە دەکات و سروشت پیس دەکات. بۆ ئەم مەبەستە تیمی گەڕۆک لە نوێنەرانی ئەو دامەزراوانە بە سەرۆکایەتی ئەفسەرێکی پۆلیسی دارستان و ژینگە و ئامادەیی نوێنەری فەرمانگەی ژینگە پێک دێت بۆ گەڕان بە شوێنە گەشتیارییەکان و ئاگادارکردنەوەی گەشتیار و هاووڵاتییان لە سەرپێچییەکان و سەپاندنی سزای دارایی راستەوخۆ بەسەر سەرپێچیکار بە گوێرەی خاڵی سێیەمی ئەم گشتاندنە و بڕەکەی لە لایەن نوێنەری فەرمانگەی ژینگە بە گوێرەی سەرپێچییەکە دەست نیشان دەکرێت.
پێنجەم: زیادکردنی نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان و هەروەها نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵ بە گوێرەی تایبەتمەندی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی بۆ لێژنەکانی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان. بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە نووسراو دەستنیشانی نوێنەری دەکات و بۆ دیوانی وەزارەتی ناوخۆ رەوانەی دەکات بۆ ئەوەی بدرێتە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ زیادکردنی لە لێژنەکان.
شەشەم: پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان ڕادەسپێرین کە مانگانە کۆبوونەوەی لێژنەی پاراستن و چاککردنی ژینگە ئەنجام بدەن و تیمەکانیان بۆ جێبەجێکردنی یاسا و ڕێساکان ئاراستە بکەن، بەردەوام هۆشیاری ژینگەپارێزی و ڕاگرتنی پاکوخاوێنی و هاوسەنگی سروشت بڵاو بکەنەوە، هەروەها سزا بەسەر هەر کەسێک بسەپێنن سەرپێچی یاسا و ڕێنماییەکان بکات و ژینگە پیس بکات و بیشێوێنێت.
حەوتەم: لێژنەی تایبەتمەند بە ڕێگری و لابردنی سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر موڵک و ماڵی دەوڵەت و سامانەکانی دارستان و ئاو و ژینگە لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارەکان هاوشێوەی لێژنەی هەولێر بە فەرمانی وزاری پێک دێت. هەروەها لێژنەی لاوەکی لە قائیمقامیەت و ناحیەکان پێک دێت و بەرپرسیار دەبن لەبەرامبەر یاسا بۆ ڕێگری لە هەر جۆرە سەرپێچی و زێدەڕۆییەک. وردەکاری پێکهاتەی لێژنەکان بە فەرمانی وزاری بۆتان ڕەوانە دەکرێت.
هەشتەم: لەسەر پێشنیاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە ئێستاوە کاری پێویست بکەن بە ئاگادارکردنەوەی جوتیاران و هاووڵاتییان کە سوتاندنی پووش وپەڵاش و قەسەڵ و و کڵۆش و پەرێز لە دوای وەرزی دروێنە قەدەغەیە، ئەمەش بۆ پاراستنی زیندەوەران و رێگریکردن لە مەترسی تەشەنەکردنی ئاگر و زیانگەیاندن بە بەرژەوەندی هاووڵاتییان و سامانی سروشتی.
نۆیەم: فەرمانگەی میدیا و زانیاری و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بە ئەرکی خۆیان هەڵدەستن بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری پاراستنی سروشت و ژینگە و سزاکانی سەرپێچیکردن بە هاووڵاتییان ئاشنا دەکەن.

