رۆژنامەی ھەولێر

وەزارەتی دارایی: دواین گوژمەی مووچەی مانگی نیسان گەیشت

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دواین گوژمەی تەمویلی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە هەولێر و خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەیان.

ئەمڕۆ سێشەممە 12ـی ئایار، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، بڕی 961 ملیار و 736 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لە لقی بانکیی ناوەندیی عێراق خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش کردووە، هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو لەگەڵ گەیشتنی تەمویلی موچەی مانگی نیسان وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ بڕی (16,624,814,478) دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی نیسان نەناردووە کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.