شێرکۆ حەبیب
ئەگەر پێناسەیەکی ئۆپۆزسیۆن بکەین، دەبینین کەوا ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە بریتییە لە بزووتنەوەیەکی سیاسی سەربەخۆ یان قەوارەیەکی مەدەنی کە چاودێری و هەڵسەنگاندنی ئەدای کارەکانی حکوومەت دەکات بە ئامانجی خزمەتکردنی میللەت و هاووڵاتیانی. کە تایبەتمەندە بە پێشکەشکردنی دیدگا و بەرنامەی بەدیل و پابەندبوون بە پرەنسیپەکان و کارکردن لە چوارچێوەی دیموکراسی.
لەگەڵ رێزم بۆ ئەوانەی کە ئەمڕۆ لە کوردستان بەرەی ئۆپۆزسیۆنیان هەڵبژاردووە، بەڵام ئایا دروست پێناسەی ئۆپۆزسیۆنیان لەسەر جێبەجێ دەکرێت؟! هەڵبەتە بوونی ئۆپۆزسیۆن مەرجێکی سەرەکی وڵاتێکی دیموکراسییە و دەبێ بوونی هەبێ، تا وەک چاودێرێکی راستەقینەی دەستووری و یاسایی بێت لەسەر ئەدای حکوومەت، دەبێ بەدیلی حکوومەت بێت و ئامادە بێت دەسەڵات بگرێتە ئەستۆ لە هەر کات و ساتێک، چونکە ئەگەری ئەوە هەیە ئەو حکوومەتە باوەری و متمانە لە دەست بدات ئەو کات حکوومەتی سێبەر کە ئۆپۆزسیۆنە جلەوی دەسەڵاتە بگرێتە دەست.
بەداخەوە لە کوردستان ئۆپۆزسیۆن ئەوە نییە کەوا ستاندەردە جیهانییەکان پێناسەی دەکەن، بەڵکو دژایەتی دەسەڵات دەکەن وەک کەیسێکی کەسی و دوژمنداریەتی، هەموو هەوڵەکانیان چڕ کردۆتەوە دژی دەسەڵات و تایبەتی لایەنێک لە دەسەڵات و هەموو هەوڵەکانیان بۆ گۆڕینی ئەو لایانەیە، کە ئەمەش هەوڵێکی تەندروست نییە، چونکە ئەو لایانە بە کودەتا دەسەڵاتی وەرنەگرتووە، بەڵکو بەشێوازێکی دیموکراسی و رێگای دەنگی میللەت وەریگرتووە.
لە ماوەی رابڕدوو لایەنێکی بە ناو ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ لایەنێکی دەسەڵات رێککەوتوون بۆ وەگرتنی دەسەڵات، لێرەدا ئەوەی جێگای سەر سوورمانە تا دوێنێ هەردوو لا باوەڕیان بەیەکدی نەبوو، ئاساییە چەند لایەنێک پێک بێن بۆ پێکهێنانی حکومەت بەڵام نەک حکومەتێک بە (چەسپی دووقڵ) پێکەوە کرێدرا بێت، واتە ئەو لایانە ئیستا لە خانەی ئۆپۆزسیۆن نەماوە و لەهەوڵی وەرگرتنی دەسەڵاتدایە، کە تا دوێنێ ئەو لایانەی دەسەڵات بە هەزار و یەک وشەی نەشیاو ناودەبرد، و دەیان گوت هەوڵی ئێمە بۆ دەسەڵات نییە، پرسیار ئەوەیە یا دەبێ لە ئۆپۆزسیۆن نەگەیشبن یا ئۆپۆزسیۆن نین، لە هەموو جیهاندا ئۆۆپزسیۆنی راستەقینە هەوڵەکانی بۆ وەرگرتنی دەسەڵاتە، ئەگینا چۆن ئەو بەڵێنە بریقدارانە بۆ هاووڵاتیان جێ بەجێ دەکات.
ئەوەی زیاتر جێگای زیاتر سەرسوورمانە، سەرجەم ئەو لایانەی خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن هەژمار دەکەن و دژی دەسەڵاتن لە کوردستان و بەشداری ناکەن لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، دەبینین لە بەغدا بە کۆمەل داوای وەزارەتێک دەکەن، وسەردانی بەرپرسان دەکەن بۆ ئەوەی وەزارەتێکیان پێبدەن بە هەموویان، ئەوە مافی خۆیانە و ئاساییە، بەڵام خۆڵ مەکەنە چاوی هاووڵاتیان لە کوردستان زیاتر لە وەزارەتێکتان پێ دەرێت و دژایەتی دەسەڵات دەکەن، بەڵام لە بەغدا داوا لە هەندێ لایان دەکەن کەوا دژایەتی کورد دەکەن، لەم چەند رۆژەی رابردوو بینیمان کەوا ئۆپۆزسیۆن لە ناوخۆیان تەبا نین و دژایەتی یەکدی دەکەن بەدەرکردنی بەیاننامە و یەکدی بەدرۆخستنەوە، ئەمەش هەوڵەکانی نەیارانی کورد بەهێز دەکات کە هەوڵی بۆ دەدەن نێوان لایەنە کوردییەکان وا پەرت و بڵاو بێت.
دەگێرنەوە دەڵێن؛ جارێک لاوێکی دەجال دەچێتە گوندێک دوای ماوەیەکی کورت دەلێ من بەهەشت دەفرۆشم دەتوانن ئەوەندەی دەتانەوێت پێتان بفرۆشم، هەر پارچەی بە سەد درهەم یەکسەر کە چوونە بەهەشت جێگاتان ئامادەیە و خەڵکانێک دەیکڕن، لەم سەرو بەندە بیرمەندێک رێگای دەکەوێتە ئەو گوندە، دەبینێ خەڵکەکەی وا دەورەی ئەو دەجالەیان داوە دەپرسێ چییە وا دەورەی ئەو گەنجەتان داوە؟ ئەوانیش لە وەڵام دەڵێن بەهەشت دەفرۆشێ و ئێمە کڕیارین، بیرمەند زۆر لای سەیر دەبێ بیر لە چارەسەرێک دەکاتەوە خەڵکی ئەو گوندە لەو دەجالە رزگار بکات، ئەویش دەچێتە لای دەڵێ چ دەفرۆشی؟ دەڵێ بەهەشت، دەڵێ من دەمەوێ جەهەنەم بکڕم، ئەویش دەڵێ پارجەی بە پەنچا دەرهەم، دەڵێ دەمەوێ هەمووی بکڕم دەڵێ بە ٤٠٠ دەرهەم و ڕێکدەکەون و گرێبەست وا ژوو دەکەن، دوایی کابرای بیرمەند روو دەکاتە خەڵکەکە دەڵێ من جەهەنەمم کڕی نایەڵم کەس داخڵی بێت، ئەو کات بەبێ بەرامبەر دەچنە بەهەشت خەڵکەکە هەمووی داوای پارەکەی خۆیان دەکەنەوە و کابرای دەجالیش ریسوا دەبێت!
لێرەدا حیکمەت و لێزانی پێویستە بۆ هەر بریار و کردارێک، کوردستان بەهەشتە با ئێمە نێوماڵی خۆمان یەک بخەین و بەهێزی بکەین، ئەو کات پێیناوێت داوای پۆست بکەن پۆست خۆی بەدواتان دا دەگەڕێت.

