رۆژنامەی ھەولێر

چۆن لە رۆمان بگەین؟

بژار حەکیم
رۆمان تەنیا چیرۆکێکی درێژ و رووداوێکی تێپەڕ، یان بەرهەمێک نییە لەبیر بکرێت، بەڵکوو بنیاتێکی سۆزداری، فکری و جوانیناسییە، کە رەنگدانەوەی پێویستیی مرۆڤە بۆ تێگەیشتن، ناسینەوە و خواستی نەمریکردنی بەشێک لە ئەزموون یان خەیاڵی مرۆڤ لە دەقێکدا، کە ژیانێکی نوێی پێ دەبەخشێت. رۆمان کاتێک سەر هەڵدەدات کە خولیای زمان لەگەڵ قووڵایی مرۆڤدا یەک دەگرێتەوە، کە چیرۆکەکە دەبێتە ئاوێنەیەک رەنگدانەوەی ژیانێکی فراوانتر و دەنگێکی قووڵترە. رۆماننووسین تەنیا پێڕەوکردنی تەکنیک نییە، بەڵکو هاوڕێیەکی فکری و دەروونییە بۆ ئەو نووسەرەی کە هەوڵی دۆزینەوەی دەنگی خۆی، زمانەکەی و شێوازی گێڕانەوەی خۆی دەدات.
رۆماننووسی راستەقینە خاوەن تێمایەکی قووڵە، دەزانێت چۆن پڵۆت و گرێدانەوە دروست بکات، شارەزایە لە گێڕانەوەی رووداوەکان و بە باشی رۆڵ بەسەر کارەکتەرەکاندا دابەش دەکات. هەروەها گرنگی بە کات و شوێنی رووداوەکان دەدات، خوێنەر بە گرنگ دەزانێت و رۆڵ بۆ خوێنەر خۆش دەکات، بە باشی لەگەڵ گێڕانەوەکەیدا هەنگاو بنێت و جێپەنجەی خۆی بەسەر هونەری نووسینی رۆماندا بەجێ دەهێڵێت.
رۆماننووسی جیددی لە دەرەوە دەست پێ ناکات، بەڵکوو لە قووڵایی خۆیەوە دەست پێ دەکات، دەنووسێت، چونکە ناتوانێت واز لە نووسین بهێنێت، چونکە بۆ ساتێک رادەکێشرێت کە هێشتا لێی تێنەگەیشتووە، یان وێنەیەک کە لە یادەوەریدا گیر بووە، یان برینێکی ساڕێژنەکراو لەدڵیدا بەجێماوەو بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت. لێرەوە رۆمانەکە دەست پێ دەکات، بەبێ هیچ فێڵێک، رووداوێکی دراماتیک یان ورووژێنەر، بەڵکو پەیوەندییەکی قووڵە لەنێوان خود و جیهاندا، لەنێوان خۆی و رۆماندا گرێی دەداتەوە. بەرهەمی ئەدەبی بەتایبەت نووسینی رۆمان تەنیا گێڕانەوەی رووداوەکان نییە، بەقەد ئەوەی هەوڵدانە بۆ لێکۆڵینەوە لەوەی چۆن چیرۆکەکان روویان داوە، هۆکار و ماناکان چین بۆ ئەو کەسانەی کە ئەزموونیان کردووە. لە رۆماندا وەسفکردنی ئازار بەس نییە، دەبێت ئەو ئازارە ببێتە شتێکی بەرجەستەکراو، هەروەها بەس نییە تەنیا باسی ترس بکەیت، دەبێت رێگە بدەیت خوێنەر بچێتە ناو دڵی ترسەکەوە. لە رۆماندا زمان دەبێتە زیاتر لە ئامرازێک، دەبێتە بوونەوەرێکی زیندوو، وشە و رستەکان لە خەیاڵی نووسەردا بەشێوەیەکی هەڕەمەکی هەڵنابژێردرێن، بەڵکو بە وردی شێوەیان بۆ دانراوە، وەک پەیکەرێک کە لە بەرد نەخشێنراون. نووسەر لە رێگەی زمانەوە یان باشتر بڵێم بەهۆی دیمەنی زمانی وێنەوە رووداوەکانت بۆ دەگێڕێتەوە. لێرەدا زمان دەبێتە ئەو توخمەی کە نووسەر خۆی لە ئەوانی دیکەدا جیا دەکاتەوە، نەک تەنیا لە رووی جوانی و خۆشیی گێڕانەوەدا، بەڵکو لە توانای گەیاندنی هەستەکانیەوە کە بە وردەکارییەوە پیشانت دەدات.
سەبارەت بە کارەکتەرەکان لە رۆماندا، ئەوان تەنیا ناوێک نین کە رۆڵی دراماتیک بگێڕن، رۆحی سەربەخۆن، لەناو دەقەکەدا دەژین و مێژوویەکی نەنووسراویان هەیە لە دەرەوەی هێڵەکاندان، خەیاڵی ئەدەبی مامەڵە لەگەڵ کارەکتەر ناکات، بەڵکو وەک بوونێک کە پاڵنەر و دژایەتی و خەون و شکستی خۆی هەیە مامەڵەیان لەگەڵ دەکات. لە ڕێگەی ئەم کارەکتەرانەوە نووسەر نەک هەر جیهان دەگێڕێتەوە، بەڵکو بیری لێدەکاتەوە و توخمەکانی دەشێوێنێت و پرسیاری نوێی لەسەر دەکات. مەرج نییە پێکهاتەی گێڕانەوەی رۆمان پێڕەوی لە نەخشەهێڵێکی تەقلیدی بکات، چونکە هەمیشە ئارەزووی شکاندنی شوێن و کات هەیە، بۆ ڕێکخستنەوەی گێڕانەوە، یاریکردن لەنێوان ئەوسا و ئێستا، لە نێوان واقیع و خەیاڵ، لەنێوان راستی و ئەگەردا. رۆمان هەوڵ دەدات کات نەک وەک کاتژمێرێک کە چرپەی کاتژمێرێک بگێڕێت، بەڵکو وەک هەستێکی ناوەوە، ساتی وابەستەبوون، شکان، یان سەرسووڕمان دەگێڕێت. تێما و پڵۆتی چیرۆکەکە لە کوێوە دەست پێ دەکات، کەمتر گرنگە لەوەی کە چۆن دەست پێ دەکات، چۆن دەرگە چاوەڕواننەکراوەکان بۆ خوێنەر دەکاتەوە، رێگەیەک کە ناتوانرێت لە رستەیەک یان دیمەنێکدا کورت بکرێتەوە لە دەقەدا واڵا دەکات. لەلایەکی دیکەوە گرنگە بزانین کە رۆمان لە ناڕوونی ناترسێت یان خۆی لە پرسیاری گەورە بەدوور دەگرێت، بەراستی رەنگە هەندێکجار لە پرسیارێکەوە سەر هەڵبدات کە کەس وەڵامی نەداوەتەوە، یان لە بیرۆکەیەکی ناڕوونەوە کە هەوڵ دەدات ژیان لە چوارچێوەیەکی خەیاڵیدا ئەزموون بکات. چونکە رۆمان تەنیا ئامرازێک نییە بۆ دەربازبوون لە واقیع، بەقەد ئەوەی ئامرازێکە بۆ تێگەیشتن لێی. لەبەر ئەم هۆکارەش زۆرجار بارگاوی کراوە بە چینەکانی هێما و، واتا و ماناکان ڕاستەوخۆ دەرنابڕدرێن، بەڵکو بۆ دۆزینەوە بەجێ هێڵراون.
رۆمانی راستەقینە لەو کاتەوە دەست پێ دەکات کە نووسەر دوای تەواوبوونی، جارێکی دیکە بە نووسینەکەیدا دەچێتەوە و پۆلینی هەموو رووداوەکان دەکات، هەروەکچۆن بەردێکی بەنرخ بۆ نەهێشتی خەوش، پۆلێش دەکرێت، نووسەر ئاوا کار لەسەر تێکستەکە دەکاتەوەو دەبێت پاکی بکاتەوە. دەبێ بزانین نووسینی رۆمان گەشتێکی دوورودرێژە، رەنگە هەندێکجار قورس بێت، بەڵام چێژێکی قووڵ لەناو خۆیدا هەڵدەگرێت، تەنیا هەوڵێک نییە بۆ گێڕانەوەی چیرۆک، ئامرازێکە بۆ تێگەیشتن لە خۆت و جیهانی دەورووبەر. نووسەر تەنیا بۆ ئەوەی خوێنەر سەرقاڵ بکات نانووسێت، بەڵکو لەبەرئەوەی هەست بە ناچاری دەکات بۆ نووسین، پێی وایە نووسین نوێنەرایەتیی جۆرێک لە رزگاری و دڵنەوایی دەکات، بۆیە دەبێت بنووسێت.
لە کۆتاییدا دەڵێم: بەهۆی ئەوەی رۆمان بایەخ و بنەما و گرنگیی خۆی هەیە، کەواتە دەبێت کەرەستە و بنەماسازییەکانی ئامادە بکەیت، کەواتە رۆمان نووسین نییە، بەقەد ئەوەی کەشفکردن و دۆزینەوەیە.