رۆژنامەی ھەولێر

نەخشەڕێگەی نوێی پۆشاکی خوێندن

م. ئیسماعیل ته‌ها ئیسماعیل
چەسپاندنی سیستەمی یەکپۆشی وەک گوزارشتێک لە بڕیاری فەرمیی دامەزراوەیی، هەنگاوێکی ستراتیژیی قووڵە کە لە ناوەرۆکدا ئامانجی ڕەخساندنی ژینگەیەکی فێربوونی یەکسان و دادپەروەرانەیە، بڕیارە نوێیەکەی وەزارەتی پەروەردە بۆ گۆڕینی ڕەنگی جلوبەرگەکان لە ساڵی خوێندنی ٢٠٢٦-٢٠٢٧، تەنها گۆڕانکارییەکی سادەی ڕواڵەتی نییە، بەڵکو وەرچەرخانێکی بنەڕەتییە کە ڕەهەندی پەروەردەیی و دەروونیی فرەچەشن لەخۆ دەگرێت، ئەم پرۆسەیە لە ڕاستیدا هەوڵێکە بۆ نوێکردنەوەی گیانی پەروەردە و گونجاندنی ناوەندەکانی خوێندن لەگەڵ ستانداردە هاوچەرخەکان، کە تێیدا بە وردی کار لەسەر لایەنە کۆمەڵایەتییەکان کراوە تاوەکو قوتابخانە ببێتە شوێنی بونیادنانی کەسایەتییەکی هاوسەنگ و دوور لە جیاکاری. ئەم ستراتیژییەتە هەوڵ دەدات جیاوازییە چینایەتییەکان لە نێو پۆلەکانی خوێندندا بە تەواوی کاڵ بکاتەوە، تاوەکو قوتابی تەنها لە ڕێگەی توانستە زانستی و فکرییەکانییەوە بناسرێتەوە نەک لە ڕێگەی ئاستی دارایی خێزانەکەی، هەروەها ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی دروستکردنی جۆرێک لە دیسپلینی دەروونی کە تێیدا قوتابی هەست بە ئینتیما بۆ دامەزراوەیەکی فەرمی دەکات، ئەمەش وا دەکات تەرکیزی مێشکی لە کێبڕکێی جلوبەرگ و مۆدێلاتەوە بگۆڕێت بۆ بەدەستهێنانی زانیاری و پەرەپێدانی بەهرەکان، لە ڕووی پەروەردەییشەوە، ئەم نوێکردنەوەیە پەیامێکی ڕوونە بۆ ئەوەی کە سیستەمی فێربوون بەرەو قۆناغێکی نوێ هەنگاو دەنێت، کە تێیدا ڕەنگەکان وەک زمانێکی بێدەنگ بەکاردێن بۆ هێورکردنەوەی دەروونی هەرزەکاران و زیادکردنی وزەی منداڵانی تەمەن بچووک، کە ئەمەش ژینگەی پۆلەکان لە شڵەژانی بینین دەپارێزێت و ئاستی وەرگرتن بە شێوەیەکی زانستی بەرز دەکاتەوە.

یەکپۆشی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی
یەکێک لە گەورەترین ئاڵێنگارییەکان لەناو ناوەندەکانی خوێندندا، ڕەنگدانەوەی ئاستی بژێوی خێزانەکانە لە شێوازی پۆشینی جلوبەرگی منداڵەکانیاندا. کاتێک ناوەندە پەروەردەییەکان خاوەن سیستمێکی یەکپۆشی تۆکمە نەبن، پۆلەکان دەبنە مەیدانی نمایشکردنی مارکە جیهانییەکان؛ ئەمەش درزێکی دەروونی قووڵ لە نێوان فێرخوازاندا دروست دەکات. بڕیارە نوێیەکە بە چەندین شێوە خزمەت بە تەبایی گشتی دەکات؛ چونکە کاتێک هەمووان بە یەک ڕەنگ و کوالێتی لە تەنیشت یەکدی دادەنیشن، تەواوی سنوورە داراییەکان دەتوێنەوە. ئەم یەکسانییە وا دەکات نەوەی خێزانە کەمدرامەتەکان هەست بە هیچ جۆرە کەمایەتییەک نەکەن و بە متمانەبەخۆبوونێکی تەواوەوە بەشداری چالاکییە زانستییەکان بكه‌ن. لە لایەکی ترەوە، ئەم هەنگاوە هەستی ئینتیما و ناسنامەی بەکۆمەڵ بەهێز دەکات؛ بە جۆرێک تاک بزانێت کە ئەو بەشێکە لە دامەزراوەیەکی پیرۆز، ئەمەش گیانی هاوکاری لە جیاتی ڕکابەریی ناتەندروست دەچێنێت.

فەلسەفەی زانستیی ڕەنگەکان
هەڵبژاردنی ڕەنگە نوێیەکان لەم بڕیارەدا کارێکی هەڕەمەکی و بێ پلان نەبووە، بەڵکو بەتەواوی لەسەر بنەمای زانستی “کاریگەریی ڕەنگەکان لەسەر ڕەفتار و مێشک” داڕێژراوە، سەبارەت بە باخچەی منداڵان ڕەنگی نارنجی دیاریکراوە، کە ڕەنگێکی گەرم و وزەبەخشە، یارمەتی منداڵ دەدات لە گۆشەگیری دەر بچێت و متمانەی بەخۆبوونی زیاد بکات، چونکە ئەم ڕەنگە هەستی هاوڕێیەتی و گەشبینی لە دەروونیاندا دەورووژێنێت، دیاریکردنی ڕەنگی مارۆنی یان سووری تۆخ بۆ قۆناغی بنەڕەتی (١-٦)،کە هێمای جێگیربوون و هێز و شکۆیە، بەمەش ڕەهەندێکی فەرمی بەو تەمەنە دەبەخشێت و یارمەتیدەر دەبێت تاوەکو منداڵ بە ئاگاییەکی زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ وانەکانیدا بکات، هەرچی قۆناغی (٧-٩)ی بنەڕەتییە، ڕەنگی نیلی بۆ دیاریکراوە، چونکە ئەم تەمەنە قۆناغی هەستیاری هەرزەکارییە و ڕەنگی نیلی کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر هێورکردنەوەی کۆئەندامی دەمار هەیە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و ڕەخساندنی زەمینەیەک بۆ ئەوەی مێشک بۆ سەرنجدانێکی قووڵتر ئامادە بێت، لە کۆتاییدا ڕەنگی ڕەساسی بۆ قۆناغی ئامادەیی هەڵبژێردراوە، کە ڕەنگێکی بێلایەن و ژیرانەیە، هەستی بەرپرسیاریەتی لای قوتابی بونیاد دەنێت تا وەک کەسێکی پێگەیشتوو، خۆی بۆ بەرپرسیاریەتییەکانی ژیانی زانکۆ و داهاتوو ئامادە بکات.

یەکڕەنگی و گەشەی فکری
زانستی دەروونیی ڕەنگەکان جەخت لەوە دەکاتەوە کە ژینگەی بینین کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پرۆسەی فێربوون هەیە. کاتێک ڕەنگی پۆشاکەکان لە ناو پۆلدا یەکگرتوو و هێمن دەبن، دیاردەی “شڵەژانی بینین” بەڕێژەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە؛ ئەمەش دەبێتە هۆی پاراستنی وزەی مێشک، چونکە چیتر فێرخواز پێویستی بەوە نامێنێت بەردەوام شیکردنەوە بۆ ڕەنگ و شێوە جیاواز و ئاڵۆزەکانی دەوروبەری بکات. ئەم ڕێکخستنە، وزەیەکی زۆر بۆ مێشک دەگەڕێنێتەوە تا بە تەواوی بۆ ناوەڕۆکی زانستیی وانەکان تەرخان بکرێت. هەروەها جێگیربوونی ڕەنگە فەرمییەکان، ئاستی سترێس و گرژی —بەتایبەت لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا— دادەبەزێنن، ئەمەش ژینگەیەکی لەبار بۆ گفتوگۆی ژیرانە دەڕەخسێنێت کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی زانستیی گشتی لە ناوەندەکانی خوێندندا.

یەکسانی لە پۆشاک و داهێنان لە زانستدا
لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە یەکپۆشی تەنها باسێکی سادەی پەیوەست بە جلوبەرگ نییە، بەڵکو ستراتیژییەتێکی گشتگیر و قووڵە بۆ بونیادنانی نەوەیەکی ڕێکخراو، یەکسان و خاوەن دەروونێکی ئارام، گۆڕینی ڕەنگەکان و نوێکردنەوەی تەواوی سیستمی پۆشاک، هەنگاوێکی بوێرانەیە بۆ گونجاندنی ناوەندەکانی خوێندنمان لەگەڵ ستانداردە جیهانییە پێشکەوتووەکان، ئەگەر ئەم پڕۆژەیە بە شێوەیەکی دروست و بە هەماهەنگی هەموو لایەک جێبەجێ بکرێت، دەتوانین چاوەڕوانی ژینگەیەکی خوێندن بکەین کە تێیدا تەنها کێبڕکێ لەسەر زانست و داهێنان بێت، نەک لەسەر ڕواڵەت و نایەکسانی.