بورهان بەرزنجی
لە باخەڵتدا تەسکەرە ئاسا بمخەوێنە،
هەناسەکانت بۆ خۆم دەچنم
پۆشتە بوونم بە خۆشەویستیت،
دەمکات بە باخێ
میوەی قسە شیرین بفرۆشێ!
دەمکات بە کانییەک
لەپی عاشقان
دەگرێ لە خەنە!
دەمکات بە شاعیرێ
گیرفانی میوانانی
پڕ ماچ دەکات و
بوخچەیە خۆرەتاوی خۆماڵی
دەبەخشێ بەیاران!
کە هاتی
لەگەڵ خۆت ئاڵایەکی نیشتمانم بۆ بێنە و
پڕ مشتێک هەناسەت بکە بەرم،
ڕووتم بکاتەوە
لەبێ تۆیی!
17/4/2026

