ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
راهێنەرێكی كورد بووە پاڵەوانی چیرۆكە ئەفسووناوییەكەی یانەی ئامەدسپۆری توركیا كە تێیدا تەنیا بۆ یەك یاریی ئەركی راهێنەرایەتی یانەكەی وەرگرت و نوێنەرە كوردەكەی باكووری كوردستانی گەیاندە سووپەرلیگی توركیا.
یانەی ئامەدسپۆری باكووری كوردستان، تەنیا یەک یاریی پێش تەواوبوونی ئەم وەرزەی خولی پلەیەکی تورکیا، مەسعوود بەقالی راهێنەری توركی یانەكەی لە پۆستەكەی دوورخستەوە، لە بەرامبەردا ئەركی راهێنەرایەتی یانەكەی رادەستی راهێنەرێكی كورد بە ناوی (سەرتاچ کوچوکبایراک) كرد، ئەم گۆڕانكارییەش تەنیا بۆ یەك یاری بوو، بەڵام ئەم یارییە مێژووییە پەیوەست بوو بە خەونی ملیۆنان كوردی باكووری كوردستان.
یانەی ئامەدسپۆری باكووری كوردستان دوای یەکسانبوونیان لەگەڵ یانەی بۆدرووم لە گەڕی پێشکۆتایی خولەکەدا كە تێیدا یارییەكە بە گۆڵێك بۆ هەرلایەكیان كۆتایی هات، دوای کۆبوونەوەیەك هەردوولا بڕیارییاندا بە رێککەوتن کۆتایی بە گرێبەستەکەیان بهێنن و ئەو راهێنەرە توركە ماڵئاوایی لە یانەی ئامەدسپۆر کرد.
دوای دوورخرانەوەی راهێنەرە توركەكە چی روویدا؟
دوای چەند كاتژمێرێك لە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی مەسعوود بەقاڵی تەمەن 62 ساڵ، بە فەرمی ناوی سەرتاچ کوچوکبایراک وەکو راهێنەری نوێی ئامەدسپۆر راگەیێنرا، هەمووان بەدەستنیشانكردنی ئەو راهێنەرە شۆك بوون. جگە لە سەرتاچ کوچوکبایراک، هەریەکە لە مەنسور چالار، عەبدوڵڵا چەتین و سەرکان ئیپەک وەکو یاریدەدەری راهێنەری ئامەدسپۆر دەستنیشانکران.
دەستنیشانكردنی ئەو ستافە كوردە، بۆچوونی جیاوازی لێکەوتووە، بەشێکی هاندەران پێیانوا بوو کاتەکەی گونجاو نەبوو، بەشێکی دیکەش دەڵێن، شارەزایی سەرتاچ لە یانەی ئامەدسپۆر دەکرێت ببێتە هۆکاری ئەوەی یانەکە بگاتە سوپەرلیگ.
سەرتاچ بەبێ حیسابكردن بۆ رەخنەكان، لە دوایین یاریی خولی پلەیەكی توركیا راهێنەرایەتی ئامەدسپۆری كرد و بەرامبەر ئیدیرسپۆر بە 3 گۆڵ بۆ هەرلایەكیان بەرامبەربوون و بە فەرمی بۆ خولی نایابی توركیا سەركەوتن، ئەمەش بە یەكێك لە گەورەترین ساتە مێژووییەكانی باكووری كوردستان دادەنرێت كە بەهۆیەوە تا بەرەبەیانی خەڵكی ئامەد خەریكی ئاهەنگ و خۆشیدەربڕین بوون.
سەرتاچ کوچوکبایراک كێیە؟
سەرتاچ کوچوکبایراک، لە ساڵی 1974 لە دایکبووە، خەڵکی روهای باکووری کوردستان و کوردە، ئێستا تەمەنی 52 ساڵە. پێشتر لە تیپی خوار 21 ساڵانی یانەی دیاربەکرسپۆر دەستی بە یارییکردن کردووە، لە تیپی یەکەمی ئەو یانەیە یارییکردووە، یاریزانی یانەی سێرت بووە، لە یانەکانی ئەنتالیاسپۆر، کۆنیا ئەندوستری، مۆبەلاسپۆر، باتمان پەترۆلسپۆر یارییکردووە و لە ساڵی 2006 بەیەکجاری وازی لە یارییکردن هێناوە.
ساڵی 2008 سەرتاچ دەست بە کاری راهێنەرایەتی دەکات و لە یانەی دیسکیسپۆر دەبێتە یاریدەدەری راهێنەر. دوای دوو ساڵ پەیوەندی بە یانەی دیاربەکرەوە دەکات و دەبێتە راهێنەری تیپی دووەمی یانەکە.
سەرتاچ راهێنەری یانەی کایاپنار بووە لە 2011، پێشتر لە یانەی ئامەدسپۆر کاری راهێنەرایەتیی کردووە، لە 2015 تاوەکو 2016 لە 64 یارییدا سەرپەرشتی تیپەکەی کردووە.
سەرتاچ، ساڵی 2018 جارێکی دیکە بووەتەوە راهێنەری ئامەدسپۆر و سەرپەرشتیی 13 یاریی تیپەکەی کردووە. لە 2019 ماوەی 35 رۆژ راهێنەری دیاربەکرسپۆر بووە.
لە ساڵی 2025 بووە راهێنەری تیپی لاوانی یانەی ئامەدسپۆر و 221 رۆژ لەگەڵ ئەو تیپە کاریکردووە، هەر ئەوەش بووە هۆکار کە بە راهێنەری نوێی یانەکە دەستنیشان بکرێت بۆ دوایین یاریی خولی پلە یەکی تورکیا بەرامبەر یانەی ئیدر.
دوو سەرۆكی گەورە پیرۆزباییان لە ئامەدسپۆر كرد
دوای ئەوەی یانەی ئامەدسپۆر گەیشتە خولی نایابی توركیا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و رەجەب تەیب ئۆردوگان سەرۆكی وڵاتی توركیا پیرۆزبایییان لە نوێنەرە كوردەكەی باكووری كوردستان كرد بەهۆی گەیشتنی بە سووپەرلیگی توركیا، بەمەش بۆ وەرزی داهاتوو یانە گەورەكانی ئیستنەبووڵ بەتایبەتی گەڵاتەسەرای، فێنەرباهچە و بێشكتاش بە تەواوی ئەستێرەكانیان بۆ رووبەڕبوونەوەی ئامەد سپۆر سەردانی باكووری كوردستان دەكەن.
ئامارەكانی ئامەدسپۆر لەم وەرزە
ئامەدسپۆر لە ساڵی 1972 وەكو یانەیەك دامەزرا، وەرزی رابردوو كێبڕكێی گەیشتنی بۆ سووپەرلیگ كرد، بەڵام خەونەكەی نەهاتە دی و لە پلەی نۆیەم كۆتایی بە وەرزەكە هێنا، بەڵام ئەم وەرزە لە خولی پلەیەكی توركیا، لە كۆی 38 یاری، 21 بردنەوە، 11 یەكسان و 6 شكستی تۆمار كرد، لە یانە كوردەكەی باكوور بە فەرمی پلەی دووەمی خولەكەی بە كۆكردنەوەی 74 خاڵ بەدەستهێنا.
لە لایەكی دیكەیشەوە، هێرشبەری سەنیگالی ئامەدسپۆر (ئێمبای دیان) بە تۆمار كردنی 30 گۆڵ لوتكەی گۆڵكارانی خولەكەی گرت، جگە لەمەش فلۆرێنت حەسانی هێرشبەری كۆسۆڤی 18 گۆڵی لەم وەرزە بۆ ئامەد كرد و رۆڵێكی كاریگەری لە گەیاندنی یانەكە بۆ سووپەرلیگ هەبوو..

