موزەفەر فەیلی
ھەر وەکو روون و ئاشکرایە کە زیاتر لە چوار و نیو ملیار (٤.٥٤ – ٤.٦٧ ملیار) ساڵ لە تەمەنی زەمین تێدەپەرێت ئەوەش بەپێی لێکۆڵینەوەکانی زانستی لە سەرەتای لەدایک بوونی ھەتا ئەمرۆ! ھەروەھا تەمەنی مرۆڤـ وەکو دەستەواژەی (بشر) ئەو بوونەوەرەی کە لە مرۆڤـ نزیکە و لە سەر دوو پێ ڕۆیشتووە بۆ نزیکەی چوار ملیۆن (٤ ملیۆن) ساڵ تێدەپەرێت کە بە (Australopithecus) بەناوبانگە، و لە بەشی (Hominid) واتا مەیمونی وێکچوو و ھاوشێوەی مرۆڤـ یان مەیمونی مرۆڤی. بەڵام مرۆڤـ وەکو دەستەواژەی (انسان) یان (الانسان البشری – Homo) کە مێژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ نزیکەی دوو ملیۆن و نیو (٢.٥ ملیۆن) ساڵ لەمەوبەر و ھەروەھاش (مرۆڤی تێگەیشتوو – Homo Habilis)، بەو بەشەی کە رەگەزی مرۆڤایەتی لێی ھاتووە پێش دوو ملیۆن ساڵ لەمەوبەر بووە. دواتر ئیتر مرۆڤی زیرەک کە بە (Homo Sapiens) بەناوبانگە و تەمەنی لە دەوروبەری سێ سەد (٣٠٠،٠٠٠) ساڵ لەمەوبەر بووە و کەم کەم پێشکەوتووە بۆ سەردەمی ئێستا. سروشتی مرۆڤـ و بەگشتی ھەموو گیانلەبەرەکان شتێک بەناوی غەریزە یا حەزی خۆرسک لەناخی دا ھەیە، بێگومان لە مرۆڤـ تا گیانلەبەرەکان شێوە و ئاستی جیاوازە و ھەر بۆیەش مرۆڤـ مرۆڤە. گیانلەبەرەکان ھەر لە کۆنەوە تا ئیستاش یەکتر لەناو دەبەن و بەھێز بی ھێز لەناو دەبات بۆ مانەوە و ژیان کردن، و ئەمە بە یاسای جەنگەڵ بەناوبانگە کە تێدا ململانێ لەپێناو مانەوە دەکرێت! بەڵام غەریزەی مرۆڤـ بۆ باڵا دەستی و خۆسەپاندن زۆر بەھێز و ئاڵۆزە و ھەر بۆیەش کرۆنۆلۆژیای مرۆڤایەتی پرە لە شەر و کوشتن و لەناوبردن. ھەروەھا ئەگەر تەماشای ئارکیۆلۆژیای ھەموو میللەت و نەتەوەکان و بەگشتی شارستانییەتەکانی کۆن بکەین زۆر بە روونی بۆمان بە دیار دەکەوێت کە چەندەھا دەریای خوێن رژاوە لە نێوان ململانێی ھێزەکان بۆ باڵا دەستی و فەرمانرەوایی و بەرفراوانکردنی خاک و دەسەڵات ھەر وەکو میللەتەکانی پێشتریش. بۆ نموونە یۆنانییەکان لە ئەوبەری زەمین لە رۆژئاوا بەرەو رۆژھەڵات ھێرشیان کرد و بەپێچەوانەش دەسەڵاتەکانی رۆژھەڵاتی بەرەو ئەوسەری جیھان ھێرشیان کردووە و مێژوو پرە لەم رووداوانە. بەڵام ئەمانە ھەموو لە رابردوو مایەوە و ئیتر مرۆڤـ گەیشتە ئەو راستییە کە شەرکردن بێجگە لە ماڵ وێرانی و کاوڵکاری ھیچی تر ئەنجامی نابێت. ماوەی پێشکەوتن و رەورەوەی شارستانێتی مرۆڤـ دوای ھەزاران ساڵ ھاتووەدی و زۆر ھەوراز و نشیوی تێپەراندووە تا گەیشتنی بە سەردەمی ئێستا. بەم شێوەیەش لەناو مرۆڤایەتی پێشکەوتن و گۆرانکاری روویدا و ماوە لە دوای ماوە کەم بوو و ئیتر لە سەردەمی نوێ جەنگ و شەرکردن بووە جۆرێک لە شەرم و دواکەوتوویی! و ئەمە جیاوازی سەرەکی نێوان مرۆڤـ و گیانلەبەرەکاتی ترە کە مرۆڤـ پێش دەکەوێت بەپێچەوانەی ئەوەی تر، ھەر بۆیەش لە سەدەی بیستەم دوای جەنگی جیھانی یەکەم لە ساڵی (١٩١٤)، و ھەروەھا جەنگی جیھانی دووەم لە ساڵی (١٩٣٩)، دەیان و سەدان ئەنجوومەن و دادگا و رێکخراو و ھەروەھا جارنامە و ریکەوتننامە و بەیاننامە و کۆبوونەوە دەرچوو و ئەنجامدرا، وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان UN، و ئەنجوومەنی ئاسایش UN Security Council کە لە ساڵی (١٩٤٥) و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ICC لە ساڵی (٢٠٠٢) دامەزران، بۆ مەبەستی دوورکەوتن لە شەر و دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان. بەڵام ئێستا و لە سەدەی بیست و یەکەم کە بە سەدەی تەکنۆلۆژیا و AI بەناوبانگە تازە جیھان بەرەو سەردەمی یاسای جەنگەڵ پاشەکەشە دەکات! ھەر وەکو ھەموومان ئاگادارین ئێستا ئەمریکا بە بیانۆی ھێنانەدی ئاشتی دەیەوێت بە بەکارھێنانی ھێز ئاشتی دروست بکات! و ھەروەھا رۆسیاش بە بیانۆی بەرگری کردن لە بەرژەوەندییەکانی، و بەگشتی ھەموو ئەو وڵاتە زلھێزانە و دوای ئەوانیش وڵاتانی بەھێزی ھەرێمی بە بیانۆی پاراستنی ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی دەست بۆ کوشتن و لەناوبردنی ئەوانی تر دەبەن! ئیتر بیانۆ ھەر چییەک بێت دەکرێت بە دانوستان و دانیشتن و گفتوگۆکردن ھەموو کێشەکان چارەسەر بکرێن، بەڵام ھۆکاری سەرھەڵدانی جەنگ و شەر و وێرانکاری بێگۆمان شتی تر لە پشتیان ھەیە کە بەرژەوەندییەکان دەست نیشانیان دەکەن. کەواتە ھەر وەکو باسمانکرد لە پێشەوە ئەو غەریزەیەی مرۆڤـ کە زۆر بەھێز و ئاڵۆزە ھێشتا ماوە و ھەر دەمینێت و لەبنەرەت ھەر لە ناخی مرۆڤایەتی ھەبووە بە درێژایی نەوەکان. غەریزەی باڵادەستی و چاوچنۆکی و زیاتربوون تەنانەت لەناو تاکی ھەموو مرۆڤەکان ھەیە، و زۆربەمان دەمانەوێت زیاترمان ھەبێت و ئەمەش ھیچ سنوورێکی نییە و مێژوو گەواھیدەرە لەسەری. ئەمەی کە باسمان کرد زیاتر شیکردنەوەیەکی فەلسەفی بنەرەتییە تاکو سیاسی. لە کۆتاییدا ھیوادارین کە قسەکەی ئاڵبرت ئاینشتاین نەیێتە راست، کاتی خۆی لە ساڵی (١٩٤٨) بەپێی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووس (Alfred Werner) کە پرسیاری لێکرد کە ئایا شەری جیھانی سێیەم بە چ چەکێک دەبێت؟ و وەڵامی ئەوە بوو کە ((نازانم جەنگی جیھانی سێیەم بە چ چەکێک دەکرێت، بەڵام دەزانم جەنگی جیھانی چوارەم بە دار و بەرد دەکرێت! .

