میدیا صلاح عوسمان جاف
تیک تۆک پلاتفۆرمێکی بەهێزە بۆ دەربڕینی داهێنەرانە، بەڵام شمشێرێکی دووسەرەیە کە پێویستی بە وریایی هەیە و نابێت زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانیدا بکرێت. تیک تۆک پلاتفۆرمێکی بەناوبانگی جیهانییە و سۆشیال میدیایەکی وەهایە کە زیاتر لە دوو ملیار جار لەلایەن تەمەنە جیاوازەکانەوە دابەزێنراوە؛ بۆ کات بەسەربردن، پەروەردە و بەبازاڕکردن بەکاردێت. هەر کورتە ڤیدیۆیەک بە گشتی (١٥-٦٠) چرکە دەخایەنێت و لەم ئەپەوە دەتوانرێت بە ئاسانی ڤیدیۆ دروست بکرێت بە بەکارهێنانی ئامرازەکانی ناو ئەپەکە.
لەم ساڵانەی دواییدا، ئەم پلاتفۆرمە بووەتە بەشێکی گرنگ لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و یەکێکە لەو پلاتفۆرمانەی ڕۆژانە زۆر بەکاردێت، بە تایبەت بەهۆی کردنەوەی (لایڤ) بۆ بەبازاڕکردن و بابەتی جۆراوجۆر، ئەمەش وای کردووە بەکارهێنەر و بینەری زیاتر بێت. بەڵام ئەگەر بە وردی تەماشای بکەین، هەندێ دیاردەی نێگەتیڤی تێدا سەرهەڵدەدات.
بەکارهێنانی زمانی نەشیاو و بێڕێزی لە هەندێک لایڤدا بەرامبەر بینەران، کاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕەوشتی کۆمەڵایەتی هەیە. لە بازرگانیکردندا هەموو کەس ئازادە چ کارێک دەکات، بەڵام دەبێت هۆشیاریی تەواوی هەبێت لەسەر ئەو شمەکانەی کە دەیانفرۆشێت، نەک بە شێوەیەکی نادروست و بێ شارەزایی کاڵا پێشکەش بکات؛ وەک ئارایشتی ئافرەتان کە زۆر گرنگە بە وریایی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و دڵنیایی لە جۆر و کوالێتییەکەی بخرێتە ڕوو، چونکە پێستی هەر کەسێک بۆ کەسێکی تر جیاوازە.
پاشان لە شێوازی خستنەڕووی ئارایشتی ئافرەتاندا، هەمان ئەو بابەتەی کە دەفرۆشرێت، بەبێ هیچ بیرکردنەوەیەک لە ڕووی تەندروستییەوە لەسەر دەستی خۆیان تاقی دەکرێتەوە و دەفرۆشرێت؛ کڕیاریش دەبێت زۆر هۆشیار بێت و نابێت بەو شێوەیە بەکاریبهێنێتەوە، چونکە ڕەنگە ئەو دەستەی تاقیکردنەوەی لەسەر کراوە نەخۆش بێت و لەم ڕێگەیەوە نەخۆشی بگوازرێتەوە. زمان زۆر گرنگە بۆ ئەو کەسانەی ئەم جۆرە بازاڕکردنە دەکەن، تاوەکو زیاتر ئاشنای بەرهەمەکانیان بن و ڕوونکردنەوە بدەنە بینەر.
کاتێک تۆ بەکارهێنەری شمەکێک نەبیت، ناتوانیت مافی تەواو بە بەرهەمەکە بدەیت.چاولێکەری و فریودان ئەم ئەپەی داگیر کردووە؛ وای لێهاتووە لە جیاتی دەستبردن بۆ کارێکی نوێ و داهێنەرانە کە لەگەڵ دابونەریتی کوردستان بگونجێت، هەموان بە چاولێکەری دەست بۆ هەمان کار دەبەن وەک (ئارایشتی ئافرەتان، جلوبەرگ، قاپوقاچاغ). ئەمە زۆر بە زەقی دەبینرێت، جگە لە فریودانی کڕیار بەرامبەر نرخەکان کە تەنها بۆ بەدەستهێنانی قازانجی خێرا هەوڵ دەدەن.
هەندێک کاتیش بە زمانێکی زبر و نەشیاو بەرامبەر کڕیاران گفتوگۆ دەکەن، کە ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە: کەمبوونی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی، سوودی خێرا، و ئاسانبوونی فرۆشتن بەبێ هیچ باج و کرێیەک. ئەم دیاردانە کاریگەریی خراپیان لەسەر کۆمەڵگە هەیە و متمانەی کڕیار کەمدەکەنەوە. هەروەها کاریگەریی نەرێنی لەسەر گەنجان بەجێدەهێڵن تا ئەوانیش بەردەوام بن لەسەر جوێندان و قسەی ناشیاو لەڕێگەی لایڤەوە لە پێناو دەرکەوتن و کۆکردنەوەی لایک، کە ئەمە لەگەڵ ڕەوشت و دابونەریتی کوردستاندا یەک ناگرێتەوە.
بۆ ئەوەی ئەم پلاتفۆرمە بە شێوەیەکی دروست و گونجاو لەگەڵ دابونەریت بەکاربهێنرێت،
پێویستە ئەم هەنگاوانە بنرێن:
١. ڕێزگرتن لە بینەر و بەکارهێنانی زمانێکی پاراو و دوور لە قسەی ناشیاو، چونکە هەموو چین و توێژەکان بینەرن.
٢. ڕاستگۆیی لە بازرگانیدا بە پێشکەشکردنی زانیاریی دروست لە ڕووی (نرخ، کوالێتی،
سەرچاوە)؛ کڕیارانیش دەبێت لە کڕیندا هۆشیار بن.
٣. هەوڵ بدرێت ناوەڕۆکی سوودبەخش پەخش بکرێت، بە تایبەتی لە ڕووی فێرکاری و کلتووری کۆمەڵایەتییەوە.
٤. بینەریش ڕۆڵی هەبێت لە پشتیوانیکردنی ناوەڕۆکی باش و هەمووان پێکەوە هەوڵی
ڕەتکردنەوەی ئەو سوکایەتی و بێڕێزییانە بدەن کە دەکرێن.
ئەگەر هەموو ئەم هەنگاوانە جێبەجێ بکرێن، کردنەوەی لایڤ و بازاڕکردن دەبێتە ئامرازێکی باش بۆ پەیوەندی، فێربوون و بازرگانییەکی پاک؛ نەک بەو شێوازەی ئێستا کە بووەتە هۆی تێکدانی دابونەریتی کۆمەڵگە و بێڕێزیکردن بە یەکتر بەبێ هیچ هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەک.

