رۆژنامەی ھەولێر

(ما جیان).. ئەو نووسەرەی لە چین دەرکرا و کتێبەکانی سووتێنران

(ما جیان ـ Ma Jian)، شێوەکار و ڕۆماننووس و نووسەری چینی کە نوێترین ڕۆمانی بە ناوی (ڕێگەی تاریک – The Dark Road) بڵاو کردووەتەوە، لەم گفتوگۆیەیدا باس لە تووڕەکردنی دەسەڵاتدارانی کۆمۆنیست، دوورخستنەوەی لە وڵات، و چۆنیەتی بوونە نووسەریی خۆی دەکات.

ـ لە کوێ دەژیت؟
ما جیان: ١٢ ساڵ لەمەوبەر هاتمە لەندەن بۆ ئەوەی لەگەڵ (فلۆرا درو – Flora Drew) هاوبەش و وەرگێڕی کارەکانم بژیم. لەم ماوەیەی ڕابردووشدا چەندین مانگم لە پەکین بەسەر برد، بەڵام ئەوە دوو ساڵە ڕێگەم پێنەدراوە بچمەوە چین، بۆیە ئێستا من ئاوارەیەکی ڕاستەقینەم. پێشتر لەندەن پەناگەیەک بوو بۆ ئەوەی بە ئازادی تێیدا بنووسم، بەڵام ئێستا بووە بە شوێنی دوورخستنەوەم.
ـ ئەگەر جیهانێک وێنا بکەیت کە شۆڕشی کولتووری تێدا ڕووی نەدابێت، هەر دەبوویتە شێوەکار و نووسەر؟
ما جیان: شۆڕشی کولتووری تەنها کارەسات نەبوو کە چینی هەژاند؛ بەڵکوو بزووتنەوەی دژە – ڕاستڕەو و برسیەتییە گەورەکەش هەبوون. ئەگەر لە توێژ و چینێکی تریش لەدایکبوومایە هەر دەبوومە شێوەکار، چونکە لە منداڵییەوە خولیای کێشانی پۆرترێتم هەبوو. بەڵام ئەگەر چین لەژێر دەسەڵاتی (ماوئۆئیست – Maoist)دا نەبووایە، ڕەنگە هەرگیز نەبوومایە بە نووسەر.
ـ چۆن لە شێوەکارییەوە گۆڕایت بۆ نووسین؟
ما جیان: لە تەمەنی بیست ساڵیمدا کە لە پەکین وێنەگرێکی ڕۆژنامەوانی بووم، چومە ناو گروپێکی نهێنیی هونەرییەوە و پێشانگای قاچاغم بۆ تابلۆکانم دەکردەوە. لە ساڵی ١٩٨٣ پارتی کۆمۆنیست هەڵمەتێکی دژی “پیسبوونی ڕۆحی” دەستپێکرد بۆ سەرکوتکردنی هونەری نوێگەرا. پۆلیس ڕژایە ناو ماڵەکەم، تابلۆکانمیان برد و دەستگیریان کردم. کاتێک ئازاد کرام، هۆشدارییان پێدام کە ئەگەر چاک نەبم و واز لەو هوونەرە نوێگەرایە نەهێنم، بزرم دەکەن. ئیتر ئەوە بوو کە خولیای وێنەکێشانم نەما و کارەکەم جێهێشت. دوای سێ ساڵ گەشتکردن، گەڕامەوە و یەکەم نۆڤلێتم بە ناوی (زمانت دەربێنە – Stick Out Your Tongue) نووسی. تێگەیشتم کە نووسین ڕێگەم پێ دەدات قووڵتر و ڕوونتر دیدگای خۆم بۆ جیهان دەرببڕم.
ـ یەکەم پەرچەکردارت چی بوو کاتێک بیستت کتێبی (زمانت دەربێنە) قەدەغە کراوە و سووتێنراوە؟
ما جیان: خەریکی نووسینی کتێبەکە بووم کە پۆلیس دووبارە لە دەرگای ماڵیان دامەوە، بۆیە هەر کە تەواو کرد، چوومە (هۆنگ کۆنگ – Hong Kong) تا بتوانم بەبێ هیچ شڵەژانێک کار لەسەر ڕۆمانی دواترم بکەم. ڕۆژێکیان کە لە کتێبفرۆشییەکی شاری (وانچای – Wanchai) دەژیام، تەلەفزیۆنەکەم داگیرساند و بە سەرسوڕمانەوە کلیپێکم لە تەلەڤزیۆنی چینییەوە لەسەر کتێبەکەم بینیی کە یاساغ کراوە و دەبێت هەموو کۆپییەکانی دەستی بەسەردا بگیردرێن و بسووتێنرێن. دەستبەجێ زانیم ئەمە کۆتایی منە و ژیانی نووسینم لە ناو چین کۆتایی هات.
ـ تۆ دەزگای بڵاوکردنەوەی (New Era and Trends)ت دامەزراند بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو کارانەی کە لە چین قەدەغە بوون. چی وای لێکردیت ئەم پڕۆژانە دابمەزرێنیت و بەمە ژیانی خۆت نەخستە مەترسییەوە؟
ما جیان: دوای کۆمەڵکوژییەکەی گۆڕەپانی (تیانانمەن – Tiananmen)، هەستم کرد دەبێت نەک تەنها بنووسم، بەڵکو بەرگری لە ئازادی ڕادەربڕینیش بکەم. کۆمپانیای چاپم لە هۆنگ کۆنگ دامەزراند و ئۆفیسیشم لە شاری (شینژین – Shenzhen) بۆ دانا، کارەکانی ئەو نووسەرانەم بڵاو دەکردەوە کە ڕێگەیان پێنەدەدرا کتێبەکانیان چاپ بکان. بەڵام لە ساڵی ١٩٩٥ کتێبی یاداشتەکانی کوڕە ناشەرعییەکەی ماوم بڵاوکردەوە، پۆلیس نووسینگەکەمی داخست و هەژمارە بانکییەکانی کۆمپانیاکەی بەست. ئەوەش کۆتایی ئەو پڕۆژەیە بوو.
ـ باسی بەرنامەی بەیانیانت بکە.
ما جیان: بەیانیانم زۆر جەنجاڵە. من و فلۆرا چوار منداڵی بچووکمان هەیە، بۆیە شەوان درەنگ ئەو کاتەی کە ماڵەکە بێدەنگ دەبێت، دەنووسم. سەعات ٣ی بەیانی لە ژووری کارەکەم دەخەوم، بەڵام دوو سەعات دواتر منداڵە دووانەکانم هەڵدەستن و دێنە سەر سەرم. سەعات ٨ پانکەیک بۆ منداڵەکان دروست دەکەم، پاشان تا ١١ دەخەومەوە. ڕۆژی ڕاستەقینەی من لە کاتژمێر ١١وە دەستپێدەکات؛ قاوەیەک دەخۆمەوە، تەلەفۆن بۆ هاوڕێکانم لە پەکین دەکەم و دەست دەکەم بە بیرکردنەوە لە نووسین.
ـ خوویەکی جیاوازت هەیە؟
ما جیان: خوویەکی ئەوتۆم نییە، بەڵام بەبێ چای سەوز ناژیم. ئێستا کە ناتوانم بگەڕێمەوە بۆ چین، داوا لە هاوڕێکانم دەکەم کە دێن بۆ سەردانم، چای سەوزیشم بۆ بهێنن.
ـ سێ کتێبی چینیمان بۆ پێشنیار بکە کە سەرەنجڕاکێشن بەلاتەوە؟
ما جیان: باشە دەتوانم ئەم سێکتێبەتان بۆ پێشنیار بکەم: کتێبی (حیکایەتە سەیرەکانی لیاوژای – Strange Tales of Liaozhai) لە نووسینی نووسەری شانشینی چینگ (پۆ سۆنگلینگ – Pu Songling) کە چیرۆکی بانسروشتییە و تێیدا جنۆکە و شەیتانەکان لە مرۆڤەکان میهرەبانترن. کتێبی دووەم (چین ١٩٥٧ – China 1957)ە کە لە نووسینی (یو فێنگوێی – You Fengwei)ییە و باس لە چەوساندنەوەی ڕۆشنبیران دەکات لەلایەن ماو. کتێبی سێیەمیش (شارۆچکەی سنووری – Border Town)یە لە نووسینی (شێن کۆنگوێن – Shen Congwen) کە وێنایەکی جوانی گوندەکانی چینی تدا خراوەتە ڕوو لە ساڵانی ١٩٣٠.
ـ چۆن نەخشەڕێگە و پلان بۆ نووسینی کتێبەکانت دادەڕێژیت؟
ما جیان: هەر کتێبێکم وەک وێنایەک لە مێشکمدا دەستپێدەکات کە ناتوانم خۆمی لێ ڕزگار بکەم. بۆ نموونە بۆ کتێبی (کۆمای پەکین – Beijing Coma)، وێنای چۆلەکەیەک بوو کە نیشتبووەوە سەر جەستەی پیاوێکی ناو کۆمابوو (غەیبووبە). ئیتر دیوارەکانی ژوورەکەم پڕ دەکەم لە نەخشە و وێنە و شیعر و پێکهاتەیەکی ناڕوون دادەڕێژم. دوای ڕەشنووسی یەکەم، حەز دەکەم سەردانی ئەو شوێنانە بکەم کە لە کتێبەکەمدا دەیانهنمەوە، بۆ ئەوەی ڕیتمی قسەکردنی خەڵک و ڕەنگی سروشتەکە هەست پێ بکەم. تا ڕەشنووسی سێیەم یان چوارەم کارەکتەرەکانم کۆنترۆڵی ڕۆمانەکە دەکەن و هەر ئەوانن بڕیار دەدەن کە چۆن کۆتایی بە کتێبەکە دێت.
ـ پڕۆسەی کارت لەگەڵ هاوسەر و هاوبەشەکەت (فلۆرا درو) چۆنە کاتێک کتێبەکانت وەردەگێڕێت؟
ما جیان: لە سەرەتادا وەڵامی پرسیارە زۆرەکانی دەدەمەوە و گفتوگۆیەکی ورد دەکەین، بەڵام لە کۆتاییدا کە کاتی وەرگێڕانەکەی ئیتر ئەم گفتوگۆ و پرسیارانە کەم دەبنەوە، تەنها کاری من دەبێتە ئەوە کە زوو زوو چا و چکولاتی بۆ ببەم.
ـ لەسەر مێزی کارەکەت چی دەپارێزیت؟ دیمەنی ژوورەکەت چۆنە؟
ما جیان: ژوورەکەم پڕە لە کتێب. پەنجەرەکەم دەڕوانێتە سەر باخچەی دراوسێکەمان کە پڕە لە گیای کێوی و مێزێکی بیلیاردی فڕێدراو.
ـ چی دەتخاتە پێکەنین؟
ما جیان: ئەو پرسیارە بێ وەڵامانەی منداڵە جمکەکانم کە لێم دەکەن، بۆ نموونە: “باوە، بۆچی گوێت لێرەیە؟”
ـ چی دەتگریێنێت؟
ما جیان: ئەو هەموو هێرش و سوکایەتییەی بۆ سەر کەرامەتی مرۆڤ لە چین بینیومە.
ـ ئایا هیچ باوەڕێکی خورافیت هەیە؟
ما جیان: لەگەڵ تەمەندا زیاتر بوومەتە مرۆڤێکی خورافی. ساڵی ٢٠١٣ ساڵی بورجی چینی منە و دەڵێن ساڵێکی شوومە، بۆیە تەسبێحی پیرۆز لە دەست دەکەم بۆ دوورکەوتنەوە لە ئەهریمەن و شەیتانەکان.
ـ شتێکت هەیە کە بەردەوام پێت بێت؟
ما جیان: پێنووس، دەفتەری تێبینی و لایتێکی بچووک.
ـ ئەگەر بتوانیت کەسێکی مردوو زیندوو بکەیتەوە، کێ دەبێت؟
ما جیان: دایکم. ساڵی ڕابردوو نەخۆش کەوت. داوام لە حکومەتی چین کرد تا بگەڕێمەوە و بیبینم بەڵام ڕەتیان کردەوە. کاتێک بیستم تەنها چەند ڕۆژێکی لە تەمەن ماوە، چوومە هۆنگ کۆنگ و لە پاسەوانانی سنوور پاڕامەوە کە ڕێگەم بدەن، بەڵام دەریان کردم. دوای مردنی، ڕێگەیان پێدام تەنها بۆ ناشتنی خۆڵەمێشەکەی بگەڕێمەوە.
ـ شتێکمان پێ بڵێ کە کەس نایزانێت؟
ما جیان: حەزم لە دروستکردنی کێکی ئیسفەنجی و ماکەرۆنییە.
ـ سووکەژەمی دڵخوازت چییە؟
ما جیان: خورمای چینی و ناوکە گوڵەبەڕۆژەی برژاو.
ـ چ ئامۆژگارییەکت بۆ نووسەرە تازە لاوەکان هەیە؟
ما جیان: ١٠ هەزار کتێب بخوێنەرەوە، ١٠ هەزار میل گەشت بکە.
ـ حەز دەکەیت چی لەسەر کێلی قەبرەکەت بنووسرێت؟
ما جیان: کێلی قەبرم ناوێت. دەمەوێت منداڵەکانم خۆڵەمێشەکەم بەسەر شاخێکدا یان لە ناو دەریا بڵاو بکەنەوە.
تێبینی:
ئەم چاوپێکەوتنە کورت و دەستکاری کراوە.