ئەمڕۆ دووشەممە 2026.4.27، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە مەبەستی پەرەپێدانی کەرتی ئاودێری و پشتبەستن بە بنەما زانستییەکان، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری هەولێری کرد و لەلایەن بەڕێوەبەر و بەرپرسانی بەشەکانەوە پێشوازیی لێکرا.
لە میانی سەردانەکەیدا، پارێزگاری هەولێر “ناوەندی سەرچاوەکانی ئاو و خاک”ی لە نێو باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتییەکەدا کردەوە. ئەم ناوەندە وەک دەزگایەکی زانستی و داتایی نوێ کاردەکات بۆ کۆکردنەوەی توێژینەوە ئەکادیمییەکان و پێشکەشکردنی ڕاوێژی پسپۆڕانە لە بواری بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر.
دوای کردنەوەی ناوەندەکە، کە بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەویی و بەرپرس و بەڕێوەبەرانی بەش و هۆبەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە و ئەندازیاران ئامادەی بوون، پارێزگاری هەولێر، دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری هەولێر و سەرجەم ئەندازیار و کارمەندانی کرد بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە گرنگە، هەروەها جەختی لەسەر پشتگیری پارێزگا کردەوە بۆ هەر دەسپێشخەرییەک کە خزمەت بە پاراستنی سامانی ئاو و خاک بکات.
جێگەی باسە، ئامانج لە دامەزراندنی ئەم ناوەندە، دروستکردنی بنکەیەکی زانیاریی بەهێزە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ لە ڕێگەی نەخشەی دیجیتاڵیی خاک و ئاوەوە. بە کردنەوەی ئەم ناوەندە، هەولێر هەنگاوێکی گرنگ دەنێت بەرەو بەدیجیتاڵکردنی زانیارییە ژینگەییەکان و دابینکردنی سەرچاوەی باوەڕپێکراو بۆ توێژەران و بڕیار بەدەستان، تا بتوانرێت بە شێوەیەکی زانستی و سەردەمیانە سنوورێک بۆ بەهەدەردانی سەرچاوە سروشتییەکان دابنرێت.

