رۆژنامەی ھەولێر

یاریزانانی ریاڵ هەڵوێستی خۆیان بە پێرێز لەسەر ئەربیلووا راگەیاند

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

یاریزانانی ریاڵ هەڵوێستی خۆیان بە پێرێز لەسەر ئەربیلووا راگەیاند
ئێستە لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی كۆتاییهاتنی خولەكانی تۆپی پێ، بە تایبەت كە ریاڵ مەدرید تەنیا لە خولی ئیسپانیا یارییەكانی ماوە و لەو خولەش تا ڕاددەیەكی زۆر بێهیوا بووە، دەنگوباس و قسە لەسەر مانەوە یان نەمانەوەی ئەلڤارۆ ئەربیلووای راهێنەری یانەكە دەكرێ.
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆكی یانەی ریاڵ مەدرید، دەركی بەوە كردووە كە زۆربەی یاریزانانی یانەكەی، دەیانەوێ ئەربیلووا لە یانەكە بەردەوام بێ، ئەوەیش بە پێی زانیارییەكانی رۆژنامەنووس تۆماس گۆنزالێسی رۆژنامەنووسی ئێل دیبەیتی ئیسپانییە.
ئەو بۆچوونەی یاریزانانی ریاڵ مەدرید، لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە ئەلڤارۆ ئەربیلووا، ڕۆڵی گەورەی لە پێكگونجان و ڕێكخستنەوەی ژووری جلگۆڕینی یانەی ریاڵ مەدرید و پیشاندانی ناسنامەی یانەی ریاڵ بە شێوەیەكی ڕوون هەبووە.
ئەو رۆژنامەنووسە باسی لەوە كردووە: لە نێو یانەكە هەڵسەنگاندنێكی گشتگیر دەكرێ لەسەر ئەربیلووا، نەك تەنیا لە رووە باشەكەی، بەڵكوو پرس و بەدواداچوون لەسەر توانای ئەو لەبارەی پارێزگاری لە ئاستی یانەكە و ئاستی ڕێككاری لە قۆناغە یەكلاكەرەوەكانی خولەكەدا، دەكرێ.
باسی لەوەش كردووە، سەرەڕای ئەوەی بەشێكی زۆری یاریزانانی یانەی ریاڵ مەدرید خواستیان لەسەر مانەوەی ئەربیلووایە، بەڵام هێشتا بڕیارەكە یەكلا نەكراوەتەوە، بەڵكوو لە نێو یانەكە گفتوگۆ لەسەر پێویستیی بوونی راهێنەرێكی ئەزمووندارتر دەكرێ و بتوانێ ژووری جلگۆڕینی یاریزانان جڵەو بگرێ، كە ئێستە وا دەناسێنرێ، ژوورەكە پێبەندی لەدەست دراوە.
چەندان ڕاپۆرت بەم دواییە بڵاو كرانەوە و باسیان لەوە دەكرد، كە نزیكە ئەربیلووا دوای زنجیرەیەك ئەنجامی خراپ، لە ئەركی راهێنەرایەتیی یانەكە نەمێنێ، بە تایبەت لە هەردوو ئاستی ناوخۆیی و ئەورووپییش ئەنجامەكانی وەكوو پێویست نەبوون و زۆر نزیكە لەوەی ئەم وەرزە ریاڵ مەدرید بەبێ ناسناو وەرزەكە كۆتایی پێ بهێنی.

ئەو یاریزانەی ئامانجی بەرشلۆنە بووە، ڕەزامەندە لەسەر چوونی بۆ میلان
یەكێك لەو یاریزانانی ئامانجی یانەی بەرشلۆنەیە بۆ وەرزی داهاتوو، ڕەزامەندە لەسەر چوونی بۆ یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی.
ئەلێكسەندەر سۆلۆس، هێرشبەری یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید، یەكێكە لە ئامانجەكانی یانەی بەرشلۆنە بۆ ئەوەی هێڵی هێرشبەری یانەكەی پێ پاڵپشت بكا، بە تایبەت كە بۆ بەرشلۆنە سەختە بتوانێ گرێبەست لەگەڵ جۆلیان ئەلڤارۆی بەها 100 ملیۆن یۆرۆیی بكا.
رۆژنامەی لا گازێتتا دێللۆ سپۆرتی ئیتاڵی باسی لەوە كردووە، كە یانەی میلان ئێستە كار لەسەر ئەوە دەكا، ئامادەكاریی بۆ وەرزی نوێی 2026 – 2027 بكا و چەند یاریزانێكی بۆ ئەو مەبەستە دیاری كردووە، بۆ ئەوەی لەو وەرزەدا بە ڕژدی ڕكەبەری لەسەر ناسناوی ئەورووپا بكات.
كارگێڕیی یانەی میلان، هەوڵ دەدا پێكهاتەكەی ئێستەی بەهێز بكا و چەند گرێبەستێك واژۆ بكا، لە پێشینەكاری دەستخستنی هێرشبەرێكی سەرەڕمە بۆ ماوەی گواستنەوەی داهاتووی هاوینە.
رۆژنامەكە باسی لەوە كردووە، كە سۆرلۆسی نەرویجی، ڕەزامەندە لەسەر ئەو گرێبەستەی میلان پێشكەشی كردووە، بۆیە ئێستە یانەی میلان لەگەڵ یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریددا دەست بە دانوستان دەكا بۆ ئەوەی ڕەزامەندیی ئەو یانەیەیش بە دەست بهێنێ.
چاوەڕێ دەكرێ كە لە چەند هەفتەی داهاتوو دانوستانی نێوان هەردوو یانە لەسەر ئەو یاریزانە دەست پێ بكا، لە كاتێكدا رۆخیبلانكۆس هەموو سەرنجی لەسەر خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپایە، دوای ئەوەی بەرشلۆنەی تێپەڕاند و گەیشتە نیوەی كۆتایی پاڵەوانیەتییەكە.
ڕاپۆرتەكان ئاشكرایان كردووە، كە یانەی میلان، پلان دادەنێ یەكەم ئۆفەری بۆ ئەو یاریزانە 20 ملیۆن یۆرۆ بێ و پێش دەستپێكردنی یارییەكان مۆندیال ئەو دەستپێشخەرییە بكات، بەو پێیەی دەیەوێ زوو یەكلای بكاتەوە و مۆندیال نەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای بازاڕگێڕی ئەو یاریزانە.
یەکێک لەو هۆکارانەی کە وای لە یانەی میلان کردووە، ئەلێکسەندەر سۆرلۆس بکاتە ئامانج، ئەوەیە لە ٤٨ یاریدا بە درێسی ئەتلەتیکۆ مەدرید لە سەرجەم خول و پاڵەوانیەتییەکان ١٧ گۆڵی تۆمار کردووە.
یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید، ٤٠ ملیۆن یۆرۆی دیاری کردووە وەکوو بەهای دەستبەداربوون لەو یاریزانە، بەڵام ڕەنگە تا کۆتایی وەرز گەر ئاستی وەکوو ئێستە بەردەوام نەبێ، یان تا مۆندیال گرێبەست نەکا، بەهاکەی بۆ ٢٥ ملیۆن یۆرۆ دابەزێ.
لە هەمان چوارچێوەدا، لیۆن جۆریتسكای ئەڵمانیش لەسەر هەمان ڕێڕەوە، كە ئێستە لەگەڵ بایرن میونشن لە نیوەی كۆتایی چامپیۆنس لیگدایە و دووپاتی كردووەتەوە كە كۆتایی ئەم وەرزە یانەكە جێ دەهێڵێ.
جۆریتسکا، دەبێتە یاریزانێکی ئازاد بۆ هەر یانەیەک بیەوێ بۆی بڕوات، دوای ئەوەی ڕەتی کردەوە بۆندەکەی لەگەڵ یانەی بایرن میونشن نوێ بکاتەوە، سەرەڕای ئەوەی دووپاتی کردەوە پەلە لە کۆتاییهاتنی دانوستانەکان ناکات.
رۆژنامە ئیتاڵییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئۆفەری میلان بۆ ئەو یاریزانە ئەڵمانییە، بۆ ماوەی سێ ساڵە، لەگەڵ بژاردەی نوێکردنەوە و درێژکردنەوەی گرێبەستەکە بۆ وەرزێکی دیکە.
سەرەڕای ڕەزامەندیی جۆریتسکا لەسەر بیرۆکەی چوون بۆ یانەی میلان، چاوەڕێ دەکرێ لە چەند هەفتەی داهاتوودا گرێبەست و ئۆفەری دیکەی بۆ بچێ، کاتێک ئەو یاریزانە ٣١ ساڵانە بڕیاری دا بڕیاری کۆتایی لەبارەی یانەی داهاتوویەوە بۆ کۆتایی وەرز دوا بخات.
لەلایەکی دیکەوە، هەمان رۆژنامە باسی لەوە کردووە، بەڕێوەبەرانی یانەی ئەی سی میلان، قسەیان لەگەڵ بریکاری ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسکیی یاریزانی پۆڵەندیی یانەی بەرشلۆنە کردووە، بەڵام ئەو مووچە بەرزەی داوایان کرد، لە سەرووی ئاست و توانای دارایی یانەی بەرشلۆنەوە بوو.
بۆ یاریزان دوسان ڤلاهۆڤیچی هێرشبەری یانەی یۆڤێنتۆسیش هەمان دۆخە، هەرچەندە جیاوازیی نێوان داواکارییەکانی هێرشبەرە سڕبییەکە و ئۆفەرە پێشبینیکراوەکەی یانەی میلان زۆر گەورە نییە بە بەراورد بەو جیاوازییەکەی لەگەڵ لیڤاندۆڤسکی هەیە.
بۆ زانین، گرێبەستی هەریەک لە ڤلاهۆڤیچ و لیڤاندۆڤسکی، لە مانگی شەشی داهاتوو کۆتایی دێ و ئەو کات دەتوانن بە شێوەی ئازاد بچنە هەر یانەیەک کە بیانەوێت.

هۆکاری پێکانەکەی ڕافینیا لە هەڵبژاردەی بەڕازیل ئاشکرا کرا
ڕاپۆرتێکی مێدسیایی، هۆکاری پێکانی ئەم دواییەی یاریزانی بەڕازیلی ڕافینیای ئاشکرا کرد، کە لە یاریی دۆستانەی ئامادەکاریی نێوان بەڕازیل و فەڕەنسا تووشی بوو.
دوای چەند هەفتەیەک دابڕان، یاریزانی بەڕازیلی رافینیا نزیکە لە گەڕانەوەی بۆ نێو یاریگەکان، کە لە مانگی ئاداری ڕابردوو تووشی پێکان هاتبوو.
بە پێی زانیارییەکانی رۆژنامەی کاروسی دیپۆرتیفۆ، کە لە ئێزگەی کادینا سێری ئیسپانی وەریگرتووە، ڕافینیا لە رووی ئاست و ژمارە و ئامارەوە وەرزێکی زۆر باشی هەبوو، بەڵام ئەو دۆخەی لە بەڕازیل پێچەوانەی دۆخی یاریکردنیەتی لە بەرشلۆنە، بەراورد بە یاریزانانی دیکەی بەڕازیل، لەوێ وەکوو ئەستێرە دانانرێ.
رۆژنامەنووس سیکی رۆدریگێر، روونی کردەوە، کە یاریزانە بەڕازیلییەکە لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە هەموو یارییەکان بەوپەڕی هێز و توانایەوە یاری دەکات و لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ ئەوەی خۆی بسەلمێنێ و ڕێزی خۆی لە نیشتمانەکەی بە دەست بهینێ.
ڕوونیشی کردەوە، کە ئەو فشاری دەروونی و ئارەزووی بەردەوامی خۆسەلماندنە، وای لێ کرد کە هەموو توانای جەستەیی بەبێ ڕادە لەو یارییەدا بەکار بهێنێ، بۆیە لە یارییەکەی فەڕەنسا تووشی ئەو پێکانە هات.
ئەو رۆژنامەنووسە ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە بەرپرسانی یانەی بەرشلۆنە، ڕێنوێنیی ڕافینیایان کردووە کە خۆی جڵەو بکات و هەموو وزەی لە یارییە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ بەڕازیل خەرج نەکات، بەڵام یاریزانەکە ئەو ڕێنوێنییەی بە هەند وەرنەگرتووە.
ڕاپۆرتەکە باسی لەوە کردووە، کە یاریزانەکە پێشت بیری لەوە دەکردەوە لەگەڵ بەڕازیل درێسی ژمارە ١٠ بپۆشێ، پێش ئەوەی نزیکانی ڕێنوێنی و ئامۆژگارییان کرد، کە خۆی لەو فشارە و خۆئەزیەتدانە بە دوور بگرێ.
ڕاپۆرتەکە باسی لەوەش کردووە، کە ڕافینیا، سەرەڕای ئەو ئاستە بەرزەی لەگەڵ بەرشلۆنە و تۆماری کردن ١٩ گۆڵ و دروستکردنی ٧ گۆڵ لەم وەرزە، بەڵام هێشتا دەیەوێ لە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی خۆی بسەلمێنێ، ئەوەیش لە ماوەی یاریکردن و هەوڵدانی لە یارییەکەدا ڕەنگی دایەوە.