حەمەسەعید حەسەن
لە دڵێکەوە کە ژەنگی نەگرتووە
کە تەنیا بڕوای بە وشە هێناوە
باسی ئەڤینێکی ناوەختت بۆ دەکەم
ئەڤینێک دڵنیایی بە تەباییی نێوان
ڕیتمی ڕۆح و هاوسەنگیی جەستە دەبەخشێت
ئەڤینێک خۆی لە شیعرێکدا نمایش دەکات
نزیک لە ویژدان
شیعرێک هەوڵی بۆ ئەوەیە
بە داوی وشە
مەلی ئەو خڵتەیە ڕاو بکات
لە بنی پەرداخی ڕۆحدا هەڵکورماوە
ئەڤینێک دەخوازێت
گوڕێک بە ڕیتمی خاوی بوون بدات
ترس کەویی بکات
ئەڤینێک نە لە شیعردا دیل دەکرێت
نە لە پەخشاندا لە شەققەی باڵ دەدات
ئەڤینێک هیچ گومانم لەکن ناهێڵێت
نامۆم بە زمان
دەستەوسانم بەرانبەر دەربڕین
ئەڤینێک دیوار دەخاتە نێوان
ڕامان و گوتنەوە
ئەڤینێک ڕۆح دادەگیرسێنێت و
دڵ خامۆش دەکات
ئەڤینێک نە درۆیەکی خەمڕەوێنە
نە ڕاستییەکی تاڵ
ئەڤینێک نە پێوەندیی بە ڕابردووەوە هەیە
نە ئایندەی دیارە
ئەڤینێک لە سیاسەت ناچێت
کە هەمان کرۆکە و هەر جارە و
لە فۆرمێکی نوێدا خۆی پیشان دەدات
ئەڤینێک هەنگوینێک نییە
ژاری تێ کرابێت
ئەڤینێک، سەرسووڕهێن دەستی پێ کرد و
وەک مەحاڵ وایە
پێشبینیی کۆتایییەکەی بکرێت

