ڕائیب جادر – هەولێر
لافاو و بارانی ئەم دوایە بە دەیان پردی ھاتووچۆی برد، بەوەش ڕێگەی دەیان گوندی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کێشەی بۆ گوندنشینان دروست کردووە، ئەوەش وای کرد ھەر زوو لایەنە پەیوەندیدارەکان ھەڵمەتێکی فراوان بۆ چاککردنەوەی ئەو ڕێگەوبان و پردانەی کە تێکچوونە دەستپێبکەن.
خێرای ھەنگاوەکانی حکوومەت بۆ بە ھانەوەچوونی گوندنیشان و دەستبەجێ نۆژەنکردنەوەی پرد و ڕێگەوبانەکان دەبێتە ھۆی ئاساییکردنەوەی دۆخی ھاتووچۆ لە نێوان سەنتەری قەزاکان و گوندەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ھاووڵاتییانیش سوپاسی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن کە ھەر زوو دوای بارینی باران و دروستبوونی لافاو دەستیان بە نۆژەنکردنەوەی ڕێگەوەبانەکان کردووە.
ئێحسان چەلەبی، قایمقامی قەزای سیدەکان، ئاشکرای کرد: ئەو لافاوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو بووە ھۆی تێکچوونی ژمارەیەکی یەکجار زۆر پرد و ڕێگەوبانی گوندەکان، ئەوەش وای کرد ھەر زوو دەست بە چاککردنەوەی ڕێگەوبانەکان بکەین بۆ ئەوەی ئاستەنگی ھاتووچۆ کە لە نێوان گوندەکان ھەیە نەھێڵین و گوندنشینان بە ئاسانی ھاتووچۆ بکەن، لە ئێستادا تیمەکانی ئێمە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی سۆران سەرقاڵی چاککردنەوەی ئەو ڕێگەوبانانەن، ئەو ھەڵمەتەش بەردەوام دەبێت تا ڕێگەی ھەموو گوند و ئاواییەکان ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام شەپۆلەکە ئەوەندە بەھێز بوو ھەندێک لە گوندەکان پێویستیان بەوەیە ڕێگەی نوێ بۆ دروست بکرێت، زەرەر و زیانەکانیش بە سەدان ملیۆن دینار دەخەملێنرێن.
لەلایەکی دیکەوە ئەندازیار ڕزگار دۆلەمەری، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی قەزای مێرگەسۆر، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیەکەمان شەو و ڕۆژ بەردەوامن لە خاوێنکردنەوەی ڕێگە سەرەکییەکان لە قوڕ و لیتە و پارچە بەرد و شاخی داڕماو، تا ئێستا توانیویانە ڕێگەی سەرەکی مێرگەسۆر- سۆران، ڕێگەی سەرەکی لێلووک- بەڕۆژ – بۆکران، ھەروەھا ڕێکخستنەوەی ڕێگەی سەرەکی مەیدانۆکا – شیوەتوو- زەرگەتە، ھەروەھا ڕێگەی سەرەکی ئەشکەوتووا – شێتنە – شێخان لە سنوری قەزای مێرگەسۆر خاوێن بکەنەوە، بۆ ئەوەی ئاستەنگی ھاتووچۆ نەمێنێت و گوندنشینان و ئەو گەشتیارانەی لەو وەرزەدا سەردانی ناوچەکە دەکەن بە ئاسانی بگەنە شوێنی مەبەست.

