سلێمان تاشان – ههولێر
بارانێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان باریوە و بە خۆشییەوە زۆربەی بەنداوەکان سەرڕێژ بوون، سەرەڕای ئەوەی کە لە مانگی ئایار نزیک دەکەوێنەوە بەڵام هێشتا شەپۆلی بارانەکان بەردەوامن و ژینگە و دەشت و چیای کوردستان بە تەواوی ژیاوەتەوە، کانیاوەکان تەقیوەنەتەوە دیمەنی کوردستان بۆتە تابلۆیەکی دڵڕفێن کە جوانییەکەی بە نووسین وەسف ناکرێت.
ئەم ژینگە جوان و دڵڕفێنە کە خوا بە کوردستانی بەخشیوە پێویستی بە پاراستن و پاکڕاگرتن هەیە بەڵام بەداخەوە هێشتا زۆرینەی خەڵک گرنگی بە پاکڕاگرتنی ژینگە نادەن و زبڵ و خاشاکەکانیان هەر لە سروشت جێدەهێڵن بێ ئەوەی بیر لە کاریگەرییەکانی بۆ سەر ژینگە بکەنەوە.
خەڵک ژینگەی کوردستانی خۆشدەوێت وڵاتەکەی خۆشدەوێت و وێنەی یادگاری لە تەنیشت رووبار و لەپاڵ چیا و لە بن دار و درەخت دەگرێت بە جلی کوردی دەردەکەوێت بەڵام ئەو نیشتمانپەروەرییەی نەگۆڕاوە بۆ شعووری نەتەوەیی و نەبۆتە هۆی ئەوەی بە گیان و بە دڵ سروشت و ژینگەی وڵاتەکەی بپارێزێت.
سەردانی هەر تەپۆڵکێک، چیایەک یان پێدەشتێکی ئەو هەرێمە دەکەیت هەست بەوە دەکەیت خەڵک چ ستەمێکیان لە ژینگە کردووە و چۆن جوانییەکانیان شێواندووە و ئەگەر ئەم دۆخە بەم شێوەیە بەردەوام بێت ئەوا ژینگەی کوردستان زۆر بە خراپی تێکدەچێت و بە ئاسانی خاوێن ناکرێتەوە.
لە راستیدا ئەوەی هۆکاری سەرەکییە لە پیسبوونی ژینگەی کوردستان کارگە پیشەسازییەکان، وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا نین بەڵکو تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردستان خۆیانن.
ئەو مەوادە پلاستیکییەی هاووڵاتیان لە سەیرانگەکان لە دوای خۆیان جێیدەهێڵن مەترسیدارترین هۆکارە لە پیسکردنی ژینگەی کوردستان. ئاخر ئەو مەوادە پلاستیکییە بە سەدان ساڵی تر شیتاڵ نابن و هەر لە گەڵ خۆڵ و ئاوی کوردستان دەمێننەوە کە دواتر کاریگەری خراپی تەندروستیان بۆ سەر کشتوکاڵ و ئاسایشی خۆراک دەبێت.
بەداخەوە کەس بە کردەوە خەم لە ژینگە ناخوات و لەم رووەوە هەست بە بەرپرسیارێتی ناکدن، لە کاتێکدا ئەم پرسە شایانی ئەوەیە ساڵانە کۆنفرانس و کۆنگرەی گەورەی لەبارەوە پێکبهێنرێت و رێکار و رێگە چارەی جیاواز بۆ ئەوە بدۆزرێتەوە و هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە کەم بکرێنەوە. بابەتەکە هی ئەوەیە وتاری رۆژی هەینی بۆ تەرخان بکرێت و لە رەهەندە ئایینییەکەوە خەڵک لەوە تێبگەیەنرێن کە پاک و خاوێنی بەشێکە لە ئیمان.
چارەسەرییەکان دەکرێ فرە رەهەند بن، دەکرێت لە رێگریکردن لە هاوردەکردنی هەندێک مەوادی پلاستیکی وەک کەوچک و سفرەی پلاستیکی دەست پێ بکرێت، یان کۆمپانیایەک داوا بکرێت بە کۆکردنەوەی مەوادی پلاستیکی هەڵبستێت و دووبارە ریسایکڵی بکاتەوە. دەکرێت لایەنە پێوەندیدارەکان بودجەیەک بۆ کڕینەوەی مەوادی پلاستیکی لە خەڵک تەرخان بکەن بۆ نموونە پاشماوەی مەوادی پلاستیکی بە نرخێک لە خەڵک بکڕدرێتەوە و خەڵک خۆیان بەشدار بن لە کۆکردنەوەی مەوادی پلاستیکی دەشت و سەیرانگەکان لە جیاتی ئەوەی پیسی بکەن. دەکرێت لە رێگە سەرەکییەکان و ئەو شوێنانەی کە خەڵک زیاتر لە شوێنی تر بۆ سەیران رووی تێ دەکەن زبڵدانی گەورە دابنرێت و خەڵک زبڵەکانیان بۆ ئەم زبڵدانانە بگوازنەوە.
کەلتوورسازی و تێگەیاندنی خەڵک لە گرنگیی پاکراگرتنی ژینگە دەکرێت هەنگاوی جیددی بۆ بنرێت و تەنانەت پێویستە سزا بۆ ئەو جۆرە سەرپێچییە دیاری بکرێت و یاسای تایبەتیی بۆ دابنرێت. پێویستە پرسی ژینگە لە پەروەردە، یاسا، سیاسەت و راگەیاندن و سەرجەم کایەکان رەنگ بداتەوە و کار بۆ دروستکردنی تاکێک بکرێ بە شعوورەوە کوردستان و نیشتمانەکەی خۆش بوێت، بە پاکی رایبگرێت و پارێزگاری لە ئاو و خاک و هەواکەی بکات.

