بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر رایدەگەیەنێت كە ئێستا بەشێك لە مامەڵەكانی پسوولەی خۆراكی ئەلیكترۆنی بووەتەوە و هاووڵاتییان دەتوانن سەردانیان بكەن یاخود هەر لە ماڵەوە مامەڵەكانیان ئەنجام بدەن.
بەڕێوەبەرایەتییەكە لە ئاگادارییەكدا رایدەگەیەنێت: ئێستا مامەڵەی سڕینەوەی ناوی کۆچکردوو (وفاة) و هەروەها جیابوونەوەی هاوسەران (طلاق) لە پسوولەی خۆراكی ئەلیكترۆنی كراوەتەوە.
هەروەها رایدەگەیەنێت: هەر هاووڵاتییەك ئەم مامەڵانەی هەیە دەتوانێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بکات بۆ ڕاییکردن و جێبەجێکردنی مامەڵەکانیان .
پێداویستییەکانی بۆ مامەڵەی کۆچکردوو ئەمانە دەبێت:-
1- وەفاتنامەی ڕەسەن
2- کارتی نیشتمانی کەسی کۆچکردوو
3- پسوولەی خۆراکی پێشوو
پێداویستییەکانی مامەڵەی جیابوونەوە:
1- تەڵاقنامەی ڕەسەن ئەبێت رێكەوتی ڕاستاندن (تصديق)ی ساڵی 2026 لەسەر بێت .
2- کارتی نیشتمانی کەسی جیابووەوە .
3- پسوولەی خۆراک، ئەگەر پسوولەی خۆراکەکەی لەلا نەبوو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەمانەوە بەدەلێکی بۆ چاپ دەکرێت .
بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر ئاماژەی بەوەشداوە كە هاووڵاتییان بۆ هەردوو مامەڵەكە دەتوانن لە ئەپلیکەیشن بە شێوازی ئەلیکترۆنی ئەنجامی بدەن بەبێ گەڕانەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیەکەمان، ئەگەریش نەیانتوانی ئەمە بكەن ئەوا دەتوانن سەردانیان بکەن تاکو ئاسانکارییان بۆ بکەین .

