رۆژنامەی ھەولێر

بە گوژمەی نزیكەی ( 100 ملیار دینار ) پڕۆژەی دانانی ( 3 ) وێستگەی ( 132 ) کەی ڤی کارەبا، بۆ ( 8ی حەسارۆكان، ناوچەی پیشەسازیی تیمار، شەمامك ) جێبەجێ دەکرێت

( بۆ ناوەڕاستی مانگی ( 6 )ی ئەمساڵ تەواوی سنووری پارێزگای هەولێر، دەبێتە كارەبای 24 كاتژمێری )

ئەمڕۆ یەکشەممە 2026.4.26، بە سەرپەرشتی کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی بەپرسانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان، کۆبوونەوەیەکی تایبەت سەبارەت بە دانانی (3 ) وێستگەی ( 132 ) کەی ڤی کارەبا لە ( 8ی حەسارۆكان، ناوچەی پیشەسازیی تیمار، ناحیەی شەمامک ) بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، كە تەوەری سەرەکی تایبەت بوو بە بڕیاری دانانی جێبەجێکردنی هەر سێ وێستگەكە، وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ چارەسەرکردنی گرفتە تەکنیکییەکانی ئەو سنوورانە. وەزیری کارەبا، وێڕای سوپاسی هاریكاری و هەماهەنگی بەردەوامی پارێزگاری هەولێر، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئەم وێستگانە دەبنە هۆی جێگیربوونی ڤۆڵتیە و کەمکردنەوەی ئەو گوشارە زۆرەی کە لە ئێستادا لەسەر فیدەرەکانی ناوچەکاندا هەیە، ئەمەش خزمەتێکی گەورە بە دانیشتوانی سنوورەکان و کەرتە جیاوازەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی لە سنووری پارێزگاكە دەگەیەنێت.

پاشان” تیشك خرایە سەر جێبەجێکردنی سەرجەم ئەو پرۆژانەی لەسەردەمی کابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لە سنووری پارێزگای هەولێر جێبەجێ کراون، بەتایبەتی ” پڕۆژەی ڕووناكی ” وەك دەستكەوتێكی نیشتیمانی گرنگ بۆ خزمەتی هاوڵاتییان، لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر، دوایین پێشکەوتنەکانی پڕۆژەكەی خستەڕوو و ئاماژەی بەوەدا لە سنووری پارێزگای هەولێر پڕۆژەكە هەنگاوی زۆر گەورەی بڕیوە. كە ئەمەش وەک وەرچەرخانێکی گرنگ لە کەرتی خزمەتگوزاریدا هەژمار دەکرێت و کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش سوپاسی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد و دەستخۆشی لە تیمی ڕووناكی كرد، كە کارەکان بە شێوەیەکی خێرا بەردەوامن و تا مانگی 6ی ئەمساڵیش لە سنووری پارێزگای هەولێر پڕۆژەکە دەگاتە كۆتایی و هیچ شوێنێك لە سنووری پارێزگاکەدا نامێنێت کە کارەبای 24 کاتژمێری نیشتیمانی پێنەگەیشتبێت.

پارێزگاری هەولێر، هەروەها سوپاسی هەوڵ و هاریكاری و هەماهەنگیی بەردەوامی وەزیری كارەبا و تیمی وەزارەتی كرد لەگەڵ پارێزگای هەولێر، كە لە پێناو بەهێزبوونی ژێرخانی کارەبا و فراوانبوونی شار و زۆربوونی پێداویستییەکانی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی ئەنجامدراون، بەتایبەتی دانانی ئەم سێ وێستگەیە لە سێ شوێنە پێویست و گرنگ بە تێچوونی نزیکەی ( 100ملیار دینار ) . گوتیشی، وەك پارێزگای هەولێر هەموو ئاسانکارییەکی پێویست بۆ تیمە ئەندازیارییەکان و كۆمپانیایی جێبەجێكار دابین دەکرێت تاوەکو پڕۆژەکان لە کاتی دیاریکراوی خۆیاندا تەواو بکرێن.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا، وێڕای پێكهێنانی تیمێكی هاوبەش بە ئامانجی خێرا جێبەجێکردنی پڕۆژەکان، لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ڕاسپێرد بۆ دەستپێکردنی ڕێکارە مەیدانییەکان و دابینکردنی پێداویستییە تەکنیکییەکان، بۆ ئەوەی لە ماوەی چەندڕۆژی داهاتوو كارەكان بە كۆتا بگات و لە وەزارەتی كارەبا گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیایی جێبەجێكار بكرێت و دەست بەكارەكانی جێبەجێكردنی پڕۆژەكان بكرێت.