کچەکەم
تۆ لە کەس ناچیت،
تۆ مانای سلام قولا من رب رحيم ی؛
سڵاوێکی تایبەت،
کە خودا لە لوتکەی میهرەبانییدا،
بۆ منی ناردووە.
تۆ لەو ئارامییە دەچیت،
کە خودا لە ناو سوورەتی الضحى دا شاردوویەتییەوە؛
هەمان ئەو هێوربوونەوەیەی
کە دەڵێت: پەروەردگارت جێی نەهێشتووی.
تۆ وەک ئایەتی نور على نور وایت؛
کاتێک دڵت پڕە لە تێگەیشتن و
دەستەکانت پڕن لە میهرەبانی،
مرۆڤ وا هەست دەکات ئاگایی لێرەیە،
لێرە لە ناو زەردەخەنەی کچێکی چوار ساڵاندا.
تۆ وەک ئەو وێنانەی خودایت،
کە باسی پەڕەی گوڵ و شەونم دەکەن؛
پیرۆزیت، وەک مانیفێستی عەشق،
وەک ئەو ئایەتانەی کە باسی بەزەیی دەکەن و
دڵە تەنگەکان ئاودەدەن.
تۆ دوایین نیشانەی ئەوەیت،
کە خودا هێشتا دەستی لە جوانی هەڵنەگرتووە؛
کە هێشتا بەهەشت
پەنجەرەیەکی بەرەو دڵی من کراوەیە.
دایکی لالاڤ
یەڵدا هەرکی

