یاسین قادر بەرزنجی
من و ڕەوانشاد مارف عومەرگوڵ هاوتەمەن بووین، بەڵام کۆتایی حەفتایەکانی سەدەی ڕابردوو بووینەتە هاوڕێ، کاک مارف لە گوندی هەشەزینی سەر بە سەنگاو هاتووەتە دنیاوە، ساڵی ١٩٨٢ کۆلیژی یاسای لە بەغدا تەواو کردووە. ساڵی هەشتا لە بەغدا، گەلێ جار لە کۆڕەکانی یەکێتیی نووسەران و کۆمەڵەی ڕۆشنبیری بە دیداری شاد دەبووم. دوای كۆڕەکان قسەوباسی ئەدەبی و رووناکبیریمان دادەمەزرا، بۆ ڕاییکردنی چاپکردنی چەند ژمارەیەکی گۆڤاری (نووسەری کورد)یش پێکەوە دەچووینە چاپخانە و دوای تەواوبوونیشی دەمانبردە تەرمیناڵ و ڕەوانەی شارەکانی کوردستانمان دەکرد.
بڕوانامەی ماستەر و دکتۆراکەی لە (کیف)ی پایتەختی ئۆکراینا لەسەر جینۆسایدی کورد و کەسایەتیی یاسایی گەکەکەمان بەدەست هێناوە. لە کۆتایی نەوەدەکانەوە مامۆستا و ڕاگری کۆلیژی یاسای زانکۆی سلێمانی بووە، ئەم توێژەر و ڕۆژنامەنووسە هەڵکەوتووە خاوەنی پێنج دیوانەشیعرە و دووان لە شیعرە پڕ سۆزەکانی لەلایەن هونەرمەندان عەدنان کەریم و پەیمان عومەر کراون بە گۆرانی.
مارف گوڵ لە پێناویی گەلەکەیدا پێشمەرگە بووە و ماوەیەکیش تاڵاوی زیندانەکانی دژمنی چەشتووە.
یادت بەخێر پڕۆفیسۆر مارف عومەرگوڵ، ئەو پیاوەی تا دوا هەناسەت شێوەی گوڵت هەبوو، یادت بەخێر.

