ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
زۆرجار لە زمانی بەتەمەنەکانەوە دەبیسین کە دەڵێن “لە گەنجیدا باڵام بەرزتر بوو”، ڕەنگە ئەمە وەک تەنها قسەیەک بێتە بەر گوێ، بەڵام ڕاستییەکی سەلمێنراوی زانستییە. مرۆڤ لە دوای گەیشتن بە لووتکەی گەشە، بەرەو قۆناغێک دەچێت کە تێیدا گۆڕانکاری بەسەر پێکهاتەی ئێسک و بڕبڕەکانیدا دێت.
د. شیلان فەیرۆز عارف، دکتۆرا لە نەخۆشییەکانی جومگە و ڕۆماتیزم و شیاندنەوەی پزیشکی، ئاماژە بەوە دەکات کە تەمەنی 30 ساڵان وێستگەیەکی یەکلاکەرەوەیە. لە کەسانی تەندروستدا، تا ئەم تەمەنە ئێسکەکان لە پرۆسەی بەردەوامی پتەوبووندان، بەڵام دوای ئەو تەمەنە، هاوسەنگییەکە دەگۆڕێت و ئێسکەکان بەرەو لاوازییەکی هێواش هەنگاو دەنێن.
بەپێی توێژینەوە فسیۆلۆژییەکان، لە نێوان تەمەنی 30 بۆ 70 ساڵیدا، گۆڕانکارییەکانی لەش دەبنە هۆی لەدەستدانی بەشێک لە باڵا، کە لە ئافرەتاندا دەگاتە 5 سم و لە پیاواندا نزیکەی 2.5 سم تێبینی دەکرێت. ئەم دیاردەیە بەشێوەیەکی بەرچاو لە دوای تەمەنی 40 ساڵییەوە هەستی پێدەکرێت.
دکتۆر شیلان چەند هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئەم گۆڕانکارییە دەخاتە ڕوو:
• کەمبوونەوەی لینجایی دیسکەکان: لە نێوان بڕبڕەکانی پشتدا ماددەیەکی جەلاتینی چڕ هەیە کە وەک “سپۆنج” کار دەکات بۆ پاراستنی بڕبڕەکان لە پەستان. لەگەڵ تەمەن و تووشبوون بە سەوەفان، ئەم لینجاییە کەم دەبێتەوە و دووریی نێوان بڕبڕەکان کورت دەبێتەوە.
• پووکانەوەی ئێسک: ئەمە بە “نەخۆشییە بێدەنگەکە” دەناسرێت. کاتێک چالاکیی ئەو خانانەی ئێسک دەڕووخێنن زیاتر دەبێت لەوانەی دروستی دەکەن، بەرزیی بڕبڕەکان کەم دەکات.
• چەمانەوەی پشت: پووکانەوەی ئێسک دەبێتە هۆی ئەوەی بڕبڕەکان بە زەبرێکی کەم یان تەنانەت بێ هۆکاریش تووشی درز و شکان بن، ئەمەش دەبێتە هۆی چەمانەوەی پشت و کورت دەرکەوتنی باڵا.
چۆن پارێزگاری لە باڵا و پتەویی ئێسکەکانمان بکەین؟
بۆ هێواشکردنەوەی ئەم پرۆسەیە و پاراستنی تەندروستی بڕبڕەکان، پزیشکان جەخت لەسەر چوار ڕێکاری سەرەکی دەکەنەوە:
1. ڕێکیی جەستە: پاراستنی شێوازی دروستی دانیشتن و ڕۆیشتن و، دوورکەوتنەوە لە چەمانەوەی پشت بۆ ماوەی درێژ.
2. چالاکیی جەستەیی: ئەنجامدانی وەرزشی بەردەوام، بەتایبەت مەلەکردن و ڕۆیشتن کە یارمەتیدەرن بۆ بەهێزکردنی ماسوولکەکانی پشت.
3. سیستەمی خۆراک: گرنگیدان بەو خواردنانەی دەوڵەمەندن بە کالسیۆم و ڤیتامین (D)، هەروەها بەرکەوتنی تیشکی خۆر کە سەرچاوەی سەرەکیی ئەم ڤیتامینەیە.
4. دوورکەوتنەوە لە بابەتی زیانۆک: وازهێنان لە جگەرەکێشان، خواردنەوە کحولییەکان و خواردنەوە گازییەکان کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر لاوازکردنی ئێسک هەیە.

