ڕائیب جادر – هەولێر
ڕۆژانە جووتیار و ھاووڵاتییان قەرەبالغییەکی زۆر لەسەر گومرکی دھۆک دروست دەکەن، خاوەن دووکانەکانیش لەو گومرکەدا، دەڵێن، ئەوەی لێرە دەفرۆشرێت زۆربەی ھەرە زۆری گیابەھارییەکان و بەرھەمەکانی دیکەی خۆماڵینە. بەرپرسانی کشتوکاڵیش لە ھەرێمی کوردستان، دەڵێن، بەرنامە و ستراتیژیەتیان گرنگیدانی زیاترە بە بەرھەمە خۆماڵییەکان و ساغکردنەوەی بەرھەمەکانی کشتوکاڵی ناوخۆ.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، توانی بە ھەنگاو بەڵێنەکانی لەبارەی پاڵپشتیکردنی جووتیاران و بەرھەمی ناوخۆیی و کەرتی کشتوکاڵ بەجێ بگەیەنێت، جووتیارانی لە خەمی بێ بازاڕی و ساغ نەبوونەوەی بەرھەمەکانیان ڕزگار کرد، ھەروەھا ھاوکاری و کردنەوەی بازاڕ و پێدانی بنەتۆ و دەرمان و قڕۆکەرەکان بۆ جووتیاران و دابینکردنی ئامێری کشتوکاڵی و ھەناردەکردنی بەرھەمی ناوخۆ بۆ دەرەوە و چەندین ھاوکاریی تر و کردنەوەی پڕۆژەی کشتوکاڵ.
لە مارکێتەکانی ھەرێمی کوردستان، بەرھەمە ناوخۆییەکان ڕیزی پێشەوەی ھەر ڕەفەیەکیان گرتووە، ئێستا ڕێژەی زیاتر لە ٥٠%ـی بەرھەمی ناو ھەر مارکێتێک خۆماڵییە و ئەمەش ھەنگاوێکی گرنگە بۆ ساخکردنەوەی بەرھەمی ناوخۆ، لەوانەش زەیت و بەرھەمەکانی گەنم وەک ئارد، ساوار، سماق، برنج و نۆک.
بەرھەمە خۆماڵییەکانی دیکە و بەرھەمە شیرەمەنیەکان لە ماست، پەنیر و بەرھەمە بەستووەکان کە لە ھەرێمی کوردستان بەرھەمدەھێنرێن لە بازاڕەکاندا بەخێرایی ساخ دەبنەوە. بەھۆی بوونی کارگەی زۆم بۆ بەرھەمە شیرەمەنییەکان لە دەڤەری بارزان، خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەو چەند ساڵەی دوایی زیاتر بایەخ بە بەخێوکردنی مەڕ و ماڵات دەدەن، جگە لە ڕەخساندنی چەندین ھەلی کار بۆ ھاووڵاتییان و مانەوەی ھاووڵاتییان لە گوندەکانیان و دەستکەوتنی داھاتێکی زیاتر.
محەممەد ڕەشید، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مێرگەسۆر، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: کارگەی زۆم، پڕۆژەیەکی ناوازەی بەرھەمھێنانی بەرھەمی شیرەمەنییەکانە لە دەڤەری بارزان و ھەرێمی کوردستان، ئەم پڕۆژەیە ھەلی کاری بۆ ھەزاران کەس ڕەخساندووە، بە بوونی ئەو کارگانە بەرھەمێکی تەندروست دەکەوێتە بازاڕ و پارەی خۆشمان ناچێتە وڵاتانی تر و ھەر لەناو خۆی وڵات دەمێنێتەوە.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مێرگەسۆر، دەشڵێ: ئێستا بەرھەمھێنانی شیر زیاتر بووە خەڵک زیاتر گرنگی بە سامانی ئاژەڵ دەدەن، ھەروەھا دەمانەوێت ئەو زەویانەی لە نزیک ڕووبارەکانن بکرێنە وێنجەو بە نرخێکی ھەرزانتر بفرۆشینە ئاژەڵدارەکان، ئەوکات تێچووی بەرھەمھێنانی شیر کەمتر دەبێتەوە و جووتیارانیش زیاتر قازانج دەکەن.
بەرھەمەکان خواستێکی زۆریان لەسەرە و بەشێک لە دووکاندار و کارمەندانی مارکێتەکان دەڵێن، وایلێھاتووە تا کیلۆیەک لە بەرھەمی وڵاتانی دیکە دەفرۆشین، دوو ھێندە بەرھەمی ناوخۆیی دەفرۆشرێت و ماوەیەکی کەم لە مارکێتەکاندا دەمێننەوە.
زۆری خواستی ھاووڵاتییان لەسەر بەرھەمە خۆماڵییەکان، وایکردووە دووکان و مارکێتەکان پشتیوانی لە بەرھەمی ناوخۆ بکەن، گرنگی پێ بدەن و ساغی بکەنەوە. کڕیارانیش دڵخۆشن بەوەی بەرھەمەکانی کوردستان لە مارکێتەکان دەبینن.
کابینەی نۆیەم، ئاسانکاریی تەواوی بۆ ئەو بازرگانانە کردووە، کە دەیانەوێت بەرھەمی خۆماڵیی جووتیاران بنێرنە دەرەوە، ئەمەش دوای پڕکردنەوەی پێداویستی ھاووڵاتییان و بەکاربردنی ناوخۆیی دێت، کە بە ناو و ئاڵای کوردستانەوە ھەناردەی وڵاتانی دەرەوە دەکرێن.
چەند کارگەیەکی ناوخۆیی بە ھاوکاری و ھەماھەنگیی حکوومەت، بەرھەمی جووتیارانی کوردستان دەخەنە نێو تورەکە و کارتۆنی تایبەتەوە و لە سەریان دەنووسن “لە کوردستان دروست کراوە” دواتر ڕەوانەی وڵاتانی دەرەوەیان دەکەن و لە بازاڕی وڵاتان دەفرۆشرێن.
حکوومەتی ھەرێم، بۆ پێشخستن و گەشەدان بە کەرتی کشتوکاڵی، پاڵپشتیی جووتیاران دەکات و ھاوکاریان دەبێت بۆ ساغکردنەوەی بەرھەمەکانیان، بۆ ئەم مەبەستە یەکێک لە ئامانجەکانی بازاڕدۆزییە بۆ بەرھەمی خۆماڵیی کوردستان.
ئەو بەرھەمانەی لە ماوەی کابینەی نۆدا لە ڕێی وەزارەتی کشتوکاڵەوە ڕەوانەی دەرەوە کراون، بریتین لە ھەنار، ترێ، سێو و ھەنجیر، ھەروەھا برنجی کوردی و تەحین و سماق، ھەنگوین و پەتاتە، ئەوانەش دەبرێنە دەرەوە و بەسەر چەند وڵاتێک دابەش دەکرێن، جیا لەوانە بۆ ئەمساڵ و ساڵانی داھاتوو کار بۆ ڕەوانەکردنی بەرھەمەکانی تریش دەکرێت.
بەپێی ئامارێک کە لە لایەن وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی ھەرێمەوە خراوەتەڕوو، لە ھەرێمی کوردستان ٤١٠٠ کارگەی پیشەسازی ھەن کە لەو ژمارەیە ٣٧٧ کارگەیان تایبەتن بە پیشەسازیی خۆراک کە بە ھەزاران کرێکار کاریان تێدا دەکەن و بەشێک لە پێداویستییەکانی ناوخۆ بە خۆراک دابین دەکەن.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ پشتگیریکردنی جووتیاران، ساڵانە لە وەرزی پێگەیشتنی بەرھەمی خۆماڵیدا بڕیاری قەدەغەکردنی ھاوردەکردنی چەند بەرھەمێک دەدات، بەڵام لە کاتی نەمانی بەرھەمی ناوخۆدا دەرگا بۆ ھاوردەکردن دەکرێتەوە.
شارەزایانی بواری کشتوکاڵی و پیشەسازی خۆراک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای دەکەن، ئەرکی سەرشانی حکوومەت لەوەدا چڕ دەبێتەوە کە کارگەی زیاتر دابمەزرێنێت و سوود لە کەسانی شارەزا و بە ئەزموون وەربگرێت، لەگەڵیشیدا ڕووبەری زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ ئەم مەبەستە زیاد بکات تا بەرھەمی خۆماڵی زیاتر بێت و خۆی ھەستێت بەو ئەرکە و جووتیاری شارەزای بۆ دابمەزرێنێت و دەستی کاری بۆ دابین بکات، جگە لەمەش ئەرکە لەسەر حکوومەت کە بەرھەمە ناوخۆییەکانی جووتیاران ساغ بکاتەوە بە نرخێکی وا کە ھەقی ماندووبوونی خۆیان وەربگرنەوە، ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە لەو چەند ساڵەی دوایی حکوومەتی ھەرێم، بەتایبەتی کابینەی نۆیەم بازاڕێکی باشی لەناوخۆ و دەرەوە بۆ جووتیاران پەیدا کردووە، ھەر بەرھەمێک زیاد بێت لەناوخۆی کوردستان ھەناردەی دەرەوە دەکرێت، ئەوەش بۆتە پاڵنەرێکی باش کە ڕۆژبەڕۆژ ژمارەی جووتیاران زیاد ببێت و زەویە کشتوکاڵییەکان بە بەرھەمی خۆماڵی دابچێنرێن.
بەرپرسانی کشتوکاڵ لە ھەرێمی کوردستان، دەڵێن، بەرنامە و سیاسەتیان گرنگیدانی زیاترە بە بەرھەمی خۆماڵی، تاکو بەھۆیەوە نرخی بەروبوومە ناوخۆیەکان بەرز ببێتەوە و کێبڕکێ بکات لەگەڵ بەرھەمە دەرەکییەکان و ڕاگرتنی ھاوکێشەی پێداویستییە ناوخۆییەکان.
لە دێرزەمانەوە خۆراک و کشتوکاڵکردن لە کوردستاندا ھەبووە و خەڵکی بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان پشتیان بەو خۆراکانە بەستووە کە خۆیان بەرھەمیان ھێناوە، بەڵام ئەو خۆراکانە بە پیشەسازی نەکرابوون تەنھا ئەوەندە بووە کە بەشی بژێوی خۆیانی کردووە.
لە وەرزی بەرھاردا بە دەیان جۆر گیای بەھاری لە چیا و چۆڵەکانی ھەرێمی کوردستان شین دەبن، ھاووڵاتییانیش ڕوو لە چیاکان دەکەن و دێنە بازاڕ و دەفرۆشن، خواستێکی زۆری ھاووڵاتییانیش لەسەرە، ئێستا زیاتر خواستی ھاووڵاتییان لەسەر کاردی، ڕێواس، سۆریاز و ھەندرێشەیە.
جووتیارانی دھۆک و دەوروبەری بەردەوام ڕوو لە گومرکی ناوچەکە دەکەن و کەلوپەلی خۆیان لەوێ ساغ دەکەنەوە، وەکو خۆیان دەڵێن، زۆربەی ئەو بەرھەمانەی کە لەو گومرکە دەفرۆشرێن خۆماڵینە، زۆربەیان لە ئاکرێ، بەردەڕەش، چیاو چۆڵەکانی کوردستانەوە بۆمان دێن، واتە ٩٠%ی بەرھەمی خۆماڵین، ئەوەش بازاڕێکی باشی بۆ ھاووڵاتییان پەیدا کردووە، چونکە خواستێکی زۆر لەسەر بەرھەمی خۆماڵی ھەیە، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەرھەمی خۆماڵی تەندروسترە.
زیادکردنی بەرھەمی ناوخۆ و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک، بووەتە ھەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ ڕێکخستنی بازاڕ و پشتیوانیکردنی زیاتری جووتیاران.

