رۆژنامەی ھەولێر

بە دروشمی “هەناسەی قوتابخانە”، کەمپەینێکی ژینگەیی دەستپێکرد

ئەمڕۆ چوارشەممە 2026.4.22، بە ئامادەبوونی ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و فەلاح حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکان و لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر و ژمارەیەکی دیكە لە بەرپرسانی پەروەردە و ژینگەدۆستان، مەراسیمێکی تایبەت بۆ ئەنجامدانی چەند چالاکییەکی ژینگەیی لە ژێر ناونیشانی ( هەناسەی قوتابخانە ) لە قوتابخانەی ” گوندی ئارام ” بەڕێوەچوو.

ئەم چالاکییە کە لەلایەن ڕێکخراوی گرین یارد و فەرمانگەی ژینگەی هەولێر ڕێکخرابوو، ئامانج لێی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی بوو لە ناوەندەکانی خوێندن و هاندانی قوتابیان بۆ پاراستنی سروشت و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی.

پارێزگاری هەولێر وێڕای دەستخۆشی لەڕێکخەران و سەرپەرشتیارانی چالاکیەکە، جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام پاڵپشتی ئەو پڕۆژانە دەکات کە خزمەت بە ژینگە و تەندروستی نەوەکانی دواڕۆژ دەکەن. ئاماژەی بەوەش کرد کە ناونانی کەمپەینەکە بە ” هەناسەی قوتابخانە ” گوزارشتێکی قووڵە بۆ گرنگی دار و درەخت لە دابینکردنی ژینگەیەکی پاک بۆ ناوەندەکانی خوێندن.