ڕائیب جادر – هەولێر
ڕۆژانە لەڕێگەی ژمارە مۆبایلەکانیانەوە ھەزاران مامۆستا و فەرمانبەر و کەسوکاری شەھیدان ئاگادار دەکرێنەوە بچنە بانک و کارتی ھەژماری من وەربگرنەوە، بەوەش تەواوی مووچەخۆرانی کوردستان دەبنە خاوەن ھەژماری من.
پڕۆسەی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران لەڕێگەی پڕۆژەی ھەژماری من بەردەوامە، تا ئێستا زیاتر لە ٩٠٠ ھەزار فەرمانبەر خۆیان تۆمار کردووە، تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم مووچەخۆران لە ھەژماری من تۆمار دەکرێن، فەرمانبەران سوودمەندی یەکەمن لە پڕۆژەکە و پڕۆژەیەکی پێشکەوتووی بانکییە و مووچەخۆران لە ١٩ خزمەتگوزاری بانکی و چەندین جۆری قەرز و پێشینە سوودمەند دەبن.
ئامانج لە پڕۆژەکە ھەوڵی مۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و بەرەوپێشبردنی گەشەی ئابوورییە لە ھەرێمی کوردستان و خێراترکردنی پڕۆسەی بە دیجیتاڵکردنی حکوومەتە، کە بەشێکی سەرەکییە لە دیدگای مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەرەوپێشبردنی چاکسازی و گۆڕانکاری ڕیشەیی و پاڵپشتی پارەدانی دیجیتاڵی لە ھەرێمی کوردستان.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کارئاسانی زیاتر بۆ مامۆستایان، لە ساڵی ٢٠٢٤ بڕیاری دا سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژ بکرێن بە گرێبەست، ئەمەش ھەنگاوێکە بۆ ئەوەی لە داھاتوو بکرێنە ھەمیشەیی.
پێداویستییەکان بۆ وەرگرتنەوەی کارتی بانکی بریتیین لە کارتی نیشتمانی و ژمارەی مۆبایل، ئەو ژمارەیەی کە ھەژمارە بانکییەکەی لەسەر تۆمار کراوە. کامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: ئەو فەرمانبەرانەی مووچە بە کاش وەردەگرن ژمارەیان زۆر کەمە لە ٨٥٠٠ مامۆستا و فەرمانبەر تەنیا ٢٠٠ مووچەخۆر بە کاش وەردەگرن.
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک، گوتیشی: بۆ مووچەی مانگی سێ ٨٣٠٠ مامۆستا و فەرمانبەر لەڕێگەی کارنی بانکی ھەژماری من، مووچەیان وەرگرت، بۆیە ئەوانەی کارتەکانیان ئامادەیە دەبێت بچنە بانک و کارتی بانکی وەربگرنەوە.
ئەسعەد غەفوور، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ڕایگەیاند، کارتی بانکی ھەژماری منی مامۆستایانی گرێبەست تەواو بووە، بۆ ئەو مەبەستە لەڕێگەی ژمارە مۆبایلی کەسی مامۆستاکەوە ڕۆژانە ١٠٠ مامۆستا ئاگادار دەکرێنەوە، بەمەش تەواوی مامۆستایانی گرێبەست دەبنە خاوەنی ھەژماری تایبەت بە خۆیان.
نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەشڵێ: ژمارەی مامۆستایانی گرێبەست لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ٤٤٣٢ مامۆستا دەبن، کۆی مووچەکەشیان بۆ ھەر مانگێک ٢ ملیار و ١٤٢ ملیۆن دینارە.
لەلایەکی دیکەوە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی گەرمیان، لە ئاگادارییەکدا کە وێنیەکی بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕەوانە کراوە، کەسوکاری شەھیدان ئاگادار دەکاتەوە بەپەلە سەردانی بانک بکەن، بەمەبەستی وەرگرتنەوەی کارتە بانکییەکانتان لە پڕۆژەی ھەژماری من، چونکە ئەوانەی کارتیان تەواو بووە، مووچەی مانگی داھاتوو لە ڕێگەی کارتی ھەژماری من و ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارەوە وەردەگرن.
ئەو پڕۆژەیە کە دەستپێشخەری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بوو، خۆشی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی پڕۆژەکە دەکات، ھەنگاوێکی گرنگە بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی. ئاراس نەجات، شارەزا لە بواری ئابووری، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی ڕاگەیاند، پڕۆژەی ھەژماری من، پڕۆژەیەکی حکوومییە و بۆ خزمەتی فەرمانبەران کراوە، وەزارەتی دارایی بەردەوام دڵنیایی دەداتە فەرمانبەران و مانگانەش مووچە لەڕێگەی پڕۆژەکەوە دابەشدەکرێت، ھەر کەس و لایەنێک دژایەتی پڕۆژەکە بکات لە بەرانبەر سەرکەوتنەکەیەتی، ئەو ھەژمارە بۆ فەرمانبەرانە و بۆ بەمۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و دروستکردنی متمانەیە لە نێوان بانک و ھاووڵاتییان ئەوەش گەشەپێدانی ئابووریی ھەرێمی کوردستانی لێ دەکەوێتەوە، ھەروەھا ھەنگاوێکی گرنگە بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، کە بەپێی ماددەی ١٣ لە یاساکە ھەژمارێکی بانکی بۆ سەرجەم فەرمانبەران دەکرێتەوە، ئەوەش ھەنگاوێکی گرنگە و کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی ڕۆتین و کاری دابەشکردنی مووچە بە دەست و پشێوی بانکەکان و گرفتی کەم و زۆری پارە دەبێت.

