رۆژنامەی ھەولێر

ئەمڕۆ 128 ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردیدا تێدەپەڕێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢ی نیسان سەد و بیست و هەشت ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بە ناوی کوردستان تێدەپەڕێت. ڕۆژنامەیەک کە بوو بە بناغەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەمی زایینی کوردیش هاوشێوەی گەلانی دیکەی جیهان بووە خاوەنی ڕۆژنامەی تایبەت بە خۆی.

له‌ ٢٢ی نیسانی ساڵی ١٨٩٨ی زایینی له‌سه‌ر ده‌ستی میقداد میدحه‌ت به‌درخان یه‌که‌م ڕۆژنامه‌ی کوردی له‌ قاهیره‌ی پایته‌ختی میسر به‌ ناوی کوردستان ده‌رچوو. ڕۆژنامەکە لە ماوەی چوار ساڵی بەردەوامبوونیدا سی و یەک ژمارەی لێ چاپ کرا، بە خۆڕایی دابەش دەکرا. رۆژنامەکە بیری نەتەوەخوازی و کوردایەتی پەرە پێدەدا و ستەمی داگیرکەران و وڵاتانی زاڵ بەسەر کوردستانی بیر خوێنەر دەهێنایەوە.
ڕۆژنامەکە دەرچووە و داخراوە و پاشان چاپ کراوەتەوە و دواتر ڕۆژنامە و گۆڤاری هاوشێوە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و دەرەوەی وڵات دەرچوون و بڵاو کراونەتەوە. ڕۆژنامەگەریی کوردی لەژێر سێبەری ئەو ستەمەی لە هەر چوارپارچەی کوردستان لە کورد کراوە لە دۆخە سەخت و دژوارەکان هەندێک جار بە نهێنی دەرچووە و لەو قۆناغانەش کە دەرفەتێک بۆ ئازادی هاتووەتە کایەوە بە ئاشکرایی دەرچووە و هەوڵی داوە شان بە شانی ڕۆژنامەگەری نەتەوەکانی تر هەنگاو بنێت لە کاروانەکە دوا نەکەوێت.
دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان بوو بە بناغەیەک تا دواتر لە سەدەی بیستەم کوردیش هەنگاوی گەورە بنێت و لە هەر شوێنێک بۆی برەخسێت ڕۆژنامەیەک یان گۆڤارێک چاپ و بڵاو بکاتەوە و دەنگ و ویست و داخوازییەکانی خۆی بە نووسین و دەنگ و ڕەنگ بەیان بکات.
ڕۆژنامەگەریی کوردی لە ماوەی ئەو سەد و بیست و هەشت ساڵەدا بە هەوراز و نشێوی جیاوازدا تێپەڕیوە و ڕۆژنامە و ڕۆژنامەگەریش لە هەموو جیهان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و بە شێوە و پلاتفۆرمی جیاواز و سەردەمیانە لە گەیاندنی پەیامەکانی بەردەوامە.
گەشەی تەکنەلۆجیای زانیاری و فرەجۆری لە گەیاندنی دەنگ و ڕەنگ و گەشەی ڕۆژنامە و میدیای ئەلیکترۆنی بێ کێشە و کەم و کورتیش نەبووە و زۆری و بۆری بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و هەواڵ و نووسیندا هاتووە. ئەو ڕاستگۆییەی پێشتر لە کاری ڕۆژنامەگەری لە کوردستان هەبوو زۆر پاشەکشەی کردووە و چاودێریکردنی دەزگاکانی ڕاگەیاندنیش زۆر لاواز بووە و لاپەڕە فەیکەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ناوی کاری ڕۆژنامەگەری هێندەی دیکە سیمای ئەو پیشە پیرۆزەیان شێواندووە.
لە هەرێمی کوردستان هێشتا ئەو بوارە هاوشێوەی وڵاتە پێشکەوتووەکان بە پیشەیی نەکراوە. هێشتا میدیا نەبووەتە کەرتێک کە وەبەرهێنانی تێدا بکرێت و دواتر قازانج بکات و ببێتە کارەکتەرێکی گرینگ لە گۆڕەپانەک هاوشێوەی ئەوەی لە وڵاتانی پێشکەوتوو دەکرێت.
ساڵانە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە چوارچێوەی بەیاننامە و چالاکیی جیاواز باسی چاکسازی و چارەسەریی کێشەکانی پێوەست بە کاری ڕۆژنامەگەری لە کوردستان دەکات و پێی وایە بە هەمواركردنەوەی یاسای ژمارە سی و پێنجی ساڵی ٢٠٠٧ی دەتوانێت ئەم کەرتە ڕێک بخاتەوە و ڕۆژنامەگەری کوردی بخاتە سەر ڕێچکە ڕاستەکەی بەڵام ئەمە تەنیا لە چوارچێوەی قسە و وتاردا بووە، بە کردەوە ئەو هەنگاوە نەنراوە کە لەو دامەزراوە گرینگەی ڕۆژنامەنووسان چاوەڕێ دەکرێت.
میدیاکانی هەرێمی کوردستان لە ژێر سایەی ئازادی و ئەو کەشەی بۆیان ڕەخساوە و بە لەبەرچاوگرتنی گەشەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیای زانیاری، ڕۆژ بە ڕۆژ بەرفراوانتر بوون بەڵام ئەو بەرفراوانبوونە تەنیا لە ژمارەدا مایەی سەرنجە و لە ناوەڕۆکدا هەندێکیان زۆر مەترسیدارن و ڕێک لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی کوردستان کار دەکەن.
بەلەبەرچاوگرتنی جەنگی نوێی کەنداو و ئەو هەموو دوژمنەی دەوری کوردیان داوە ئەرکی سەرشانی ڕۆژنامە و میدیاکان زۆر قورسترە و دۆخەکە ئەوە دەخوازێت بە لەبەرچاوگرتنی ڕێزگرتن لە ئازادی ڕادەربڕین، ڕێکخستنێکی گشتیی بۆ میدیای ئەلیکترۆنی بکرێت و لەو فەوزایە ڕزگار بکرێت و بخرێتە خزمەتی گوتاری نەتەوەییەوە.