ڕۆژنامەی (کوردستان)، وەکو یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی، کە لە (٢٢ی نیسانی ١٨٩٨)، لەسەر دەستی (میقداد مەدحەت بەدرخان)، لە قاهیرە دەرچوو، ئەو بیرەوەرییە ڕۆژێکی پڕشنگداری کاروانی ڕۆژنامەگەریی و کەلتووری نەتەوەییمانە.
ڕۆژنامەی کوردستان، ڕۆژنامەیەک بوو لەو سەردەمەدا ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەری هەبوو لە بوژانەوە و جۆشدانی هۆشیاریی نەتەوەیی و بیروباوەڕی سیاسی و کۆمەڵایەتی.
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی (کوردستان)، سەکۆیەکی نوێ و ئازاد بوو بۆ دەنگە دلێر و نیشتمانپەروەرەکان بۆ خزمەتکردنی کێشەی کورد و دۆزە ڕەواکەی بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی و خستنەڕووی خواست و ویستەکانی وەک نەتەوەیەکی ئازادیخواز.
لە سەرینی ئەمەوە ڕێبازی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە و بەردەوام پشتیوان و پاڵپشتیکاری ئازادی ڕۆژنامەگەریی و ڕادەربڕین بووە، هەروەها کاری کردووە لەسەر فەراهەم کردن و ڕەخساندنی زەمینەی کار و چالاکی میدیایی و هاندانی ئەو توێژە و نووسەران بووە بۆ بە سیستمکردنی کارنامە و پلان و پڕۆژەکانیان لە ڕێگای یاساییەوە و دامەزراندنی سەندیکا و ڕێکخراوە پیشەییەکانیان و پاراستنی مافەکانیان.
لەم قۆناغەی ئەمڕۆشدا لە هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسا و ڕێساکانی کاری ڕۆژنامەوانی، پانتاییەکی بەرفراوانی ئازادی ڕۆژنامەوانی و ئازادی ڕادەربڕین فەراهەم کراوە و ڕێکخراوە لە رووی چاپەمەنی و بڵاوکردنەوە و هەموو بوارەکانی کاری ڕاگەیاندن.
بەم بۆنەیەوە جارێکی دیکە وێڕای پشتیوانیی تەواومان بۆ ئازادی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەگەریی، جەخت لەسەر ڕۆڵ و کار و ئەرکی ڕۆژنامەگەریی و دامودەزگە میدییاکان دەکەینەوە، کە لەو هەلومەرجە هەستیارەی ئەمڕۆدا بەرپرسانە و پیشەگەرانە کاری ڕۆژانەی خۆیان ئەنجام بدەن و ڕەچاوی بەرژەوەندییە باڵاکان و پرسە چارەنووسسازەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.
بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان
22/4/2026

