رۆژنامەی ھەولێر

ڕۆمانی (بەیانی دەست پێ دەکەم)

چیرۆک: باهۆز مستەفا

هیوا پێیوابوو گەورەترین نووسەری سەردەمی خۆیەتی، هەر کاتێ بیەوێت جوانترین ڕۆمان دەنووسێت، بەڵام کێشەکەی ئەوە بوو، تا ئەو کاتە یەک دێڕی نەنوسیبوو، بۆیە چووە بازاڕ گرانبەهاترین قەڵەم و دەفتەری کڕی، زۆرجار دەیگوت: بۆ نووسینی شاکار، دەبێت کەرەستەکانت شاهانە بن!

ڕۆژی یەکەم لەبەردەم پەڕە سپییەکەدا دانیشت و دوای پێنج کاتژمێر تەنها نووسی: بەهێزی مرۆڤ لە پشوودرێژی دایە. دوای ئەوە قەڵەمەکەی دانا و لەبەر خۆیەوە گوتی: بۆ ئەمڕۆ بەسە، مێشکم ماندووە.
ڕۆژی دواتر ویستی دەست پێ بکات، بەڵام پێوابوو، نابێت نووسەر بیت و قژت شانە کرابێت، بۆیە چووە بەردەم ئاوێنە و کاتژمێرک خەریکی تێکدانی قژی بوو.
دوای ماوەیەک دراوسێکەی لێی پرسی: مامۆستا هیوا کتێبەکەت گەیشتە کوێ؟
هیوا بە لوتبەرزییەوە گوتی: خەریکی داڕشتنی پڵۆتی درامیی چیرۆکەکەم لە ناو خەیاڵمدا.
لە ڕاستشیدا پڵۆتەکە تەنیا ئەوە بوو، کە پاڵەوانەکەی هەرگیز بەو شوێنانەدا ناگەڕێتەوە، کە پێدا ڕۆیشتووە. بەڵام ئەو ناوی نابوو کێشەی بوونگەرایی.
شەوێک ئیلهامی بۆ هات و بە پەلە ڕایکردە سەر مێز و لای دەفتەرەکەی، بەڵام سەیریکرد قەڵەمەکەی مەرەکەبی تێدا نەماوە، لە جیاتی ئەوەی بچێت قەڵەمێکی دیکە بێنێت، سێ کاتژمێر خەریکی پۆستێک بوو لە فەیسبووک بە ناوی: تەنیایی نووسەر و خیانەتی قەڵەمەکان!
دوای دوو مانگ، پەڕی دەفتەرەکەی هێشتا هەر سپی بوو، تەنیا وێنەی چەند کەروێشکێکی لەسەربوو، کە لە کاتی بێزاریدا کێشابوونی. کەچی کاتێک هاوڕێکی لێی پرسی کتێبەکە کەی بڵاودەبێتەوە؟
مامۆستا هیوا گوتی: جیهان هێشتا ئامادە نییە بۆ تێگەیشتن لە بێدەنگیی ناو لاپەڕەکانم!