شیڤان شێرزاد – هەولێر
لە چوارچێوەی زنجیرەیەک لە چالاکیی هونەری و نمایش فیلمی کوردی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، بەشی سینەما.
بڕیارە سبەی چوارشەممە ٢٢ـی نیسانی ٢٠٢٦ لە کاتژمێر ٦ـی ئێوارەدا فیلمی “سوارۆ و چێڵەکەی” بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و بەرپرسان و بە هاوکاری پارێزگای هەولێر لە ئێمپایەر سینەما نمایش بکات.
فیلمەکە لە نووسین و دەرهێنانی دەرهێنەری کورد “عەدنان شەریف” و بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەمای هەولێرە و یەکەمین نمایش دەبێت لە ئێمپایەر سینەمادا لە چوارچێوەی پڕۆژە هونەرییەکانی سینەمای هەولێر بەخۆڕایی نمایش دەکرێت.
ئەو بەرهەمە لە نواندنی هەریەک لە هونەرمەندان “ئەیام ئەکرەم و شێرزاد پۆلیس و سوهام حەسەن و نەوزاد ڕەمەزان و نەزمی حەلاق و مەحمود گلی و شەعبان و هەدار ئەنوەر و تەحسین بولبول و عەبدال ئاکرەیی”ـە و بەرهەمێکی کۆمێدییه و باس لە ڕۆڵی کەسایەتیەکی گوندنشین دەکات، کە چێلەکەی لە شار لێ ون بووە و تەواوی پۆلیس و دەزگا ئەمنیەکانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە بۆ دۆزینەوەی چێلەکەی، چونکە ئەو ئاژەڵە لای ئەو کەسایەتیە نرخ و بەهایەکی گەورەی هەیە و تایبەتمەندی جیاوازی هەیە و تاکە چێلە بتوانێت قسە بکات و لە ناخی خاوەنەکەی خۆی تێبگات.
بۆیه سینەمای هەولێر بۆ یەکەمجار لە ئێمپایەر سینەما لە دوای ساڵانێکی زۆر لە بەرهەم هێنانی ئەو فیلمە و لەدەستدانی پۆلێک لە هونەرمەندانی بەشدار لە فیلمەکەدا لە شاشەی سینەماکانی هەولێر نیشانی بینەری فیلمی کوردی دەداتەوە.

