ماكوان عێزهت – هەولێر
نەخۆشینی پاقلە (G6PD deficiency) یەکێکە لەو حاڵەتە بۆماوەییانەی کە زۆرتر لە نێوان ڕەگەزی نێردا بڵاوە. زۆرێک لە دایکان و باوکان دەپرسن: بۆچی ئەم نەخۆشییە زیاتر ڕوو لە کوڕان دەکات و کچان کەمتر تووشی دەبن؟
پەیوەندیی نەخۆشییەکە بە کرۆمۆسۆمی (X) د. کارزان محەمەد حەسەن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان، لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم نەخۆشییە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە کرۆمۆسۆمی (X) ەوە هەیە. هۆکارەکەشی بۆ ئەم جیاوازییە بایۆلۆژییە دەگەڕێنێتەوە:
• کوڕان: تەنها یەک کرۆمۆسۆمی (X)یان هەیە. ئەگەر ئەم کرۆمۆسۆمە هەڵگری کێشە جینییەکە بێت، منداڵەکە ڕاستەوخۆ تووشی نەخۆشییەکە دەبێت.
• کچان: خاوەنی دوو کرۆمۆسۆمی (X)یان. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، ئەگەر یەکێک لە کرۆمۆسۆمەکان کێشەی تێدا بێت، ئەوی تریان قەرەبووی دەکاتەوە؛ بۆیە کچان زۆربەی کات تەنها وەک “هەڵگر” دەمێننەوە و نیشانەکانیان تێدا دەرناکەوێت، مەگەر لە حاڵەتێکی دەگمەندا نەبێت کە هەردوو کرۆمۆسۆمەکە کێشەیان هەبێت.
پەیوەندیی نێوان “کێشەی پاقلە” و “زەردوویی” لە مانگی یەکەمدا
دکتۆر کارزان باس لەوە دەکات کە لە منداڵانی ئاساییدا “زەردوویی فیسیۆلۆژی” لە ڕۆژانی سەرەتادا دروست دەبێت و زوو کۆتایی دێت. بەڵام لەو منداڵانەی ئەنزیمی (G6PD)یان کەمە، دۆخەکە جیاوازە:
1. تێکشکانی خێرا: بە هۆی کەمیی ئەم ئەنزیمەوە، خڕۆکە سوورەکان زۆر ناسک دەبن. تەنانەت ئەگەر منداڵەکە پاقلەش نەخوات، لە دوای لەدایکبوون هەندێک لە خڕۆکە سوورەکانی تێک دەشکێن.
2. بێتوانایی جگەر: تێکشکانی خڕۆکە سوورەکان ماددەیەک بە ناوی (Bilirubin) بەرهەم دەهێنێت. بەهۆی ئەوەی جگەری منداڵی تازەلەدایکبوو هێشتا گەشەی تەواوی نەکردووە، ناتوانێت ئەم بڕە زۆرەی “بیلیرۆبین” پاک بکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی زەردبوونی ڕەنگی منداڵەکە.
3. زەردووییەکی توند: ئەم جۆرە زەردووییە مەترسیدارە و ئەگەری هەیە لە ٢٤ کاتژمێری یەکەمدا دەست پێ بکات، کە پێویستی بە چارەسەری بەپەلە هەیە لە نەخۆشخانەدا، وەک (بەکارهێنانی گڵۆپی تایبەت یان گۆڕینی خوێن).
کەی پێویستە دایک و باوک گومان بکەن؟
پێویستە دایک و باوک بەئاگا بن، بەتایبەت ئەگەر لە خێزانەکەیاندا پێشینەی ئەم نەخۆشییە هەبێت، یان ئەگەر تێبینی ئەم نیشانانەیان کرد:
• منداڵەکە لە ڕۆژی یەکەمی لەدایکبوونیەوە نیشانەی زەردووییی تێدا دەرکەوت.
• زەردووییەکە زیاتر لە دوو هەفتەی خایاند و درێژەی کێشا.
• ڕەنگی زەردییەکە زۆر توند بوو و گەیشتە قاچوقولی منداڵەکە.
لە زۆربەی نەخۆشخانەکاندا، پشکنینی (G6PD) بۆ هەموو ئەو منداڵانە دەکرێت کە زەردوویی توندیان هەیە، ئەمەش بۆ دڵنیابوونەوەیە لەوەی ئایا هۆکارەکە کەمئەنزیمییەکەیە یان هۆکارێکی تر.

