حەمەسەعید حەسەن
لە زەیتوون ڕۆن
لە مێخەک بۆن
لە گەنم نان
(لە ماچ ئینسان)*
پەیدا دەبێ
لە زەبر و سەرکوتانەوە
تەقینەوەی چەوساوەکان
پەیدا دەبێ
پاڵە بەرهەم
تەنیایی خەم
سامان ستەم
دەخوڵقێنێ
ناکۆکیی نێوان چینەکان
گڕکانی قینی هەژاران
دەتەقێنێ
لەدوای شەوی ئەنگوستەچاو
تاڵی زێڕێنی خۆرەتاو
لەدوای بەستەڵەکی زستان
کانیی وەکوو چاوی قرژانگ
دوای ئازاری دژواری ژان
منداڵ جوان
سەرهەڵدەدا
لەدوای کڵپەی
ئەم دۆزەخەی ئێستەی جیهان
شنەی شەماڵی بەهەشتی
چەوساوەکان
سەرهەلدەدا
*
(*) پۆڵ ئێلوار

