مەشخەڵ كەولۆسی
دوای زنجیرە ڕووداوەكانی ناوچەكە، خۆشبەختانە بارودۆخی جەنگ بەرەو كۆتایی دەچێت و، سیستەمێكی نوێ لەناوچەكە دێتە پێشەوە، كە ئیدی ئەمریكا لەڕێی پرۆكسییەكانەوە، زۆرینە ئامانجە ستراتیژییەكانی خۆی دەخاتە سەر پێ. سەرجەم سنور و هێڵە سورەكانی پێشوو، بەتایبەتی لە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، بۆ سەرجەم وڵاتانی ناوچەكە، وەك جاران نین. واتە سیستەمێكی ئەمنی نوێش دێتە پێشەوە. ناوچەكە گۆڕاوە بەمانای وشە.
ئەوەی كە تاكو ئێستا نەگۆڕاوە، وشیاری كوردە بەرانبەر دۆخەكە. هەروەها هەڵوێستی نەیارانی كورد و داگیركەرانی كوردستان بەرانبەر دۆزی كورد. ئەوان هەموو شتێك دەكەن، بۆ ئەوەی ئەم قۆناغە تێپەڕێت و، كورد نەتوانێت ببێتە خاوەنی دەستكەوتی خۆی.
واتە ئەوەی لەم دۆخەدا نەگۆڕاوە، ئەوەیە داگیركەرانی كوردستان هەموو شتێك دەكەن بۆ ئەوەی كورد نەگات بەهیچ پشكێكی ئەم دۆخە تازەیە، هەروەها كوردیش وەك هەمیشە ڕێژەی نەگۆڕە، هیچ شتێك ناكات بۆ ئەوەی لە ژێردەستەیی ڕزگاری ببێت و، ببێتە خاوەنی قەوارەی خۆی.
پرسیارێك كە دەبوو كورد لەخۆی بكات و، وەڵامەكەیشی ببوایەتە هۆی ئەوەی جوڵەیەك بەرەو ئایندەی خۆی بكات، ئەوەیە: بۆچی نەبڕیاری شەڕ، نە ئاشتی، نە ئاگربەست كورد ناگرێتەوە؟.
بۆچی هیچ سەرجەم بڕیارەكان بەبێ بەشداری كورد دەدرێن؟ بۆچی تەنانەت كاتێ بڕیاری ئاگربەستیش درا، كوردستان ناگرێتەوە و، زرم و هوڕ لەسەر كورد هەر بەردەوامە و، خوێنی كورد دوای ئاگربەستیش دەڕژێت و، لەترۆپكی ئیهانەشدا، نابێ پرسە بۆ شەهیدەكانیشی دابنێت، ئەوە لەكاتێكدا هەر كلیك لەسەر ئایكۆنی ئاگربەستكرا، دەوڵەتێكی بچكۆلانەی وەكو بەحرەین یان لوبنان دەگرێتەوە. بەڵام كوردستان ناگرێتەوە؟.
كورد دەبووا ئەو پرسیارەی لەخۆی بكردایە و، بەدوای كونهی ئەو ئاریشەیەدا بگەڕایە كە هەمیشە كوردی كردۆتە خاڵێكی لاوەكی و پاسیڤ و، تەنانەت لەهیچ كولەكەیەكی تەڕدا ناوی نیە و، تاكو كەی ئەم ئاریشەیەش بەردەوام دەبێت؟.
ئێستا دەرفەتی زێڕینی نەتەوەكانی ناوچەكەیە و، كورد دەبێت تابۆ مێژووییەكە، نەخۆشینە درێژخایەنەكە یەكاڵا بكاتەوە. دەبێ لەوە تێبگات بەحرەین بۆیە ئاگربەست و شەڕو ئاشتی دەیگرێتەوە، چونكە دەوڵەتە، بەڵام كورد بەداخەوە لەدوای ئاگربەستش دەكوژرێت و لە كورتەی هەواڵەكانیش باسی ناكرێت.
ئیتر پێویستە ئەو دۆخە و لەم دەرفەتەدا بگۆڕین. دەبێت نەتەوەی كورد ئامادەبێت بۆ هەموو قوربانییەك بۆ ئەوەی ئەو دۆخە بیمارە كۆتایی بێت و بێتە ڕیزی نەتەوەكانی دنیا.
دەبێت كورد نەخشە ڕێگەی هەبێت بۆ سودوەرگرتن لەم دەرفەتە، هێزە نەتەوەییەكانی كوردستان ڕێگە نەدەن بەوەی ئەم دەرفەتە لە دەستی كورد دەربچێت و،بەدەستی بەتاڵ لێی بێتە دەرەوە. فۆرمێكی تری خەبات، نەخشەیەكی گشتگیر و پلانی هەنگاو بەهەنگاو فۆرمەلە بكرێت و، دروشمی دەوڵەتی كوردی تاكە چارەسەرە، بكرێتە هەوێنی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم دۆخە تازەیەی ناوچەكەدا، ئەگەرنا، دوێنێ غەزال و ئەمڕۆ چوار شەهیدی دیكە و، سبەینێش ڕۆڵەیەكی تر و، ئەو خوێنە تەنها بەدەوڵەت ڕادەوەستێت.

