رۆژنامەی ھەولێر

فیلمی “زەوی سەخت و ئاسمان دوور” وەک نموونە

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

گوتەیەک لە سەرەتای ئینجیلدا هەیە، کە دەڵێت “هیچ شتێک لەژێر ئەم خۆرەدا نوێ نییە.” ئەم گوتەیە ئەگەر بۆ چەند بوارێک دروست نەبێت ئەوا بۆ ئەدەب بەشێکی زۆر لە ڕاستی تێدایە، بەڵام دەشێ بە شێوەیەکی دیکە ڕاڤەی بکەین، چونکە دەشێ بابەت نوێ نەبێت، بەڵام تەکنیک و شێوازی گوتن و گێڕانەوەکان هەمیشە نوێ بن. هێندەی بینەری فیلم و دراماکانم زۆرێکیان وەکو بابەت کۆن و دووبارە و چەندبارەن، بەڵام ئەوەی نوێیە دۆزینەوەی گۆشەنیگای نوێیە بۆ سەیرکردنی ئەو بابەت و چیرۆکانەی دەیانەوێت لەبارەیەوە بدوێن. ئەمە بێجگە لە تەکنیک و هەڵبژاردنی لۆکەیشن و گونجاندنی ئەو بابەتانە لە نێو ئەو کولتوورەی تێیدایە، چونکە هەر کولتوورێک خاوەنی تایبەتمەندی خۆیەتی بۆ هەرچیرۆکێک.

“زەوی سەخت و ئاسمان دوور” فیلمێکی کوردی نوێیە، دەتوانم بڵێم لە ڕیزی باشترین ئەو فیلمانەیە کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە سینەماکانی کوردستان بینیومە. فیلمەکە لە سیناریۆی “هەوراز محەمەد و مەنسوور تەیفور”یە و دەرهێنانی “هەوراز محەمەد” و بەرهەمهێنانی “ڕەوەز حەمە ساڵح”ـە و چەند مانگێکە لە سینەما سالم نمایش دەکرێت. چیرۆکی فیلمەکە تێکەڵەیەکە لەنێوان ئەفسانە و واقیع و چیرۆکەکەی لە هەناوی دیاردەیەکی نێو کۆمەڵگەی کوردییەوە سەرچاوەی گرتووە. دیاردەیەک، کە هەموان بە نەفرەتی دەکەن، کە ئەویش شەڕی براکوژییە. بێگومان ئەم بابەتە بۆ فیلم و ئەدەبی کوردی نوێ نییە، بەو پێیەی چ لەنێو ئەدەبیات و چ لەنێو فیلمەکاندا ئەم بابەتە ڕەنگدانەوەی هەبووە، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەو گۆشەنیگایەیە کە سیناریست و دەرهێنەر هەڵیبژاردووە سەیرکردنی ئەم پرسە، کە دەتوانم بڵێم گۆشەنیگایەکی نوێ و چیرۆکێکی نوێی بە ئێمە ناساندووە.
فیلمەکە لەڕووی سیناریۆ، دەرهێنان، هەڵبژاردنی لۆکەیشن، موزیک و نواندنەوە لە ئاستێکی بەرزدا بوو، کە ئەمە جێگەی دەستخۆشی و مژدەی سەرەتایەکی نوێیە بۆ لەدایکبوونی سینەمای کوردی، چونکە هەموو دەزانین تا ئێستاش سینەمای کوردی هێندە هەژارە، کە توانای کێبڕکێی سینەمای فارسی و عەرەبی نییە، بەڵام بەردەوامی ئەم جۆرە فیلمانە و بەهەمهێنانی بەردەوامی فیلمی لەم چەشنە دەشێ ببێتە مژدەدەری لەدایکبوونی سینەمای کوردی و هەنگاونان بەرەو گەشەسەندنی، تا بینەریش لەخۆی کۆ بکاتەوە و بتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت.
یەکێک لە کێشەکانی سینەمای کوردی ئەوەیە تا ئێستا هەنگاوی بە پیشەسازیبوونی نەناوە و نەبووەتە جۆرێک لە بزنس، تا کۆمپانیای تایبەتی بۆ دابمەزرێنرێت و ئەم کۆمپانیایانەش ساڵانە بتوانن چەند فیلمێک بەرهەم بهێنن، ئەوەی تا ئێستا دەکرێت، یان بە هەوڵی تاکەکەسییە، یان بە سپۆنسەری حکومی و کەرتی تایبەتییە، کە زۆرجار ئەوانەی کەرتی تایبەتی تەنها یەکجار سپۆنسەری فیلمێک دەکەن، بەڵام کاتێک سینەما بووە کەرتی تایبەت و کۆمپانیای تایبەتی بۆ دابین کرا تا فیلم بەرهەم بهێنێت ئەوکات گەشەکردنەکەی خێراتر و هەوڵی بە بازاڕکردنیشی بە سیستماتیکتر دەبێت. سینەمای کوردی گەشە ناکات تا کۆمپانیای تایبەتمەندی کەرتی تایبەت لە هەوڵی بە بازاڕکردن و گەشەسەندنیدا دروست نەبێت.
خاڵێکی گرنگ کە لە فیلمی “زەوی سەخت و ئاسمان دوور” بەدی دەکرا ئەوەیە کە ئەم فیلمە بە هەوڵی کەرتی تایبەت بەرهەم هاتووە، دەشێ ئەزموونی ئەم فیلمە ببێتە سەرەتایەک بۆ بەرهەمێنانی فیلمی نوێ و تا ئەو گەشەسەندنەی بواری سینەما، لەم چەند ساڵەدا لە هەرێمی کوردستان سەرڕێ کەوتووە بەردەوامی هەبێت و بینەرانیش کە هێدی هێدی لە هۆڵی سینەماکان نزیک دەبنەوە ببنە بینەری هەمیشەیی، چونکە بەبێ ئامادەیی بینەر سینەما گەشە ناکات.
قسەکردن و شیکردنەوەی ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی فیلمی “زەوی سەخت و ئاسمان دوور” بۆ پسپۆڕانی ئەو بوارە هەڵدەگرم، بەڵام بۆم گرنگ بوو ئەم نرخاندنە بۆ هەوڵی ئەو هاوڕێ سینەماکارانە بنووسم، کە کارەکەیان شایستەی دەستخۆشییە و من ئومێد دەکەم کاری نوێیان ببینم.