رۆژنامەی ھەولێر

پڕۆژەی چاندنی موخی ئێسک بۆ نەخۆشانی تالاسیمیا بەردەوامە

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

 

لە چوارچێوەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی تەندروستی، پڕۆژەی ناردنی نەخۆشانی تالاسیمیا بۆ دەرەوەی وڵات بە مەبەستی نەشتەرگەریی “چاندنی موخی ئێسک” بەردەوامە. لەو چوار چێوەیەشدا تا ئێستە پێنج کاروان لەو نەخۆشانە ڕەوانە کراون و پڕۆسەکەش تا کۆتاییهاتنی ناوی سەرجەم نەخۆشەکان بەردەوام دەبێت.

ئەم پڕۆژەیە کە بە فەرمان و پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت، بڕی ١١ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە. ئامانجی پڕۆژەکە چارەسەرکردنی ١٤٠ نەخۆشی تالاسیمیایە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، کە بەم شێوەیەی خوارەوە بەسەر شارەکاندا دابەش کراون:
• هەولێر: ٥٠ نەخۆش
• سلێمانی: ٥٠ نەخۆش
• دهۆک: ٤٠ نەخۆش
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، وێڕای سوپاسی بۆ سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە کرد کە تێچووی چارەسەری هەر نەخۆشێک بڕێکی زۆرە و حکومەت لەئەستۆی گرتووە. تێچووەکە بەپێی جۆری نەخۆشەکە دەگۆڕێت:
• ئەو نەخۆشانەی بەخشەری تایبەتیان هەیە، بڕی ٧٠ملیۆن دینار بۆ هەر کەسێک خەرج دەکرێت.
• ئەو نەخۆشانەی بێ بەخشەرن، تێچووەکەیان دەگاتە ٩٥ملیۆن دینار.
وەزیری تەندروستی جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی داهاتووی حکومەت، بەردەستکردنی ئەم خزمەتگوزارییە دەگمەنەیە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان. ڕایگەیاند: “سەنتەری چاندنی موخی ئێسک لە دهۆک تەواو بووە و بڕیارە ئەمساڵ بخرێتە گەڕ، بەوەش پێویستیی ناردنی نەخۆش بۆ دەرەوە نامێنێت.” هەروەها ئاماژەی بە نەخۆشخانەی نوێی شێرپەنجە کرد کە بەردی بناغەکەی لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە دانراوە و بەشێکی تایبەت دەبێت بە چاندنی موخی ئێسک.
سەبارەت بەوەی تا ئێستە چەند کەس سوودمەند بوون، دکتۆر سامان بەرزنجی ئامارەكە دەخاتە ڕوو ودەڵێت: “لە کۆی ١٤٠ نەخۆش، زیاتر لە ٦٠ کەسیان لە پێنج کاروانی جیاوازدا ڕەوانەی دەرەوە کراون. کاروانەکانی تریش لە قۆناغی ئامادەکاریدان و پڕۆژەکە بە گشتی ماوەی دوو ساڵ دەخایەنێت.”
جێی باسە، لە کابینەی نۆیەمدا کەرتی تەندروستی وەک یەکێک لە کارە لەپێشینەکان هەژمار کراوە و لەو چوارچێوەیەدا دەیان نەخۆشخانە و سەنتەری نوێ لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی کوردستان بەبێ جیاوازی دروست کراون و خراونەتە خزمەت هاووڵاتیانەوە.