رۆژنامەی ھەولێر

فەرهاد ئەترووشی: ئەنفال دڕندانەترین ئەو تاوانانەن کە دژی خەڵکی کوردستان ئەنجامی دراون

فەرهاد ئەمین ئەترووشی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، یادی تاوانەکانی ئەنفالی کردەوە کە لە ساڵی 1988دا بە هەشت قۆناغ دژی گەلی کورد ئەنجامدرا. ئەو شاڵاوانە ناوچەکانی گەرمیان (کەلار، چەمچەماڵ، سەنگاو، کفری، قادرکەرەم، دووز، بێباز، تیلەکۆ و لەیلان) و ناوچەکانی بادینانی لە پارێزگای دهۆک گرتەوە، کە تێیدا سەدان گوند وێرانکران و هەزاران هاووڵاتی ڕووبەڕووی کوشتن، ڕاگواستن و جینۆساید بوونەوە.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: “شاڵاوەکانی ئەنفال یەکێکن لە هەرە تاوانە قێزەونەکانی ڕژێمی پێشوو بەرامبەر خەڵکی سڤیلی بێتاوان. لە کاتێکدا یادی ئەم کارەساتە مێژووییە بەئازارە دەکەینەوە، داوا لە حکوومەتی فیدراڵی دەکەین دادپەروەریی کۆمەڵایەتی جێبەجێ بکات لە ڕێگەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان، چەسپاندنی ئازادییەکان و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ.”

ئەترووشی جەختیشی لە گرنگیی پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەموو پێکهاتەکان و پابەندبوون بە دەستوور کردەوە و داوای کرد ڕێز لە هاوسەنگی و هاوبەشیی ڕاستەقینە و تەبایی نیشتمانی بگیرێت بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە سەرتاسەری وڵاتدا.