ئەمرۆ سێشەممە 2026.4.14، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئامادەبوونی نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی و ئاری كاكەشین، بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی هەولێر، كۆبوونەوەیەكی فراوان لەگەڵ ئەنجومەنی بەنزینخانەكان ئەنجامدرا.
لەكۆبوونەوەكەدا، پارێزگاری هەولێر وێڕای دەستخۆشی لە تیمەكانی قائیمقامیەتی ناوەندی و بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكان بۆ ڕێكخستن و ڕێگریكردن لە سەرپێچی و زێدەڕۆییەكان، ڕایگەیاند: “بەهۆی ئەو هەوڵانەوە توانراوە كۆنتڕۆڵی كۆالێتی بەنزین بۆ ئاستێكی زۆر باش بكرێت”.
جەختیشی لە نەهێڵانی سەرپێچی و زێدەڕۆییەكانی بەنزینخانەكان كردەوە و ئاماژەی بەوەدا، لە سنووری پارێزگای هەولێر بەهەموو شێوەیەك فرۆشتنی بەنزین بە جلیكان و لەناو ئۆتۆمبێلەكان و لەسەر شەقامەكان ڕێگەپێدراو نییە. هۆشداریشیدا كە هەر لایەن و كەسێك بەبێ مۆڵەت و بە هەر شێوەیەك بەنزین بفرۆشێت، ڕێكاری یاسایی توندی لە بەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
هەروەها پارێزگاری هەولێر ، تیشكی خستە سەر ڕؤڵی بەڕیوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی هەولێر و ئەنجوومەنی بەنزینخانەكان، لە نەهێڵانی ئەو گرفت و كێشانەی، كە لە ئاكامی ئەو بارودۆخە نەخوارزاوی ناوچەكە دووچاری هاوڵاتییان هاتبوو، توانرا بە هاوكاری و هەماهەنگی هەموو لایەنەكان بە باشترین شێوەی ئیدارەی ئەو بارودۆخە بدرێت و بازاڕی سووتەمەنی تاڕادەیەك كۆنتڕۆڵبكرێت.
لەكۆتاییدا، سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی ناوبراو، سوپاسی پارێزگاری هەولێریان كرد بۆ ڕەخساندنی دیداری لەو شێوەیە و پاڵپشتی بەردەوامی پارێزگایان بۆ ڕاپەڕاندن و ڕاییكردنی ئەرك و كارەكانیان بەرز نرخاند.

