مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
ڕۆمینیگە پێش یارییەكەیان لەگەڵ ریاڵ مەدرید، هۆشداری بە بایرن میونشن دەدات
هەرچەندە هاندەرانی یانەی بایرن میونشن دڵخۆشن بەو ئەنجامەی لە یاریی چوون بەرانبەر ریاڵ مەدرید بەدەستیان هێناوە، كە لە نێو یاریگەی خۆیان و لە چارەكی كۆتایی چامپیۆنس لیگ 2-1 لە ریاڵ مەدریدیان بردەوە، بەڵام كارڵ هانز رۆمینیگە، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرپەرشتیاری یانەكە و ئەفسانەی كارگێڕیی یانەكە، هۆشداریی بە یانەكە دەدا و پێش یارییە یەكلاكەرەوەكەی سبەی چوارشەممە، لە گەشبینیی یانەكەی كەم كردەوە.
لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ سەكۆی دازنی ئەڵمانی، رۆمینیگە نیگەرانی و دوودڵیی خۆی لەسەر ئەو پشێوییە دەربڕی كە مێدیا بۆ یانەكەی دروستی كردووە، ئەو پێی وایە تەركیز و دیقەتخستنە سەر یارییەكە بە تەنیا، دەبێتە هۆی دەربازبوون لە یارییەكە بە ئەنجامێكی باش.
رۆمینیگە لەو روووەوە وتی: نابێ ڕێگە بدەین كە شەپۆلێكی زیادڕەوی جۆشوخرۆش هەبێ، ئێستە هەست بەو هەرایە دەكەم و بە ڕاشكاوی بڵێم من حەزم بەوە نییە.
رۆمینیگە پێداگر بوو لەوەی پێویستە لە رووبەرووبوونەوەی ریاڵ مەدرید، لە رووی تەكنیكییەوە ڕێ و بە پلان یاری بكەن و لە رووی زەینییشەوە ورد بن زیاتر لە یاریی ڕابردوو، هۆشداریی لەوە دا مێژووی نزیكی ڕابردوو، پەندی گەورەی بۆ یانەی باڤاری تێدا بووە.
رۆمینیگۆ بۆ پشتیوانیی بیروبۆچوونەكەی، سیناریۆی نیوەی كۆتایی ساڵی 2014ی وەبیر هێنایەوە، ئەوە كاتەی بایرن میونشن بە گەشبینییەكی زۆرەوە چووە یاریی گەڕانەوە، سەرەڕای ئەوەی یاریی چوونی بە گۆڵێك دۆڕاندبوو، بۆیە یارییەكە بە كارەسات بۆ باڤاری و شكستی گەورە 0-4 گۆڵ كۆتایی هات.
لە یاریی چووندا میونشن بە دوو گۆڵی هاری كین و لویس دیاز بەرانبەر گۆڵێكی ئمباپێ سەركەوتنی تۆمار كرد و چاوی لەوەیە لە نێو سانتیاگۆش سەركەوتنەكە دووبارە بكاتەوە.
لە بارەی سەختیی چامپیۆنس لیگ، رۆمینیگە، دەلێ: بردنەوە لە چامپیۆنس لیگ بەم شێوازە بەڕێوەچوونەی ئێستە و لەگەڵ ئەو ئاستە چڕ و بەكوالێتییە، زۆر سەختترە لە هەر كاتێكی ڕابردوو.
گەر باڤاری سەركەوتن بە دەست بهێنێ، لە نیوەی كۆتایی لەگەڵ براوەی یاریی نێوان لیڤەرپوول و پاریس سان جێرمان یاری دەكات. لە كاتێكد یانە پاریسییەكە یاریی چوونی بە 2-0 بردووەتەوە، بەڵام یاریگەی ئەنفێڵد لە هەفتەی داهاتوودا، ناسنامەی یانەی گەیشتوو بە چوارگۆشەی زێڕین یەكلا دەكاتەوە.
پزیشکێكی سعوودی، قسەکانی ئینزاگی ڕەت دەکاتەوە و دەڵێ تۆ خەتاباری
سیمیۆنی ئینزاگی، راهێنەری یانەی هیلالی سعوودی، ڕووبەڕووی هێرشی توندی یەكێك لە پزیشكانی پسپۆڕی پێكانی یاریزانان بووەوە، دوای لێدوانەكانی ئەم دواییەی لەبارەی پێكانەكانەوە.
یانەی هیلالی سعوودی، بە دەست زنجیرەیەك پێكانی بەهێزەوە دەناڵێنێ، كە بە درێژایی وەرزەكە ئەستێرەكانی یانەكە پێوەی گیرۆدە بوونە، ئەوەیش بووە هۆی ڕەخنەگرتن لە شێوازی ئینزاگی.
ئینزاگی رایگەیاند: هەموو پێكانەكان بە هۆی بەركەوتنەوە بوونە، نەك بە هۆی هەوڵ و ماندووبوونی جەستەیی وەكوو هەندێ كەس دەڵێن.
بەڵام پزیشكێكی سعوودی بە ناوی ڕاكان ئەلوابل، پسپۆڕی پێكانی یاریزانان، لە بەرنامەی مونتەسیفدا رایگەیاند: یانەی هیلال بە دەست چەند پێكانێكی بەكۆمەڵی ماسوولكەیی یاریزانانەوە دەناڵێنێ، ئەوەیش بە هۆی بەركەوتنەوە نییە وەكوو راهێنەر باسی كردووە.
وتیشی: هۆكاری پێكانەكان بۆ ئەو شێوازەی ئینزاگی دەگەڕێتەوە كە پەیڕەوی دەكا، ئەویش جێبەجێكردنی پلانی فشاری بەرزە و پێویستە ئینزاگی سەرنج بخاتە سەر یەك پاڵەوانیەتی و بە شێوەیەكی زیرەكانە مامەڵە لەگەڵ دۆخی جەستەیی یاریزاناندا بكات.
دەشڵێ: شێوازی ئینزاگی، بووەتە هۆی لەدەستدانی چەند پاڵەوانیەتییەك، نەك تەنیا یەك پاڵەوانیەتی، بۆیە پێویستە بە زیرەكی لەگەڵ دۆخەكەدا مامەڵە بكات.
لیڤەرپوول و چێڵسی لەسەر بەهرەدارێكی فەرەنسی ڕكەبەرییانە
بەهرەدارێکی فەڕەنسی، دەبێتە خاڵی ڕکەبەریی چاوەڕێکراوی نێوان چەند یانەی بەناوبانگی و لە سەروویانەوە هەردوو یانەی لیڤەرپوول و چێڵسیی ئینگلیزییە.
یاریزان جۆنیۆر کرۆپی، هێرشبەری یانەی پۆرنمۆسی ئینگلیزی، یەکێکەو لەو یاریزانانەی ئاستی زۆر بەرەو هەڵکشان چووە، ئەم وەرزە ئاستێکی ناوازەی پێشکەش کردووە و دواجاریش گۆڵی یەکلاکەرەوەی بەرانبەر ئارسناڵ تۆمار کرد و ژمارەی گۆڵەکانی گەیاندە 10 گۆڵ لە خولی ئینگلیزی.
ئەو یاریزانە فەڕەنسییە تەمەنی ١٩ ساڵانە و سەرکەوتوو بوو لەوەی بە زوویی خۆی بسەلمێنێ دوای ئەوەی لە هاوینی ڕابردوودا چووە یانەی پۆنسمۆسی ئینگلیزی، ئێستە بەربژێرە بۆ ئەوەی ببێتە گرێبەستێکی دیکەی گەورەی یانەکە، کە بەم دواییە چەندان یاریزانی ئاستباڵای، ڕیزەکانی یانەکەی جێ هێشت.
سعوودیە بۆ جێگرتنەوەی ڕێنارد دانوستان لەگەڵ 5 راهێنەر دەکات
هێشتا مشتومڕ لەسەر چارەنووسی راهێنەری فەڕەنسیی هەڵبژاردەی سعوودیە هێرڤی ڕینارد دەکرێ، لە کاتێکدا تەنیا دوو مانگ بۆ دەستپێکردنی یارییەکانی مۆندیالی 2026 ماوە.
رۆژنامەی شەرقولئەوسەت بە پێی پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی، ڕایگەیاندووە کە ڕێژەی دوورخستنەوەی ڕێنارد بۆ ٣٠% بەرز بووەتەوە، لە نێو یەکێتیی تۆپی پێی سعوودیە، تاوتوێی ئەو بڕیارە دەکەن بە وردی، بۆ ئەوەی سەرجەم لێکەوتە و باشی و خراپییەکانی لێک بدرێتەوە ئینجا بڕیاری کۆتایی بدرێ. هەرچەندە کاتیش زۆر کەم بووە و تەنیا ٦٠ ڕۆژ بەڕێوەچوونی یارییەکانی مۆندیالی ٢٠٢٦ ماوە، کە لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا بەڕێوە دەچێ.
رۆژنامەکە جارێکی دیکە ڕاپۆرتێکی نوێی لەسەر داهاتووی ڕێنارد بڵاو کردەوە، دووپاتی کردەوە بەپێی سەرچاوەی متمانەپێکراوی، یەکێتیی تۆپی پێی سعوودیە ناوی پێنج ڕاهێنەری دەستنیشان کردووە بۆ ئەوەی دانوستانیان لەگەڵدا بکات تا دواجار یەکێکیان ببنە راهێنەری سعوودیە و شوێنی هێرڤی ڕێناردی فەڕەنسی بگرێتەوە، لەو بارەی کە راهێنەرە فەڕەنسییەکە دوور بخەنەوە.
هەمان سەرچاوە باسی لەوە کردووە، کە ئەو لیستە ٥ کەسییە، سێ راهێنەر لەوانە ئێستە لە ئەرکدا و راهێنەرن لە خولی سعوودیە، لەگەڵ دوانیان لە دەرەوەی سعوودیە و پێشتر ئەزموونیان لەسەر تۆپی پێی سعوودیە نەبووە. بەڵام یەکێتیی تۆپی پێی سعوودیە تاوتوێی هەموویان دەکات و بڕیاری کۆتایی دەدات.
سەرچاوەکان ڕەتیان کردەوە، کە هەفتەی رابردوو کۆبوونەوە لەگەڵ راهێنەران کرابێ، یەکێکیان دۆنیسی یۆنانی بێ، کە راهێنەری یانەی خەلیجە، پێداگر بوو لەسەر ئەوەی یەکێتیی تۆپی پێی سعوودیە، بە دۆسیەی چەند راهێنەرێکدا دەچیتەوە کە لە لیستەکەدان.
لە هەمان چوارچێوەدا، هێشتا هەڵسەنگاندنی دەستەی ئێستەی هونەریی هەڵبژاردەکە بە سەرۆکایەتیی ڕێنارد لە ژێر هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەی تەواودایە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کە ڕەنگە ١٠ ڕۆژ بخایەنێ، بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدەن کە ئایا دەمێنێتەوە یان راهێنەری نوێ و تیمی نوێ دەستنیشان دەکەن.
بە هۆی ئەنجامە خراپەکانی هەڵبژاردەی سعوودیە لە یارییە دۆستانە و ئامادەکارییەکان بۆ مۆندیالی ٢٠٢٦، فشار کەوتە سەرڕێناردی راهێنەر، بە تایبەت کە ئاستی هونەریی یاریزانان و هەڵبژاردەکەیش بە گشتی خراپ بوو، ئەوەیش چارەنووسی ڕێناردی خستە بارێكی نادیارەوە.
بەشێكی مێدیاكارانی سعوودیە و ڕەخنەگرانی ئەو وڵاتە، هەڵمەتێكی فراوانی ڕەخنەگرتنیان دژی ڕینارد دەست پێ كردووە، تۆمەتباری دەكەن بەوەی توانای جێگیریی ئاستی هونەریی سعوودیەی نییە و نكارێ بژاردەیەكی دروستی هەبێ لە تێكهەڵكێشیی نێوان یاریزانە نوێ و دێرینەكانی سعوودیەدا، ئەوەیش ڕەنگدانەوەی نەبوونی گونجاوییە لە نێو یانەكەدا، دژی ئەو دیدگەیە تەكتیكییەیە كە لەو راهێنەرە چاوەڕێ دەكرا.
پێشتر رۆژنامەی وەئامی سعوودیە، باسی لەوە کرد ڕەنگە سیمیۆنی ئینزاگی، بەڕێوەبەری هونەریی یانەی هیلال، بژاردەیەكی دیار بێ بۆ سەركردایەتیی سعوودیە لە ماوەكانی داهاتوودا.

