شیڤان شێرزاد – هەولێر
دوای وچانێک لە چالاکیە هونەرییەکانی بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێری سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، کە هەفتانە بەهەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەولێر لە ڕۆژانی چوارشەممەدا فیلمە کوردی و بیانییەکان بەخۆڕایی نمایش دەکرێتەوە.
“شاخەوان مستەفا” بەڕێوەبەری هونەری سینەمای هەولێر لە ئاخاوتنێکیدا بۆ “هەولێر” ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە ماوەیەک بەرهەمە سینەماییەکان و چالاکییەکانیان لە وەرزی زستانەدا بەهۆی خراپی بارودۆخ و هاتنە پێشەوەی جەنگێکی قورسی نێوان ٢ وڵات و کاریگەریی لەسەر کوردستان وەستاندبوو، ئەمەش بەهۆی سەلامەتی و ڕەچاوکردنی دۆخی هەرێم بوو، ئێستاش بەشێوەیەکی فەرمی ڕایدەگەیەنێت جارێکیتر دەست بە پڕۆژە و چالاکییە هونەرییەکانیان دەکەنەوە، کە بڕیارە وەک سەرەتایەک لە دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانیان فیلمی سینەمایی “سیمای خۆڵەمێش”، کە لە سیناریۆ و دەرهێنانی دەرهێنەری کورد “شاخەوان ئیدریس” و نواندنی هەریەک لە هونەرمەندان “ناسڕ حەسەن و ئەنوەر شێخانی و محەمەد شێروانی و هێرۆ حەسەن زادە و گۆڤار ئەنوەر و تەحسین بولبول” و ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندانی کورد ڕۆڵیان تێدا بینیووە لە کاتژمێر ٦ـی ئێوارە لە ئێمپایەر سینەمای هەولێر نمایش بکرێت.
ئەو فیلمە چیرۆك و ناوەڕۆكەكەی باس لە پێكەوەژیانی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان دەكات لە هەرێمی كوردستان لە سەردەمی بەعس و لەكاتی شەڕی نێوان عێراق و ئێراندا.
دەشڵێت: كاستی ئەو فیلمە پێكهاتووە لە كوردانی ڕۆژهەڵات و كوردانی باشوور، چیرۆكی فیلمەكە باس لە ساڵانی هەشتای سەدەی ڕابردوو دەكات، كە بەهۆی تەرمێكەوە دەبێتە هۆی كێشە لە نێوان دابڕانی ئاشقی كچ و كورێك و كێشە لە نێوان دوو ئاین دروست دەبێت، لەو بەرهەمەدا محەمەد شێروانی رۆڵی سالاری هەیە، كە دەكاتە نەوەی عەبدولڕەحمان، كە ئەكتەر و دەرهێنەری
بەشداربوو ناسر حەسەنە و لە بەرەی موسڵمانەكانین، ساوێن، كە هێرۆ ڕۆڵەكەی دەبینێ و بەرجەستەی دەكات ئاشقی یەكتر دەبن لە ڕۆڵەكەدا و كێشە لە نێوانیان دروست دەبێت لەكاتی هاوسەرگیری، لەكاتێكدا كاتێک سەرقاڵی هاوسەرگیرین، تەرمێك دێتەوە، كە ئامۆزای سالارە، بۆیە هاوسەرگیرییەكە دوا دەخرێت تا كێشەكە چارەسەر دەكرێ، دواتر كێشەی زۆرتر ڕوو دەدات تا هاوسەرگیرییەكە لە نێوانیاندا دوا دەكەوێت، لەنێوان ئەو كێشانەدا ژوانێكیان دەبێت لەگەڵ ساوێن تا قسەی لەگەڵدا بكات لەبارەی ئەو كێشەیەوە، لەوێوە بەرەو رۆمانسیەت دەچن، لە كۆتادا تەرمەكە بەرەو ئاراستەیەكی نادیار هەنگاو دەنێ و سالار و ساوێن بۆیەك دەبن، بەڵام دوای هێنانی سالار دەبێت بڕوات بۆ شاخ و ببێت بە پێشمەرگە بۆ ئەوەی وەك ئەو تەرمە نەكوژرێت.
شایەنی باسە ئەو فیلمە بەشداری چەندان فێستیڤاڵی سینەمایی جیهانی كردووە وەك فێستیڤاڵی بووسانی سینەمایی و تۆكیۆ و تریسوور لە هیندستان و كازانی سینەمایی، كە لەوێ خەڵاتی باشترین سیناریۆی بەدەست هێنا.

