ڕائیب جادر – هەولێر
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری دا بە نوێکردنەوەی زانیاریی دەنگدەران و زیادکردنی سێ تەمەنی نوێ بۆ نێو سیستمی تۆمارکردنی بایۆمەتری. گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت، لە عێراق لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٨ ژمارەیان زیاتر لە یەک ملیۆن کەسە و زیاتر لە ١٠٠ ھەزاریش لە ھەرێمی کوردستانن.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد: ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر نوێکردنەوەی داتابەیسی دەنگدەران و زیادکردنی ناوی لەدایکبووانی ساڵانی (٢٠٠٨، ٢٠٠٩ و ٢٠١٠) بۆ نێو سیستمی تۆمارکردنی بایۆمەتری.
سەبارەت بە میکانیزمی کۆکردنەوەی زانیارییەکان، گوتەبێژی کۆمیسیۆن، ئاماژەی بەوە کرد، زانیاریی و ناوی ئەم تەمەنانە لە بەڕێوەبەرایەتیی فۆرمی خۆراکی سەر بە وەزارەتی بازرگانیی عێراق وەرگیراوە، ئەوەش بە مەبەستی ڕێکخستنی پرۆسەی تۆمارکردنیان لە سیستمی بایۆمەتریدا.
جومانە غەلای، گوتیشی: ٢٠ـی ئەم مانگە پرۆسەی تۆمارکردنی بایۆمەتری بۆ لەدایکبووانی ساڵی ٢٠٠٨ دەستپێدەکات، چونکە لە ساڵی ٢٠٢٦دا تەمەنیان دەگاتە ١٨ ساڵ کە ئیدی مافی دەنگدانیان دەبێت. ژمارەی ئەو گەنجانەش لەسەر ئاستی عێراق زیاتر لە یەک ملیۆن کەسە.
پەیوەست بە ھەرێمی کوردستان، گوتەبێژی کۆمیسیۆن، ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو گەنجانەی لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٨ن و مافی تۆمارکردنی ناویان ھەیە، زیاتر لە ١٠٠ ھەزار کەسن و ئەوان دەتوانن سەردانی ناوەندەکانی تۆمارکردن بکەن، بۆ ئەوەی زانیارییە بایۆمەترییەکانیان تۆمار بکەن.
جومانە غەلای، جەختی لەوە کردەوە، ھاوتەریب لەگەڵ ئەم ھەنگاوەدا داتای ئامێرەکانی ھەڵبژاردن نوێ دەکرێتەوە و دوای تەواوبوونی قۆناخی تۆمارکردن، کارتی بایۆمەتریی دەنگدان بۆ ئەو دەنگدەرە نوێیانە چاپ دەکرێت.

