رۆژنامەی ھەولێر

شاندێکی حکوومەت پیرۆزبایی سەرۆکی حکوومەتیان گەیاندە مەترانی سریان ئەرتۆدۆکس و جەختیان لە قووڵکردنەوەی پێکەوەژیان کردەوە

بە مەبەستی گەیاندنی پیرۆزبایی جەژن، شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە د.پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە سەنتەری قەزایی عەنکاوا سەردانی “مەتران نیقۆدیمۆس داود مەتی شەرەف” سەرۆکی ئیبارشیەی کوردستان و موسڵی سریان ئەرتادۆکسیان کرد.

لە دیدارەکەدا، پیرۆزبایی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان بەبۆنەی “جەژنی گەورە” گەیاندە مەتران و خوشک و برایانی کریستیان و تەئکیدیان لەوەکردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شانازی و بایەخێکی گەورەوە دەڕوانێتە کلتووری پێکەوەژیانی ئاینی و نەتەوەیی لە هەرێمدا و بەردەوام دەبێت لە پاراستنی ئەم سەقامگیرییە.
لەلایەن خۆیانەوە، مەتران نیقۆدیمۆس و ئامادەبووان، وێڕای دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ پەیامی سەرۆکی حکوومەت، ستایشی ئەو ئارامی، ئاوەدانی و ئازادییە ئاینییەیان کرد کە لە هەرێمی کوردستاندا بەرجەستە بووە و ئاماژەیان بەوەشکرد، مێژووی پێکەوەژیان لە کوردستاندا نموونەیەکی جوان و دەگمەنە لەسەر ئاستی جیهان و جێگەی شانازی هەموو پێکهاتەکانە.