بەیاننامەی شەست و نۆیەمین ساڵیادی یەکێتی قوتابیانی کوردستان

بە بۆنەی 18ـی شوبات، 69ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی (یەکێتی قوتابیانی کوردستان) و ڕۆژی قوتابیانی كوردستان

سڵاوی زانست و خەبات….
69 ساڵ پێش ئێستا، لە کۆنگرەی سێیەمی (پارتی دیموکراتی کوردستان) و لەسەر ڕاسپاردەی ڕابەری نەتەوەییمان (بارزانی نەمر)، دروست لە 18ـی شوباتی 1953، (یەکێتی قوتابیانی کوردستان) دامەزرا.
ئەو دەمە کە هێشتا ئاسۆ ڕوون نەبوو، کە هێشتا شۆڕشی چەکداری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان سەرتاسەری نەبوو، دامەزراندنی یەکێتییەکی قوتابیانە، لە سەرتاسەری کوردستان کارێکی فرە گرنگ بوو. بۆ ئەو دەمە دامەزراندنی وەها یەکێتییەک مژدەی ئاسۆیەکی ڕوون و ئومێد و گڕوتینێکی گەورە بوو.
یەکێتی قوتابیانی کوردستان، پیشەییانە لە کۆڕی خوێندن و زانستخوازیی و پەروەردەدا بێوچان خەباتی کرد و نیشتمانییانە و بێلایەنانە بۆ هەموو قوتابیانی کوردستان تێدەکۆشا و بەرگری لە مافی نیشتمانیی و نەتەوەیی و ئینسانی دەکردن.

قوتابیانی خۆشەویست….
یەکێتی قوتابیانی کوردستان هاوشانی کاروانی کاری پیشەییانە و ڕێکخراوانەی خۆی، بە درێژایی 69 ساڵەی تەمەنی، بەردەوام لەگەڵ ناڕەحەتیی و خەم و ناسۆرەکانی گەلەکەیدا بووە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، (ی.ق.ک) یەکێتییەکی کوردستانییانەیە و نیشتمان لە هەر قۆناغ و بوارێکدا پێویستی هەبووبێت، یەکێتییەکەمان قوربانیداوە و سڵی لە مەرگ و مردن نەکردووەتەوە. شەهیدانی ڕێی ڕزگاریی یەکێتییەکەمانیش زیندووترین نمونەی گیانفیدایی نیشتمانی لەدڵا شیرینن، کە کوردستانی ڕەنگینە.

قوتابیانی سەرەڕم….
یەکێتی قوتابیانی کوردستان داکۆکیکار و پشتیوانی ماف و داخوازییە ڕەوایەکانتانە، بۆ ئەمەش بەردەوام لە هەوڵدا بووە. گەڕانەوەی پاڵپشتی دارایی بۆ قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگەکانی کوردستان بە هەوڵی بێچەند و چوونی یەکێتییەکەمان و ئێوەی ئازیز بووە. لێرەوە بە پێویستی دەزانین سوپاسێکی زۆری بەڕێز سەرۆکی حکومەت و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکەین، بۆ ئەوەی بە دەم داواکانمان هات و کێشەی قوتابیانیان لە ماوەیەکی کەمدا چارەسەر کرد.

قوتابیانی هێژا….
یەکێتی قوتابیانی کوردستان وەکو ڕابردوو و بۆ هەمیشە، پێداگرە لەسەر ریفۆرم و چاکسازی لە پرۆسەی خوێندن و پەروەردە و فێرکردندا. چونکە بە چاکسازیی و گۆڕانکاری بەردەوام لە پرۆسەی پەروەردە و خوێندندا، ئاستی قوتابیان پێشدەکەوێ و ناوەندە زانستییەکانی ئێمەش لە پێشکەوتنە هاوچەرخەکانی ئێستا دانابڕێن. بۆ ئەمەش چەندین جار پێشنیار و یاداشتت و پەیاممان ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە و بەردەوام لە گفتوگۆ داین لەگەڵیان.

قوتابیانی ئازیز….
لە کۆتاییدا بە بۆنەی 69ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی دایک؛ یەکێتی قوتابیانی کوردستان و ڕۆژی قوتابیانی کوردستان، بەناوی سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی قوتابیانی کوردستان پیرۆزبایی لە تەواوی کادیر و ئەندامانی یەکێتییەکەمان و سەرجەم قوتابیانی کوردستان دەکەین.
سەری رێز و نەوازش دادەنەوێنین بۆ شەھیدانی سەربەرزی کوردستان و شەھیدانی یەکێتییەکەمان و شەھید (فەرەنسۆ ھەریری)، کە لە ڕۆژی قوتابیان تیرۆرکرا.

لەم یادەدا سڵاو لە رۆحی رابەریی نەتەوەییمان (بارزانی نەمر) و کاکە ئیدریسی ھەمیشە لە یاد…

یەکێتی قوتابیانی کوردستان
مەکتەبی سکرتاریەت
17ـی شوباتی 2022

ھەواڵی زیاتر