رۆژنامەی ھەولێر

ملیار دۆلارەكانی كەنداو دەچێتە ئیستانبۆڵ؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

هێرشی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، زیانێكی گەورەی داوە لە دوبەی؛ جیا لەوەی چەندین باڵەخانە بەر پەلاماری مووشەكەكانی ئێران كەوتووە، ملیادێرەكانیش بەشێك لە پارەكانی خۆیان گواستووەتەوە بۆ شوێنێكی تر. لە توركیا دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەتەوە، ملیار دۆلارەكانی سەرمایەداران لە دوبەی دەگوازرێتەوە بۆ ئیستانبۆڵ و ئیدی ئەو شارە دەبێتە جێگیرەوەی دوبەی.
بەر لە جەنگ، دوبەی بە سەنتەری بازرگانی جیهانی دادەنرا، ملیۆنێر و ملیادێرەكانی جیهان دەهاتنە ئەو شارە و سەرمایەگوزارییان دەكرد، بەڵام بەهۆی پەلاماری ئێران و تێكچوونی ئاساییشی ناوەخۆی ئەو شارە، سەرمایەدارەكان بەجێی دەهێڵن و بەدوای شوێنی تردا دەگەڕێن.
بەشێكی زۆری شوقە و خانووەكانی دوبەی نرخیان هاتووەتە خوارەوە، بەجۆرێك ١٥٪ لە نرخی پێشووتری هەرزانتر بووە، ئەمەش دوای ئەوەی بیانییەكان شوقە و خانووەكانی خۆیان بۆ فرۆشتن داناوە.
هەروەها سێكتەری گەشتیاری زیانێكی گەورەی بەركەوتووە، بەگوێرەی راپۆرتێكی ئاژانسی (DW)ی توركی، نرخی هۆتێل لە دوبەی زیاتر لە ٥٠٪ دابەزیوە و هێشتاش هەر چۆڵە، تەنانەت مۆڵە گەورە و گرانبەهاكانی ئەو شارەش داخراوە و كەس سەردانی ناكات، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی دوبەی ملیارات دۆلار زیانی بەر بكەوێت.
لەناو میدیای توركیا و ئابووریناسانی توركیا بابەتێك بووەتە جێی باسوخواس، ئەوەیش هاتنی ئەو هەموو ملیار دۆلارەیە لە دوبەیەوە بۆ توركیا و بەتایبەت ئیستانبۆڵ، ئەوان دەڵێن رەنگە توركیا ببێتە جێگیرەوەی دوبەی بۆ ملیادێرەكان.
بەشێك لە بانكە پەرەپێدانەكانی ئەورووپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، بەهۆی ئەوەی لەژێرخانی ئابووریی دوبەی دراوە، رەنگە توركیا ببێتە جێگیرەوەی دوبەی و بەشێكی ئەو پارە زەبەلاحە بێتە توركیا.
بەڵام بەشێكی تر لە شرۆڤەكارانی سیاسی بەشێوەیەكی تر بیر دەكەنەوە، ئەوان پێیانوایە هەرگیز توركیا نابێتە جێگیرەوەی دوبەی، چونكە لە توركیادا ئاساییشی ناوەخۆی بەهۆی چارەسەرنەكردنی پرسی كورد و ئەو گرژییەی لەناو پارتە ناوەخۆیەكاندا هەیە باش نییە، بۆیە سەرمایەدار پارە دەباتە شوێنێك ئارام بێت و گرژی و شەڕی تێدا نەبێت.
پێشتریش چەند ئابووریناسێك باسیان لەوە كردووە، سەرمایەدارە بیانییەكانی توركیا ئەو وڵاتە بەجێ دەهێڵن، چونكە سیستەمی سیاسی لەو وڵاتە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و دەسەڵات لە دەسەتی یەك كەسدا كۆ بووەتەوە، ئەمەش وای كردووە دادگاكان بێلایەن نەبن و هەروەها فشارێكی زۆریش لەسەر پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان هەیە و ئەمانە وا دەكەن ئاسایشی ناوەخۆیی بەرەو خراپی بڕوات، بۆیە سەرمایەدارە بیانییەكان پارەكانیان دەگوازنەوە بۆ یۆنان.
باسكردن لەوەی توركیا دەبێتە جێگیرەوەی دوبەی جیدییە و تەنانەت ئابووریناسە بەناوبانگەكانیش باس لەو بابەتە دەكەن، بەڵام تاوەكوو ئێستا هیچ یەكێك لەو ملیادێرانەی دوبەیان بەجێ هێشتوە پارەكانیان نەهێناوەتە توركیا.