یاسین قادر بەرزنجی
مەرگی ئازیزانمان زۆر بینیوە و بۆ ئەوان، غەم باڵای ساتەکانی ڕۆژگارمانیان گرتووەتەوە، دەشێ زۆر جار بەپێی سروشتی مرۆڤ دوای ماوەیەک لەبیرمان کردبێتن .
بەڵام بۆ لەدەستدانی هەندێ خۆشەویست بەخوڕ فرمێسک لە چاومان باریوە و مەرگی ئەوان ئاگریان لە دڵ و دەروونمان بەرداوە و ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەو بڵێسەی ئەو ئاگرە هەر کڵپە دەستێنێت .
کاک ئەحمەد ئابڵاخی یەکێکە لەوان و تەنیا مەرگ لەبیرمی دەباتەوە .
لەسەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا یەکمان ناسی و لەگەڵ تێپەڕینی ڕۆژگاردا بووینە هاوڕێی گیانیبەگیانی و ئاشنا و ڕۆشنای هەمیشەیی یەکتر .
کاک ئەحمەد کەسێکی ڕوناکبیر و پێشکەوتنخواز و ژیانپەروەر بوو، خاوەن قەڵەمێکی بەبڕشت و پڕ لە هەست و خاوەن بەرپرسیاری بوو، وەک نووسەر و وەرگێڕ و توێژەر لە زۆر بواردا بەرهەمی نەخشاند، ئەمە وێرای نووسینی شیعری جوان .
ئابڵاخی یەکێک بوو لە نووسەر و وەرگێڕ و رەخنەگرە تواناکانی بواری شانۆ و پێم وایە لە کاروانی بزاڤی شانۆییماندا هەمیشە ناو و بەرهەمەکانی بە درەوشاوەیی دەمێننەوە .
ئەو خاوەنی چەند تێکستێکی شانۆیی نووسراو و وەرگێڕدراوە، بە زانیاریی من یەکەمین کەسە کە دەستی بردووە بۆ شانۆی بێهودە بەرهەمی ئەلبێر کامۆی کردووەتە کوردی .
کاک ئەحمەدی دۆستی هەمیشەیی شانۆ چەندین وتاری ڕەخنەیی لەسەر نمایشە شانۆییەکان نووسیوە و لەو بوارەدا ناوێکی سەنگین بوو .
هەرچۆن لە بواری ڕۆژنامەنووسیشدا خاوەن سەلیقە و دەستڕەنگین بوو؛ گەواهیی ئەوەش گۆڤارە ناوازەکەی (ڕۆژی سلێمانی) بوو کە خۆی سەرنووسەری بوو، لەگەڵ کارکردنی لە ڕۆژنامەی (هەرێمی کوردستان)دا لەگەڵ بەندە و چەند هاوکارێکی وەک ئەندامی دەستەی نووسران.
جگە لە هەموو ئەوانە، کاک ئەحمەد بەپێی لێزانین و پسپۆڕیی خۆی، لە کاری ڕۆژانەی و بەرپرسیارێتیدا کەسێکی هەڵکەوتوو خاوەن ئەزموونی دەوڵەمەند بوو، هەر لە ساڵانی فەرمانبەرێتیی لە کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار تا کارکردنی لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و دوا وێستگەی کار و برپرسیارێتی چەندین ساڵی لە کۆمپانیای ئاسیاسێڵ.یادگاری هاوڕێیەتی و کەسایەتی ئەم برا بەخشندە و خێرخوازە لای من هەرگیز لە وتن نایەن و چەندی دەربارە بڵێم هەر کەمە .
یادت بەخێر ئابڵاخی گیان، یادی زمانە شیرینەکەت و زەردەخەنەی سەرلێوانت، یادی هەموو ئەو ڕۆژگارە بەخێر کە پێکەوە خەم و شادییەکی ژیانمان دابەش دەکرد، هەمیشە لای من زیندوویت ئابڵاخی برام، گیانی گیانانم .

