دوای ڕاگەیاندنی ئاگر بەست و کەمبوونەوەی مەترسییەکانی جەنگی ئێران و ئەمریکا، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند؛ کۆمپانیای دانا غاز لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەستی بە بەرهەمهێنانی غاز کردووەتەوە.
سەرچاوەکە لە وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان، روونیشی کردەوە، بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە قۆناخ بە قۆناخ بەرز دەبێتەوە و بەمەش پێدانی کارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتییان زیاد دەبێت.
هاوکات، وەزارەتی کارەبا، لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند؛ دوای ئەوەی بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە، کێشەیەکی تەکنیکی گەورە لە تۆڕی کارەبای نیشتمانی دروستبوو، کە بووە هۆی کوژاندنەوەی گشتی (Blackout). هەرچەندە تیمە تەکنیکییەکان توانییان لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا کێشەکە چارەسەر بکەن، بەڵام دواتر گرفتێکی دیکەی تەکنیکی لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر هاتە پێش، کە بەهۆیەوە بەشێک لە بەرهەمهێنانی گاز وەستا و کاریگەری نەرێنی لەسەر بڕی کارەبای نیشتمانی دروستکرد.
هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا تا ئاستێکی زۆر پشت بە گازی سروشتی کێڵگەی کۆرمۆر دەبەستێت، چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ هیچ کێشەیەک لە دابینکردنی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا نەمێنێت و پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان بە تەواوەتی جێگیر ببێتەوە.

