رۆژنامەی ھەولێر

هۆشدارییەکی پزیشکی: هەرگیز بە دەستی خۆت گوێیەکانت پاک مەکەرەوە

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

 

زۆرێک لە هاووڵاتیان وا ڕاهاتوون بە شێوەیەکی خۆیی و بە بەکارهێنانی ئامرازی جۆراوجۆر “مۆمی گوێ” پاک بکەنەوە، بەڵام توێژینەوە نوێیەکان و ڕێنماییە نێودەوڵەتییەکان پێچەوانەی ئەمە دەسەلمێنن و هۆشداری توند دەدەن لە دەستکاریکردنی ژوورەوەی گوێ.

سوودە سەرسوڕهێنەرەکانی مۆمی گوێ
بەپێی توێژینەوەیەکی ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ نەخۆشییەکانی قوڕگ و لووت و گوێ، ئەو ماددەیەی کە بە “مۆمی گوێ” ناسراوە، نەک هەر پیسی نییە، بەڵکو پارێزەرێکی سروشتی و سەرەکیی گوێیە. پزیشکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم ماددەیە ئەم سوودانەی خوارەوەی هەیە:
• بەرگری: وەک قەڵغانێک کاردەکات دژی میکرۆب، تەنی نامۆ و کەڕوو.
• چەورکردن: ڕێگری دەکات لە وشکداگەڕان و کزانەوەی پێستی ناوپۆشی گوێ.
• پاراستن: مۆم دژەئاوە و لێ ناگەڕێ كەناڵی گوێ تەڕ ببێت.

کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟
پاککردنەوەی گوێ تەنها لە یەک حاڵەتدا ڕێگەپێدراوە، ئەویش کاتێکە کە کۆبوونەوەی ئەو ماددەیە ببێتە هۆی کپبوون و گیرانی گوێ. لەم کاتەدا، نابێت بە هیچ شێوەیەک کەسی نەخۆش خۆی دەستکاری بکات، بەڵکو دەبێت لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە چارەسەر بکرێت.
پزیشکان ڕوونی دەکەنەوە کە زۆرجار پێش شۆردنەوە، قەترەی تایبەت بۆ نەرمکردنەوەی مۆمەکە بەکاردێت. شۆردنەوەی گوێ تەکنیکێکی زانستی وردی هەیە؛ چونکە هەر هەڵەیەک لەم پرۆسەیەدا مەترسیی دڕانی پەردەی گوێ، هەوکردنی توند و سەرگێژخواردنی بەردەوامی لێ دەکەوێتەوە. بۆیە ئێستا بەکارهێنانی ئامێری تایبەتی هەڵمژین (Suction) لەلایەن پزیشکەوە بە باشترین ڕێگە دادەنرێت.
کەی گوێشۆردن مەترسیدارە؟
پزیشکان جەخت دەکەنەوە کە لەم ١٠ حاڵەتەی خوارەوەدا، بە هیچ شێوەیەک نابێت گوێ بشۆردرێت یان دەستکاری بکرێت:
1. ئەگەر گوێ چڵک (هەو)ی قورسی کردووە.
2. ئەگەر پەردەی گوێ دڕاوە یان کونی تێ کەوتووە.
3. مێژووی هەوکردنی گوێی ناوەڕاست لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا.
4. ئەگەر گوێ، تەڕایی یان ئاوێکی لینجی تێدایە.
5. ئەگەر لە ئەزموونی پێشووی شۆردندا نەخۆشەکە تووشی ئازار و سەرگێژخواردن بووبێت.
6. کاتگک تەنها یەک گوێی نەخۆشەکە بە باشی ببیستێت و ئەو گوێیەش مۆمی تێدا بێت.
7. ئەنجامدانی هەر جۆرە نەشتەرگەرییەک لە گوێدا.
8. ئەگەر گوێ تەنی نامۆی تێ کەوتبێت، شۆردن لەوانەیە کێشەکە زیاتر بکات؛ بۆ نموونە، دانەوێڵە بە ئاو دەئاوسێت و، لەوانەیە پەردەی گوێ هەڵدڕێنێت.
9. منداڵی بزۆز و ناهاوکار، کەڵکی شۆردنی نیە، ئاخر لەوانەیە لەپڕ خۆی بجووڵێنێت و، پەردەی گوێی بدڕێت.
10. ئەگەر گوێ کەڕووی هەڵهێنابێت، شۆردن خراپتری دەکا؛ ئاو دەبێتە هۆی گەشەکردنی زیاتری کەڕووەکە.