رۆژنامەی ھەولێر

نەخۆشیی ئۆتیزم هۆکارەکان و ڕاستییە زانستییەکان

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

 

ئۆتیزم یەکێکە لەو نەخۆشییە دەمارەییانەی کە کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر گەشەی منداڵان هەیە. ئەم حاڵەتە دەکرێت کاریگەری لەسەر چۆنیەتی کارلێککردن، پەیوەندیکردن، فێربوون و ڕەفتاری مرۆڤ هەبێت، زۆرجار نیشانەکانی لە قۆناغی سەرەتایی منداڵیدا دەردەکەون.

هەرچەندە تا ئێستا زانست هۆکارێکی تایبەتی دیاریکراوی بۆ تووشبوون بە ئۆتیزم نەدۆزیوەتەوە، بەڵام توێژینەوە زانستییەکان ئاماژە بە کۆمەڵێک هۆکاری جیاواز دەکەن کە لەگەڵ یەکدا دەبنە هۆی دروستبوونی ئەم حاڵەتە.
د. کارزان عەبدوڵڵا محەمەد، پسپۆڕی منداڵان و تازەلەدایکبووان، گرنگترین ئەو هۆکارانە دەخاتە ڕوو کە توێژینەوەکان لە سەر نەخۆشییەكە خستویانەتە ڕوو.

بنەما بۆماوەییەکان و ژینگەی دەوروبەر
بەپێی ڕای پسپۆڕان، بۆماوەیی ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت، بەجۆرێک گۆڕانکاری لە هەندێک چیندا دەبێتە هۆی گۆڕینی شێوازی گەشەی مێشک. ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەر خێزانێک منداڵێکی ئۆتیزمیان هەبێت، ئەگەری توشبوونی منداڵی دووەمیان زیاترە.
لە لایەکی ترەوە، هۆکارە ژینگەییەکان لە کاتی دووگیانیدا بەشدارن لە زیادکردنی مەترسییەکان، لەوانە:
• بەرزی تەمەنی دایک و باوک لە کاتی منداڵبووندا.
• توشبوونی دایک بە هەندێک ڤایرۆس یان هەوکردنی توند.
• بەرکەوتنی ماددەی کیمیایی یان بەکارهێنانی هەندێک دەرمانی دیاریکراو لە کاتی سکپڕیدا.

گەشەی کۆرپەلە و هۆکارە بایۆلۆژییەکان
د. کارزان ئاماژە بەوە دەکات کە زۆرجار ڕەگی ئۆتیزم دەگەڕێتەوە بۆ تێکچوونی پەیوەندی نێوان دەمارە خانەکانی مێشک لە قۆناغە سەرەتاییەکانی گەشەی کۆرپەلەدا. هەروەها ئاماژە بە دوو فاکتەری بایۆلۆژی گرنگ دەکات:
١. لەدایکبوونی پێشوەختە: بەتایبەت ئەو منداڵانەی پێش هەفتەی ٢٦ەم لەدایک دەبن. ٢. کەمی کێش: ئەو منداڵانەی لە کاتی لەدایکبووندا کێشیان زۆر لە ئاستی ئاسایی کەمترە.
ڕاستییەک دەربارەی ڤاکسین
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، جەخت لەسەر زانیارییەکی زۆر گرنگ کراوەتەوە کە زۆرجار دەبێتە جێی نیگەرانی دایکان و باوکان؛ توێژینەوە زانستییە جیهانییەکان بە تەواوی ئەو دەنگۆیانەیان ڕەتکردووەتەوە کە باس لە پەیوەندی نێوان کوتان (ڤاکسین) و ئۆتیزم دەکەن. بەتایبەت ڤاکسینی (MMR) کە لە ڕووی زانستییەوە سەلمێنراوە هیچ پەیوەندییەکی بە دروستبوونی ئەم حاڵەتەوە نییە و ئەو زانیارییانەی پێشتر بڵاوکراونەتەوە بێ بنەمان.