رۆژنامەی ھەولێر

ئەمشەو چامپیۆنزلیگ ساتێكی مێژوویی تێپەڕ دەكات

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

لە یاریی چوونی قۆناغی چارەكی كۆتایی چامپیۆنزلیگ ئەمشەو بارسێلۆنا و ئاتڵێتیكۆ مەدرید لە كامپ نوو بەیەك دەگەن، لە لایەكی دیكەیشەوە لە یاریی لوتكەدا پاریس سانجێرمان و لیڤەرپوول بەرەنگاری یەكتر دەبنەوە و هەردوو یارییەكەش لە كاتژمێر 10:00ـی شەو دەكرێن.

بارسێلۆنا ـ ئاتڵێتیكۆ مەدرید
بارسێلۆنا بۆ ئەم یارییە بەهۆی پێكانەوە 5 یاریزانی لەدەست داوە كە پێكهاتوون لە (مارك بێرناڵ، رافینیا، فرانكی دی یۆنگ، تۆرێنتس و كریستنسن. لە بەرامبەردا ئاتڵێتیكۆ مەدرید بۆ ئەم یارییە تەنیا لە تواناكانی 3 یاریزان بێبەشە (پاپڵۆ باریوس، جونی كاردوسۆ و خۆزێ خیمینێز).
بارسێلۆنا و ئاڵێتیكۆ مەدرید لە دوایین 5 یاری، یانە كەتەلۆنییەكە 4 بردنەوەی تۆمار كردووە و لە یارییەكیشدا ئاتڵێتیكۆ براوە بووە و هیچ یارییەكیش بە یەكسانبوون كۆتایی نەهاتووە.
لە دوایین یاری لە لالیگا 3 رۆژ لەمەوبەر بارسێلۆنا لە یاریگەی میترۆپۆلیتانۆ بە 2 گۆڵ بەرامبەر گۆڵێك سەركەوتنی تۆمار كرد و ئەم یارییە بۆ دیێگۆ سیمیۆنی و كوڕەكانی یاریی تۆڵەكردنەوەیە.

پاریس سانجێرمان ـ لیڤەرپوول
پاریس سانجێرمان بە راهێنەرایەتی لویز ئێنریكی هەڵگری نازناوی چامپیۆنزلیگی وەرزی رابردووە، رووبەڕووی لیڤەرپوول دەبێتەوە، یانە ئینگلیزییەكە بۆ ئەم یارییە بەشێك لە چەكە كاریگەرەكانی لەدەستداوە.
ئارنی سلۆت، راهێنەری لیڤەرپوول ئەگەر ئەم وەرزە بەدەستی بەتاڵ ماڵئاوایی بكات بە رێژەی 100% لە پۆستەكەی دووردەخرێتەوە و چابی ئالۆنسۆ نزیكترین كەسە بۆ شوێنگرەوەی.
لیڤەرپوول بۆ ئەم یارییە 5 یاریزانی لەدەست داوە كە پێكهاتوون لە (ئالیسۆن بەیكر، كونور برادلی، جیۆڤانی لیۆنی، ستێفان بایتیچ و واتارۆ ئیندۆ).
لە بەرامبەردا پاریس سانجێرمان 3 یاریزانی لەدەستداوە بریتین لە (فابیان رۆیز، برادالی باركۆلا و نجانتۆ).
ئەم دوو یانەیە لە دوایین چوار رووبەڕبوونەوەیان هەریەكەیان دوو سەركەوتنی بەدەستهێناوە. دوایینجار لە یاریگەی ئەفیڵد لیڤەرپوول 3 ـ 2 شكستی بە پاریس سانجێرمان هێنا.